لە گەردەلولەکەى بەغدا چ دێوێک دێتە دەرەوە؟

مێژوى گۆڕانکارى لە کوردستانى عێراق (هەرێمى کوردستان) هەمیشە پەیوەست بوە بە گۆڕانکارى لە بەغدا.

لە مێژوى کۆن و نوێى عێراقدا هەمیشە ئەم کارلێکە لە نێوان بەغدا و کوردستاندا دوبارە بوەتەوە.

لەگەڵ هەر شۆڕش و کۆدەتایەک، پاشان هەر دروستبونەوەیەک، کوردستانى عێراقیش کەوتۆتە بەردەم هەلومەرجێکى تازە.

جەوهەرى ئەم کارلێکە ئەوەیە، هەرکاتێک عێراق لاواز بوە کوردستان هەلى هەنگاوێک چونە پێشەوەى هاتوەتە بەردەم، بەڵام کاتێک بەغدا بەهێزبوەتەوە، لەبەرامبەردا کوردستان چەندین هەنگاو هاتوەتە دواوە.

گرتنى کوەیت لەلایەن سەدام حسێن و پاشان لێدانى سوپاکەى لەلایەن ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانیەوە، هەلێکى زێڕینى مێژویی خستە بەردەستى باشورى کوردستان تا راپەرین بکات و دام و دەزگاکانى حکومەتى ناوەندى لەشار و شارۆچکەکانى کوردستان دەربکات.

پاشان بەکەمێک خۆ کۆکردنەوەى حکومەتى ناوەندى دوبارە سوپاى عێراق گەڕایەوە و ئەوەبو کۆڕەوى ملیۆنى رویدا، ئەگەر ئەو کۆڕەوە نەبوایە، پێدەچو گەڕانەوەى سەدام بۆ باشورى کوردستان ببێت بە دیفاکتۆ.

بەڵام رەوى ملیۆنى و زیرەکى کورد لە مامەڵەکردن لەگەڵ هەلومەرجە هەرێمایەتى و نێودەوڵەیتەکەى عێراق، جارێکى تر سەدامى دورخستەوە، لە رێگەى دانانى هێڵى (36 و37) و سەپاندنى ناوچەى دژە فڕین.

پاشان هەرێمى کوردستان نەبو بە قەوارەیەکى دانپێدانراو و کوردیش نەیتوانى بچێتەوە کەرکوک، هەتاوەکو ئەوکاتەى رژێمى سەددام بەتەواوى لە (2003) کۆتایی پێهات.

ئەمە هەلێکى دیکەى خستەوە بەردەستى کورد، تا قەوارەى فیدراڵى هەرێمى کوردستان بە فەرمى بناسێنێت، لەوکاتەوە بۆ ئێستە کورد لە باشورى کوردستان خاوەنى قەوارەى دانپێدانراوى خۆیەتى.

پاشان لە (2017) کە کورد ویستى بە ریفراندۆمێک لە بەغدا جیابێتەوە، ئەوەبو هەوڵەکە لەوکاتەدا شکستى هێنا، چونکە هەوڵێک بو، لە دەرەوەى هەلومەرجى عێراق.

واتە دۆخى سیاسى و نێودەوڵەتى عێراق بەشێوەیەک نەبو کە کورد لە هەرێم بتوانێت سودى لێببینێت، بەڵکو بەپێچەوانەوە بەهۆى شەڕى داعشەوە بەغدا لە هەمو پشتیوانیەکى نێودەوڵەتى بەهرەمەند بو، بۆیە ریسەکەى کورد لە لایەن بەغداوە بە ئاسانى کرایەوە بە خورى.
ئیستاش کە لەبەغدا گەردەلولێکى سیاسى دروستبوە، کەس نازانێ ئاکامى ئەم گەردەلولە بە چى دەبێت، ئایا دەسەڵاتى نوخبەى حاکم لە بەغدا لەبن هەڵدەتەکێنێت و دەسەڵاتێکى دیکە دەچەسپێنێت، یاخود جارێکى تر ئەم دەسەڵاتەى ئێستا دەکەوێتەوە سەرپێى خۆى و کۆتایی بەهەمو شت دێنێت.

لەنێوان ئەم دو ئەگەرەدا بەغدا بەهەر لایەکدا بکەوێت ئەوا، بەغداى دواى گەردەلول بەغدایەکى دیکە دەبێت و مامەڵەیەکى دیکە و نوێ لەگەڵ هەرێم دەکات، هەرێمیش دەبێت ئامادەى مامەڵەیەکى نوێ بێت.

واتە بەهەموشێوەیەک دەبێت هەرێمى کوردستان ئامادەى ئەو دێوە بێت کە لە گەردەلولەکەى بەغداوە دێتە دەرەوە، بەڵکو تا ئەو کاتە دەبێت هەرێمیش "دێو"ى خۆى ئامادە بکات. ئایا هەرێم دەتوانێت ئەمە بکات؟

خاڵى جێى گەشبینى لێرەدا ئەوەیە کە بەغدا لە هەردو حاڵەتەکەدا بەغدایەکى لاواز دەبێت، بەڵام ئەمە بە ماناى ئەوە نایەت ئەو بەغدایە ململانێ لەگەڵ کورد دەستپێ ناکاتەوە.

791 جار خوێندراوەتەوە