هەڵبژاردنەكانی (11)ی
نۆڤمبەری (2025) بۆ خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق، بە مۆدێلی دیموكراسی شیعی (دیزاینی
ئێرانی)، بەسەركەوتنی شیعە (چوارچێوەی هەماهەنگی بە 187 كورسی) بە بردنەوەی (گروپی
مقاومە -ولائی بە 74 كورسی) و بە پەراوێزخستنی بەرهەڵستكاری ماڵی
شیعی، موقتەدا سەدر، بە سوپرایزی هەڵبژاردن (لیستی صادقون-عەسائیبی ئەهلی حەق-غەزعەلی
بە 27 كورسی) كۆتایهات.
محەمەد سودانی لیستی
(ئاوەدانكردنەوە و گەشەپێدان) لەگەڵ هاوپەیمانەكانی (فراتین، عقد وطن-فالح فیاض،
الوطنیە-ئەیاد عەلاوی، ئەحمەد ئەسەدی بە 46 كورسی) یەكەمی لیستەكان بوو، چاوی لەوە
بوو، كە بۆ خولی دووەم بكرێتەوە سەرەك وەزیران، بەڵام كەمترین چانسی هەیە و لە باشترین
حاڵەتدا (30) كورسی لەپاڵدا دەمێنێتەوە، بەهۆی نیگەرانی ئێران، ململانێی لەگەڵ
مالیكی...
ڕاستە ناوبراو براوەی یەكەمە،
بەڵام كوالیسۆنی پێكهاتوو وەكو گەورەترین فڕاكسیۆن، سودانی نابێت، بێ ئەویش ماڵی
شیعی (120) كورسی بەدەستەوەیە و لە یەكەم دانیشتنی پەرلەماندا خۆیان ڕادەگەیەنن (مالیكی
غەزعەلی، حەسم، عامری، عێدانی، مەندەلاوی، فەیاز...) گەر سودانی بە ئەجێندای ئەوان
ڕازی نەبێت، دەیكەنە دەرەوەی یاریەكە، وەكو چۆن ساڵی (2010) ئەوەیان بەرامبەر
لیستی (الوطنیە)ی ئەیاد عەلاوی كرد.
فاكت و بەڵگەی دروست بۆ
پڕۆسەی دیزانكراوی سەركەوتووی شیعی بە دەست و پەنجەی ئێرانی ئاوایە:
یەكەم؛ دروستكردنی
لیستی هاوپەیمانی شیعی (میانڕەو-ولائی): ئەم تاكتیكە هاوكاتە لەگەڵ فشاری ئەمەریكا دژی هێزەكانی مقاوەمە و ولائییەكان،
بەڵام تێكەڵكردنی گروپی بەناو میانڕەوەكان و مقاوەمە لە بابەتی (فالح فەیاز لەگەڵ
سودانی، كەتیبەكانی ئیمام عەلی لەگەڵ محسن مەندەلاوی، كەتیبەكانی سەید شوهەدا
لەگەڵ مالیكی، حيزبوڵڵا و ئەنساروڵڵا...).
سەركەوتنێكی تاكتیكی، سیاسی
و سەربازیشە بە بەدەستهێنانی (74) كورسی لەژێر ناوی لیستی جۆراوجۆری بەناو مەدەنی
(دولە قانون، ئەساس، حقوق، خدمات) تەنانەت (هاوپەیمانی پرسی ئێزدییەكان). بردنەوەی
كورسی زۆر لەكاتێكدایە چاوەڕوان دەكرا ئەم گروپانە بكەونە ژێر هێرشی ئیسرائیل و
ئەمەریكاوە و كۆتاییان پێ بێت.
دووەم؛ دیزاین، سوپرایزی
لیستی (صادقون-غەزعەلی)؛
بەهێزترین باڵی چەكداری مقاوەمە بەتەنها و بە دەستهێنانی (27) كورسی، بۆ نیشاندان
و درەخستنی وەكو هێزی یەكەم و داهاتووی شیعەی وەلائی ڕكابەری مالیكی، نیشاندانی
وەكو بەدیل و ئەڵتەرناتیڤی (سەدر و موقتەدا) لە داهاتوودا.
گەر ئەوەش بزانین؛ غەزعەلی
لە سەدر جیابۆتەوە، پێگەی جەماوەری، مەزهەبی، جوگرافیان یەكە و هەردوولایان
(محەمەد سادق سەدر) بە مەرجەعی خۆیان دەزانن، هەربۆیە غەزعەلی دەڵێ؛ سەرەك
وەزیرانی (2029) ئێمە دایدەنێین.
لەناو ئەم ئەجێندا
دیزاینكراوە (صادقونی-غەزعەلی) سوپرایزی هەڵبژاردنەكانی (2025) لە (1-5-9)
كورسیەوە بۆ (27) كورسی، بەوەش دەردەكەوێت كە دیزاینەكە چەندە ئامانجی خۆی پێكاوە.
سێهەم: دیزاینكردنی
لیستی هاوپەیمانی (شیعی و سوننی) لەناوچە سونییەكان وەكو (تحالف سەحەدین، تحالف
دیالە اولا، حدباء، جگە لە هاوپەیمانەكانی كەركوك و موسڵ...).
چوارەم؛ پاشەكشەكردنی
گەورە بە گروپەكانی شەقام و ئۆپۆزسیۆنی (تحالف بەدیل، تشرینیەكان، ئیمتیداد، تحالف
مەدەنی دیموكراسی) بەپێچەوانەوە زیادكردنی هەژموونی گروپی بچوك بچوكی شیعی.
لایەنی دووەم و سێهەم؛ وەكو
دوو پێكهاتەی سەرەكی عێراق (سووننە و كورد)ن لەم هەڵبژاردنەدا.
لایەنی دووەم سووننەكان، كە
بە لیستی (تقدم، عزم، سیادە و حەسم) بەشداربوون، جگە لە سیادە، ئەوانی تر چەند لەقەتەر،
توركیا و سعودیە نزیكن، هێندەش لە ئێران نزیكن.
حەلبووسی وەكو براوەی یەكەمی
سوننەكان بە (27) كورسی، پاش ئاشبوونەوەی لەگەڵ ئێران و شیعەكان بەدوای دەركردنی لە
سەرۆكی پەرلەمان لە خولی پێشوودا، زۆرباش لەم هەڵبژاردنەدا یاریكرد و نەیهێشت بە
دەردی (تاریق هاشمی) بچێت.
ئەوەش لە دەرئەنجامی هەڵەی
هاوپەیمانی خولی پێشوو (سەدر، بارزانی، حەلبووسی) لە (2021) بۆیە لیستی (سیادە و
خەنجەر) كە زۆرتر دۆستی توركیایە و خەتەر بوو لەبەرامبەر (عزم و حسم) پاشەكشەیان
كرد، بەوشێوەیە لەناو ئەم دیزاینەدا سوننەكان نزیكەی (77) كورسی وەردەگرن، كە جیا
لە هەموو ڕەهەندە سیاسی، ئیتنی و مەزهەبییەكان، لەپێشوو نزیكترن لە ئێران و
شیعەكان.
ئەوەش كە داوای پۆستی
سەرۆككۆمار دەكەن، جگە لە كارتی فشار هیچی تر نییە، حەلبووسی دەچێتەوە سەر هەمان
كورسی سەرۆكایەتی پەرلەمانی عێراق بە تێگەیشتن لە هەڵەكانی خولی پێشووی، بەنزیكبوونەوەی
لە شیعە و ئیحتیواكردنی نەیارە سونییەكانی.
لایەنی سێهەم،
كورد؛
بە (58) كورسی بێ كۆتا،
بوونە سێهەم براوەی هەڵبژاردنەكان و حاڵی ململانێی و ناكۆكییەكانیان لە سوننە
خراپترە و بەهەمان شێوە لەنێوان شیعە و سوننە، ئێران و توركیا یاری دەكەن، لەناوچە
جێناكۆكەكان لە (19 بوونە 13 كورسی)- لە كەركوكیش ئێستا (كورد)، (عەرەب و توركمان)
كەمترە، ئەمەش بەشێكی دیزاینەكەیە.
كورد ئێستا و پێش ئەم
هەڵبژاردنەش كێشە و گرفتیان زۆر بوو، ئێستاش زۆرتر بوە، پێدەچێت پێكهاتنی پەرلەمان
و حكومەتی هەرێم بخرێتە دوای بەغداوە، ڕەنگدانەوەی ڕاستەوخۆی دەبێت لەسەر پۆستی
سەرۆككۆمار و پڕۆسەی سیاسی لە عێراقدا.
گەر وەكو دوو خولی پێشوو،
پارتی لەبەرامبەر یەكێتی كاندیدی هەبێت، ڕەنگە قەیرانەكان قوڵتر بكاتەوە، یەكێتی پێداگری
زۆرتر بكات لە پۆست لەهەرێمی كوردستان، هەرچەندە باس لە كاركردنی پەرلەمانی
كوردستان دەكرێت لەلایەن پارتییەوە پێش عێراق، تەنانەت بێ یەكێتی-یش. بەڵام ئەوە
كارێكی زەحمەتە و قەیرانەكان قوڵتر دەكاتەوە.
خاڵی گرنگی پڕۆسەی
هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق (پێكهاتنی حكومەتە) كە باس لە (ئەسعەد عێدانی، قاسم
ئەعرەجی، حەمید شەتری، نەعیم عبودی، محەمەد مەیاحی، عبدالئەمیر شمری، عەبدولحسین
عەتبان) دەكرێت. بەڵام بێ ماڵی شیعی، نە حكومەت پێكدێت، نە سەركەوتوو دەبێت، ئەمەش
باشترین دەستكەوتی تارانە لە دوای ڕووداوەكانی (7)ی ئۆكتۆبەرە، كە گەورەترین
پاشەكشەی كردبوو.
245 جار خوێندراوەتەوە