لە
ناوچەیەکی توندوتیژ و ئاڵۆزی وەک ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کە تێیدا ململانێی مێژوویی و
هەنووکەیی نێوان دەوڵەت و نەتەوە بەردەوامە، زۆرجار خەونە سیاسییەکان لەگەڵ ڕاستییە
ڕەقەکانی مێژوو و دەسەڵات ناهاوسەنگییان هەیە،....لەم وتارەدا هەوڵ ئەدەم لە
پێکهاتەی ڕاستەقینەی سیاسەت و مێژووی ناوچەکەوە سەیری ئەم تیۆرییە بکرێت، و ئەوە
ڕوون بکەمەوە کە بۆچی، لە ڕوانگەی مێژوو و ڕەوتێکی سیاسییەوە، ئەم تیۆرییە
هەڵەیەکی ستراتیژییە و وازهێنانێکی مەترسیدارە لە مافی ڕەوای خۆمان، و ئەوەی کە
بەبێ دانپێدانان بە مافی سەربەخۆیی نەتەوەیی و ناسنامەی کورد، هیچ جۆرە
دیموکراسیەک ناتوانێت چارەسەری بنەڕەتی کێشەکانی گەلەکەمان بکات.
قسە
شیرینەکان و ڕاستییە تاڵەکان:
لە
نوێترین پەیامەکانی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ڕێبەری، (پارتی کرێکارانی کوردستان) کە
تایبەت بوو بەو پڕۆسەیەی ئاشتی" لەئێستادا لە نێوان پەکەکە، و دەوڵەتی
تورکیادا بەڕێوەدەچێت. تێیدا بەڕێز ئۆجەلان، دووبارە بانگەشەی ئەو بیرۆکەیە دەکات:
"یەکخستنی نەتەوەکان لەسەر بنەمای کۆمەڵگای دیموکراسی" پێشنیاری ئەوەی
کرد کە "کورد لەگەڵ ئەو دەوڵەتانە خۆیان بگونجێنن کە دەرفەتی پەیوەندیی
کۆمەڵگەی دیموکراسییان پێدەدەن." بەڵام پرسیارە سەرەکییەکە ئەوەیە: کام
سیستەم و کام دەرفەت؟ ئایا دیموکراسی مانای وازهێنان لە ناسنامەی نەتەوەیی دەبێت؟
ئایا دەکرێت بە وازھێنان لە خەون و خەباتی سەد ساڵەی سەربەخۆیی گەلێکی زیاتر لە چل
ملیۆنی، کۆمەڵگەیەکی دیموکراسی فەراهەم بکرێت؟ یان کام لەو دەوڵەتانەی ناوچەکە
دیموکراسیین کە کوردیان بەسەردا دابەشکراوە تا ئەم دەرفەتە پێشکەش بە کورد و
گەلانی تری ناوەخۆیان بکەن ؟
مێژووی
ناوچەکە پڕییەتی لەوەی: دەوڵەتەکانی وەک تورکیا، ئێران، عێراق و سووریا، بە
مەبەستی فراوانخوازی خۆیان یان دەربازبوون لە مەترسی و قەیرانەکانیان، بەشێوەیەکی
تاکتیکی قسەی شیرینیان لەبارەی ئاشتی و دیموکراسی و "پێکەوەژیان" بۆ
کورد کردووە. بەڵام دوای کەمبوونەوەی مەترسییەکان، لەبری پێدانی ماف، هەوڵی
سڕینەوە ناسنامەی کورد داوە و ڕەفتاری ڕەگەزپەرستانەی توند و کۆمەڵکوژیان دژ
بەکورد ئەنجامداوە. لەم واقیعەدا، پێشنیاری ئۆجەلان لەوە دەچێت هەر لەم ڕێڕەوەدا
بڕوات. لەکاتێکدا واقیع پێمان دەڵێت، بەبێ چارەسەری کێشەی خاک و نەتەوەیی کورد،
ئاشتی و دیموکراسی لەگەڵ دەوڵەتە نەتەوە، ڕەگەزپەرست و نادیموکراسیەکانی ناوچەکە
مومکین نیە. بانگەشە بۆ "کۆمەڵگای دیموکراسی" وەک بەدیلێک بۆ دەوڵەتی
نەتەوە، لەو بارودۆخەدا، تەنها کات کوشتن و دواخستنی پرسی کوردە و هیچ ئەنجامێکی
نییە.
ناسنامە
یان خەیاڵ: پێشنیاری بەڕێز ئۆجەلان
بریتییە لە"کۆمەڵگای دیموکراسی"
(Democratic Confederalism)، کە مۆدێلێکی دیموکراسیی بنەڕەتی و ناوەخۆیییە لەسەر بنەمای ئەنجومەن و
یەکێتیی خەڵک، بەبێ پێویستی بە دەوڵەتێکی سەربەخۆ. بەڵام ئەم مۆدێلە لە کۆنتێکستی
ڕاستەقینەی دەوڵەت-نەتەوە توندڕەوەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ڕێگەیەکی ڕاست نیە.
سیستمی ناوچەکە ڕەگ و ڕیشەی لەسەر بنەمای دەوڵەتی نەتەوەییە و ئەمە واقیعێکی
نەگۆڕە. بەتایبەت لەڕووی سیستەمە سیاسیەکانی ئەو وڵاتانەی کوردیان تێدایە. بۆیە
بەدیھێنانی "کۆمەڵگای دیموکراسی" لەو ژینگەیەدا خەونێکی شاعیرانەیە.
وازهێنان لە مافە نەتەوەیییەکان لەبەرامبەر دیموکراسییەکی خەیاڵیدا، نە ڕێگەیەکی
ڕەوایە بۆ چارەسەری پرسی کورد و نە لاساری کردنێکی ڕاستەقینەشە لەگەڵ ڕاستییەکانی
ناوچەکە.
کۆنفیدڕاڵیزمی
دیموکراسی وەک هەڵەیەکی ستراتیژی بۆ کورد: مەترسییە ڕاستەقینەکان...
ئەگەر
لە ڕوانگەیەکی ستراتیژییەوە لێی بڕوانین، ئەم برۆکە یان پێشنیارە هەڵەیەکی گەورەیە
بۆ کورد بەهۆی ئەم هۆکارانە:
١. نەهاوسەنگی لەگەڵ هێزی
دەوڵەتەکانی ناوچەکە: دەوڵەتەکانی ناوچەکە بە هێز و نەریتی دەوڵەتی نەتەوەیی
زلھێزەوە کار دەکەن، نەک بە دیموکراسی. باوەڕکردن بەوەی کە ئەم دەوڵەتانە دەرفەتی
"کۆمەڵگای دیموکراسی" بە کورد ئەدەن، لەلایەن زۆرینەی کوردەوە وەک سادەیی
یان فێڵ سەیر دەکرێت. ئێستا کە تورکیا و ئەو وڵاتانەی کوردستانیان
بەسەردابەشکراوە، لەژێر گۆڕانکاری و ڕووداوەکانی ناوچەکەدا مەترسیان بۆ دروست
بووە، بە دروشم باسی پێەوە ژیان دەکەن" بەڵام مێژوو نیشانیداوە کە ئەو
دەوڵەتانە هەر کاتێک مەترسییەکان بۆیان کەم دەبێتەوە، پابەندبوونیان بە بەڵێن و
دوشمەکانیان لەبارەی مافەکانی کورد نامێنێ و دوبارە هەوڵی لەناوبردنی ناسنامەی
کورد و سیاسەتی کۆمەڵکوژی ئەو گەلە دەدەن.
٢. کۆنفیدڕالیزمی دیموکراتیک
واتە؛ وازهێنان لە باشترین کۆڕەکانی نێودەوڵەتی: لەکاتێکدا سیستمی نێودەوڵەتی
هێشتا لەسەر بنەمای دەوڵەتی نەتەوەیی کار دەکات. دەوڵەتی سەربەخۆ کاریگەرترین و
گرینگترین ئامڕازە بۆ بەدەستهێنان و پاراستنی مافەکانی هەر نەتەوەیەکە لە نێودەوڵەتیدا.
بۆیە وازهێنان لە خەونی دەوڵەت = بە وازهێنان لەم کۆڕە نێودەوڵەتی و ئامڕازە
کاریگەرو بەهێزەی نەتەوەکە، بەبێ ئەوەی جێگرەوەیەکی کاریگەر پێشنیار بکات.
٣. بەرەنگاربوونەوەی ڕاستییە
مێژوویییەکان: خەباتی کوردستان بۆ سەربەخۆیی تەنها خەونێکی ڕۆمانسی نیە، بەڵکو
کاردانەوەیەکی ڕاستەقینەیە بەرامبەر بە کۆمەڵکوژی و ڕەگەزپەرستی. لەم کۆنتێکستەدا،
داوای دەوڵەتێکی سەربەخۆ گەورەترین گەرەنتی پاراستنی بوون و ناسنامەی نەتەوەییە.
٤. کێشەی جێبەجێکردن: لەو
بیرۆکەیەدا، هیچ میکانیزمێکی ڕوون نیە بۆ ئەوەی چۆن ئەم سیستەمە لە ناوچەیەکی
توندوتیژ و پڕ لە ڕکابەری نێودەوڵەتیدا جێبەجێ بکرێت.
٥. تێکدانی یەکێتی و هێزی کوردی:
ئەم پێشنیارە دەبێتە هۆی تێکدانی ئەو ئامانجە یەکگرتووە و ئەو هێزەی کورد
پێکیھێناوە لەسەر بنەمای دەوڵەتی کوردی و خەباتی زۆری بۆ کردووە. کاتێک بەشێک واز
لە ئامانجی سەربەخۆیی دەهێنێت، هێزی کۆکراوەی یەکگرتوویی کورد تێکدەشکێت و دەرفەت
بۆ دەوڵەتە بەرھەڵستکارەکان دروست دەکات تا زیاتر کورد بەکاربهێنن.
فەلسەفە
یان ستراتیژی؟
بە
کۆکردنەوەی هەموو ئەو خاڵانەی کە لەسەریان شیکاریمان کرد، ئەم پرسیارێکی سەرەکیی
دروست ئەبێت: تیۆری کۆنفیدراڵیزمی دیموکراتیک وەک فەلسەفەیەکی سیاسی سەیر بکرێت
یان وەک ستراتیژیەکی ڕاستەقینەی سیاسی بۆ گەلی کورد؟
وەک
فەلسەفە و ئایدیالێک لە ئاستێکی تیۆری و فەلسەفیدا، بیرۆکەی "کۆمەڵگای
دیموکراسی" پرسیارێکی قووڵ و ڕادیکاڵ دەکات سەبارەت بە سروشت و ڕێکخراوی
دەسەڵات. ئەمە پێشنیارێکی سەرنجڕاکێشە بۆ گفتوگۆکردن لە بازنە ئەکادیمییەکاندا،
چونکە بەشێوازی دیموکراسییەکی بنەڕەتی و ناوەخۆیی بێ دەوڵەت، بیرۆکەی دەوڵەتی
نەتەوەیی و ناوەندی ڕەت دەکاتەوە و دەیەوێت لە جێگەیدا سیستمێکی کۆنفیدراڵی
خۆبەڕێوەبەری کۆمەڵگەکان دابمەزرێنێت."
بەڵام،
کاتێک لە پێکهاتەی ڕاستەقینەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە سەیر ئەم تیۆرییە دەکەین، وەک
ستراتیژیەکی سیاسی، هەڵەیەکی گەورە و مەترسیدار دەردەکەوێت. ئەم ستراتیژییە واز لە
بەهێزترین ئامرازی مافەکان، واتە دەوڵەتی سەربەخۆ، لە سیستمی نێودەوڵەتی دەهێنێت،
بەبێ ئەوەی جێگرەوەیەکی کاریگەری پێشکەش بکات. لەجیاتی ئەوە، متمانە و پشتیوانی لە
سیستەمێک دەکات کە مافی سەربەخۆیی تێدا نییە، و پەنا بۆ ناکۆکی و گفتوگۆ دەبات
لەگەڵ ئەو دەوڵەتانەی کە مێژوویان لە کۆمەڵکوژی و ڕەفتاری دوژمنانە دژ بە نەتەوەی
کورد پێک هاتووە. لەڕاستیدا ئەگەر وردتر بینەوە لەسەر ئەو تیۆرییە، پێشنیارەکەی بە
ناڕاستەوخۆیی خودی گەلی کورد دەکاتە پشتیوانی دەوڵەتە چەوسێنەرەکان و ڕەزامەندی
دەردەبڕێت لەگەڵ ڕەفتارەکانیان، کە لەسەر بنەمای باوەڕ و نیەتی نەبینراوی ئەو
دەوڵەتانەوە پێکهاتووە کە مێژوو نیشانیداوە ناتوانرێت متمانەیان پێ بکرێت و
پشتگیریان لێبکرێت.
کەواتە،
لە کاتێکدا دەکرێت وەک بیرۆکەیەکی فەلسەفی سەیر بکرێت، بەدڵنیاییەوە وەک
ستراتیژیەکی سەرەکی بۆ ڕزگاربوونی نەتەوەی کورد، ناتوانێت و نابێت پەسەند بکرێت.
بەو پێیەی ئەمە تەنها دەرفەت بۆ دەوڵەتە بەرھەڵستکارەکان دروست ئەکات تا زیاتر
کورد تێکبشکێنن، و بەردەوام کێشە بۆ کورد بنێنەوە.
کۆتایی و سەرەنجامێک: لەنێوان فەلسەفەیەکی شاعیرانە و
ستراتیژیەکی مەترسیدار
لە
چوارچێوەی ئەو شیکاریانەی لەسەر بنەمای مێژوو و ڕاستییە ڕەقەکانی ڕۆژهەڵاتی
ناوەڕاست باسم کرد، ئەوە ڕوون بووەوە کە تیۆری "کۆمەڵگای دیموکراتیک"ی
عەبدوڵڵا ئۆجەلان وەک ستراتیژیەکی سیاسی، هەڵەیەکی مەترسیدارە بۆ نەتەوەی کورد.
ئەم تیۆرییە لە تێکستێکی فەلسەفیدا خەیاڵی و سەرنجڕاکێش دەردەکەوێت، بەڵام کە لە
ژێر ڕۆشنای ڕاستییە ڕەقەکانی ناوچەکەدا تەماشای دەکەین، دەبینین ناهاوسەنگییەکی
قووڵی لەگەڵ واقیعی دەوڵەت-نەتەوە توندڕەوەکانی ناوچەکەدا هەیە.
متمانەکردن
بەو دەوڵەتانەی کە نەژادپەرستی توندن و مێژوویان لە کۆمەڵکوژی و ڕەگەزپەرستی پێک
هاتووە، وا لەم تیۆرییە دەکات زیاتر وەک
پیلان و فێڵێکی مێژوویی سەیر بکرێت، نەک ڕێچکەیەکی ڕاستەقینە بۆ چارەسەری پرسی
کورد. ئەم بیرۆکەیە تەنها واز لە دەوڵەتی سەربەخۆ ناهێنێت، بەڵکو واز لە بەهێزترین
کۆڕە نێودەوڵەتییەکانیش دەهێنێت بەبێ ئەوەی جێگرەوەیەکی کاریگەر پێشکەش بکات.
بیرۆکە
فەلسەفییەکەی ئۆجەلان دەکرێت بابەتی گفتوگۆی ئەکادیمی بێت، بەڵام پێویستە وەک
ستراتیژیەکی سەرەکی بۆ ڕێبازی نەتەوەی کورد، بە تەواوی ڕەت بکرێتەوە. مافی
دەوڵەتێکی سەربەخۆ، مافێکی سرووشتی و ڕەوایە کە گەلی کورد بۆماوەیەکی درێژە خەباتی
بۆ دەکات ، لەوپێناوەشدا ڕووبارێک لە خوێن و هەزاران شەهید و قوربانی زۆری بۆداوە.
پێویستە ئەم ئامانجە وەک بەهایەکی نەگۆڕ و بنەڕەتی بیپارێزین و ڕێزی لێ بگیرین.
لە
کۆتاییدا، تەنیا دەوڵەتێکی سەربەخۆی کارا و ناسراو دەتوانێت وەک قەڵغانێکی ڕەها بۆ
نەتەوەی کورد بوەستێت و گەرەنتی پاراستنی نەتەوەی کورد بکات، و دەرفەتی قسەکردنی
یەکسان لە ناوچەکەدا بە کورد ببەخشێت. هەرچەندە پێویستە لەڕێی ڕێکخراوە ناوەخۆیی و
دیموکراسییەکانەوە کاربکەین، بەڵام ئەمە هەرگیز نابێت بەشێوەیەک بێت کە واز لە
ئامانجی سەربەخۆیی و دەوڵەت بهێنێت. پێکەوەژیانی ئاشتیانە بیرۆکە و خواستێکی
ڕێکوپێکە، بەڵام پێویستە لەسەر بنەمای هاوسەنگییەکی هێز و دانپێدانان بە مافی
سەربەخۆیی دروست بکرێت، نەک لەسەر بنەمای وازهێنان ناسنامەی نەتەوەییمان و متمانە
بە دوژمنانی ئێستا و مێژوویی.
93 جار خوێندراوەتەوە