دانیشتیوانەکەی خەڵکانی راگوێزراوی دەشتی هەولێر و قەراج و
کەندێناوەن،بەهۆی حەوانەوە و داڵدەدانی پێشمەرگە لەساڵی ١٩٨٨ دەست بەسەر
ماڵەکانیاندا گیرا و خانوەکانیان روخێندران و رژێمی بەعس رایگواستن بۆ ئەو
ناوچەیە .
بەو پێیەی باب و باپیرانمان لەم ناوچەیەدا ژیاون و خۆشم
زیاتر لە یانزدە ساڵ لە ئامادەیی شەمامک و دواتریش ناوەندییەکانی ناحیە و
گوندەکانی مامۆستا بویم و رۆژانە لەگەڵ کێشە و گرفتەکانیان ئاشنا
بویم،دەتوانم بڵێم فەرامۆشترین گەڕەک لەهەموو کوردستان،بێ نازترین و
دڵشکاوترین گەنج لەهەموو عێراق،برسیترین مناڵ لەهەموو هەولێر،بەدبەخترین ژن
لەگوێی زەوی،لەم ناوچەیە دەژین، ناشیرینترین و ناخۆشترین خانو و دیزاین
لەهەموو جیهان لێرەدا دەبینرێت !
زیاتر لە ١٠ کارگەی گەچ و کاشی و
کەسارەی بەرپرسان ڕێک دەکەوێتە ناو ماڵەکان و گوندەکانی مامزاوە و قەتەوی و
سەرکارێز،هێندە تۆز و خٶل هەڵدەمژن لە ٩٩% خەڵکی ناوچەکە و قوتابیان کێشەی
گورچیلەیان هەیە(یان رملیان هەیە یان بەرد) وەکو دکتۆرەکانی بنکەی
تەندورستیەکە لە راپۆرتی خۆیان بۆ قوتابیەکانمان ئاگاداریان دەکردینەوە
هۆکاری ئەمە بۆ هەڵمژینی تۆز و خۆڵی کارگەکان دەگەڕێتەوە.
بۆئەوەی
خەزێنەی چەند بەرپرسێک ئەستوورتر بێت،با پەنجا هەزار کەس بمرێت و تووشی
نەخۆشی دریژخایەن ببێت،ئەوە کەی کێشەی ئیدارەی شارە ..؟!
کارگەیەکی
گەورەی ئاسن و شیش رێک لەنێو گوندی (گردمحمد)ی سەر بە ناحیەی شەمامک
دامەزێندراوە، لەکاتی کارکردندا دوکەڵەکەی هێندە چڕە لە پێنج مەتر چاو
نابینێت،بەهۆی دوکەڵەکەیەوە قەمیسی سپی قوتابیەکان هەمیشە مۆر دەردەکەوت !
پاشماوەی ئاوی پیسی نیوەی زیاتری هەولێر بەناو ئەو ناوچەیەدا دەڕوات،بەبێ
هیچ مەجاری و سەرپۆشێک (بە کەندە پیسی هەولێر ناسراوە)،ئەمە سەرەڕای
بڵاوبوونەوەی دەیان نەخۆشی بەهۆی ئەو ئاوەوە و کۆبوونەوەی مێش و مەگەز و
زیندەوەری زیانبەخش،ساڵانە چەندین قوربانی دڵتەزێنی وەکو خنکانی ( شێروان
هۆشیار و سەرکار مازن)ی لێدەکەوێتەوە .
لەکۆی زیاتر(١٥٠٠٠)هەزار
خێزانی نیشتەجێ بووی ناوچەکە،تەنها بنکەیەکی تەندورستی هەیە و سەرەتاترین
پێداویستی پزیشکی تێدانیە،بیرمان نایەت تەنها بۆ یەک رۆژ قوتابیەکمان
ناردبێتە ئەو بنکەیە چارەسەری وەرگرتبێت !
بنکەی پۆلیس لە چەقی
گەڕەکانی مامزاوە و نازماوە و مزا ئەحمەد و گردمحمد و سەرکارێز نیە، بەڵام
لەم لاوە دوو ناوچە و هەشت رێکخراو و چوار کۆمیتە هەیە، دووکەڵ و تۆز و
خۆڵی کارگەکان زوو زوو رەنگی ئالای سەر بارەگاکانیان دەگۆرێت !
بارەگایەکی گەورەی ئاسایش هەیە و زیاتر لە کۆی فەرمانبەری دەزگا
خزمەتگوزارییەکانی ناوچەکە کارمەندییان هەیە، رۆژانە چالاکانە هەڵدەسوڕین
بۆ ترسان و تۆقاندنی خەڵکەکەی و کۆکردنەوەی زانیاری تەنانەت قوتابیە
نارازییەکانیشمان لەم پەلاماردانە بێ بەش نەدەبوون و خۆمان شاهێدی دەیان
حاڵەتی پەلاماردانی قوتابیەکانمان بووین .
نەبوونی ئاوی خواردنەوە،
یەکێکە لە گرفتەکانی ئەو ناوچەیە بەتایبەت لە وەرزی هاوین هەموو ساڵێک
دووبارە دەبێتەوە،بەهۆی پیسی ژینگەکەی و نەبوونی ئاوی پێویست نەخۆشی پێست
یەکێکە لە نەخۆشیە بڵاوەکانە .
ماوەتەوە بڵێین،دانیشتیوانی ئەو ناوچەیە
نمونەیەکن لە پاکی و دڵسۆزی و راستگۆیی و کۆڵنەدان، بەدەگمەنیش خێزانێک
نادۆزیتەوە قوربانی گەورەی گیانی و مالی لەپێناوی ئازادی نەدابێت لەدەستی
رژێمی بەعس، کەچی ئێستا ئەوە ژیان و گوزەرانیانە و دەستە بژێرێکیش لەوپەڕی
نازو نیعمەتدا دەژین و مناڵ و نەوەکانیان دەستاین بەهەموو پێشکەوتنەکانی
سەردەم دەگات و قاچیان هەر رۆژێک لە وڵاتێکە بۆ گەشتوگوزار .
1172 جار خوێندراوەتەوە