سناپ باک: دەروازەیەک بۆ هێرشی ڕاستەوخۆی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆسەر ئێران

سناپ باک: دەروازەیەک بۆ هێرشی ڕاستەوخۆی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆسەر ئێران

ڕەوشتی سیاسی ئێران لە ناوچەکە، کە پشتگیری لە گرووپە توندڕەوەکان و پەرەپێدانی پڕۆگرامی ئەتۆمی تێدایە، وڵاتەکەیانی بردۆتە بەردەم لێدانێکی نێودەوڵەتیی ڕاستەوخۆ. چالاککردنەوەی "سناپ باک" کرانەوەی دەروازیەکە بۆ هێرشی ڕاستەوخۆی ئەمەریکا و ئیسڕائیل، لە کاتێکدا کە جەنگی ١٢ ڕۆژەی ئێران و ئیسرائیل پێشەنگی گۆڕانکارییەکی ستراتیژیی بوو، لە شەڕی پڕۆکسییەوە بۆ کردنەوەی دەروازەی جەنگی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئێراندا. لەم وتارەدا شیکردنەوەی ئەم ھۆکارانە دەکەم کە بەشێکی دەگەڕێتەوە بۆ وەڵامی ئەو پرسیارە سەرەکییە: ئایا جەنگی ڕاستەوخۆ لە نێوان ئەمریکا و ئێران ڕاستییەکی نزیکە، یان خەیاڵێکی دوور؟

پێش ئەوەی باسی کاریگەری و لێکەوتەکانی سناپ باک بکەم، سەرەتا دەمەوێ لەچەند خاڵێکدا ئاماژەیەک بە ڕەوشتی سیاسیی ئێران بکەم وەک بەڵگەیەکی ڕاستەقینە لەسەر ئەو ڕەوشتە سیاسییەی کە ئێران دەیان ساڵە لەناوچەکە پەیڕەوی لێدەکات و بووەتە هۆی مەترسی و زیان بۆ ناوچەکە و خودی ئێران:

. پشتگیری لە توندوتیژی وەک ئامرازێکی ستراتیژی:
 پشتگیری ڕاستەوخۆ و وەکالەتی لەگرووپە تیرۆریستی و توندڕەوەکان" ئێران دەیان ساڵە بە شێوەیەکی ستراتیژی پشتگیری لە حیزبوڵڵای لوبنان، حەماس لە غەزە، حوسییەکان لە یەمەن، و هەندێک لە گرووپەکانی عێراق و ڕژێمی ئەسەد و گرووپەکانی سووریا کردووە. ئەم گرووپانەی سەربە ئێران، نەک تەنیا وڵاتەکانیان لاواز کردووە و دەستێوەردانی ناوخۆیی وڵاتانی ناوچەکەیان ئاسان کردووە، بەڵکو لەهەمانکاتدا بوونەتە هێزێکی پێشبڕکێی سوننی-شیعە کە زۆرجار ناوچەکەی خستووەتە ناو جەنگێکی ئایینی و مەزهەبی و ئاشکرا و نھێنی.

· بڵاوکردنەوەی توندوتیژی و فکری مەزهەبی بەئامانجی سیاسی: دیپلۆماسیی ئێران تەنها دیپلۆماسیی دەوڵەت-بە-دەوڵەت نییە، بەڵکو زیاتر دیپلۆماسیی ئایدیۆلۆژی و بڵاوکردنەوەی نائارامی بووە بۆ وڵاتانی کەنداو، لوبنان، یەمەن، عێراق و سوریا. ئەمە بووەتە هۆی لەناوبردنی سەروەری وڵاتانی ناوچەکە و زیادکردنی پێکدادان.

·ڕەتکردنەوەی ڕاستییەکانی پڕۆگرامی ئەتۆمی:
هەرچەندە ئێران هەمیشە ڕایگەیاندووە" کە پڕۆگرامی ئەتۆمی بۆ ئامانجی ئاشتییە" بەڵام ڕاپۆرتەکانی ئەنجوومەنی نێودەوڵەتی (ئاژانسی پاراستنی وزەی ئەتۆمی (IAEA) و دۆزینەوەکانی ئیسرائیل لەوبارەیەوە نیشانەی ئەوەن کە ئێران چالاکییە ناوەکییەکانی ئاشکرا نین و بە نهێنیی پەرەی پێداوە. ئەم دوورویی و نهێنییەش هۆکاری سەرەکی بووە بۆ دروستبوونی متمانە نەکردنی نێودەوڵەتی بە ڕژێمی ئێران.

. چالاککردنەوەی سناپ باک: ئامانج و لێکەوتەکانی:
ئەگەرچی چالاکردنەوەی سناپ باک وەک: ڕێگەگرتنێکە لەبەردەم خواستێکی مەترسیداری ڕژێمی ئێران، کە ڕۆژئاوای ناچار کرد ئەو بڕیارە بدات، نەک هەوڵێک بۆ تۆڵەسەندنەوە. بەڵام بەشێکیشی پەیوەندی بە فشارەکانی تڕەمپەوەیە بۆ سەر ئەوڕوپا، و ڕکابەرێتی توندی چین و ڕووسیا لەهەمبەر ڕۆژئاوا. هەروەوەها، هەوڵێکە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی توانای سەربازیی ئێران: قەدەغەکردنی گواستنەوەی چەک و ڕێگری لە تەکنەلۆژیای موشەکی بالستیکی و وێرانکارییەکی زیاتری ناوچەکە لەلایەن ئێران. ڕۆژئاوا گەیشتووەتە ئەو بڕوایەی کە ئەگەر ئێران چەکی ئەتۆمی یان پێشکەوتوو بەدەستبهێنێت، دەکرێت هەڵسوکەوتی توندوتیژیی زیاتر پەرە پێبدات لەناوچەکە و جیهان.
. پاراستنی هاوسەنگیی هێزی ناوچە: سناپ باک دەکرێت هاوسەنگی هێزی نێوان ئێران و عەرەبستانی سعوودی و میسر هاوسەنگ بکات، و مەترسی ستراتیژی لەسەر ئیسڕائیل کەمبکاتەوە، بە کۆنتڕۆڵکردنی توانا هێرشبەرییەکانی ئێران.

· فشارکردن بۆ گۆڕینی ڕەوشتی سیاسی: ئامانجەکە ڕزگاربوونە لە کارەساتێکی ستراتیژی: فشارخستنە سەر ڕژێمی ئێران بۆ بەخۆوداچوونەوەی ڕژێمەکە و گۆڕینی ڕەوشتی سیاسی و وەستاندنی پشتگیری لەگرووپە توندڕەوەکان و توندوتیژی، و پەسەندکردنی ڕەوشتێکی ڕاستەقینەی دیپلۆماسی.

. سەرەڕای هەموو ئەمانەش چالاککردنەوەی سناپ باک، ئەگەر و لێکەوتەیەکی مەترسیداریشی هەیە: ئەگەر ئێران بەهاوکاری ڕووسیا و چین، فشار و سزاکانی نێودەوڵەتی تێکبشکێنێت، لەکاتێکدا فشاری نێودەوڵەتی هەمیشە ئەنجامێکی دیاریکراوی نییە. لە بارەی ئێرانەوە، ئەگەری هەیە ئەم فشارە ڕەوشتی سیاسی خراپتر بکات وەک:

· پشتگیری زیاتر لە گرووپە توندڕەوەکان: ئێران دەکرێت پشتگیری لە گرووپە پڕۆکسییەکانی خۆی زیاتر بکات وەک هێزێکی ڕاکێشان بەرامبەر بە فشاری نێودەوڵەتی و ئەمەریکا بەتایبەتی.

· هەوڵی خێراتر بۆ بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی: لەژێر فشاری نێودەوڵەتی، دەکرێت ئێران بڕیاربدات پەرەپێدانی پڕۆگرامی ئەتۆمی بخاتە لەپێشینە. بەتایەتی ئەگەر هێشتا ئەو کەرستەیەی لەبەردەستیەتی کە لەپێش ١٣ی حوزەیران،  باس لەوە دەکرا چەند هەفتەیەکی ماوە بۆ دروستکردنی بۆمبی ئەتۆمی" ئەگەر هێشتا ئەو کەرستە ئەتۆمییەی مابێت ئەوا، دەکرێت ئێران بەخێرایی دەستی بگات چەکی ئەتۆمی، وەک بیانووی بەرگریی کردن بەرامبەر بە هەڕەشەی سەربازی ڕاستەوخۆی ئیسڕائیل و ئەمەریکا.

· هاوبەشی زیاتر لەگەڵ ڕووسیا و چین: ئێران دەکرێت پەناببات بۆ هاوپەیمانییەکی بەهێزتر لەگەڵ ڕووسیا و چین، ئەگەر ئەمەش ڕووبدات دەبێتە هۆی بە نێودەوڵەتیکردنی زیاتری کێشەکە و پێکدادانی هێزە گەورەکان لە ناوچەکە.

سناپ باک: چۆن شەرعیەتدانێکی ناڕاستەوخۆی نێودەوڵەتییە، بۆ هێرشی ڕاستەوخۆی ئەمەریکا و ئیسرائیل بۆسەر ئێران؟
لە ڕووی ستراتیژی و بەپێی دوایین ڕووداوەکان، ئەگەری جەنگی ڕاستەوخۆ لەنێوان ئێران، ئیسرائیل و ئەمەریکا بە شێوەیەکی جدی بەرز بووەتەوە، بەتایبەت کە ئێستا تا ڕادەیەک کۆدەنگی تەواوی ڕۆژئاوا دروست بووە لەسەر پرسی ناوەکی ئێران. هەروەها، پێشتر "ئۆپەراسیونی شێری هەستاوە" لەلایەن ئیسرائیلەوە لە ١٣ی حوزەیرانی ٢٠٢٥ سەرەتایەکی نوێی ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازی نیشانداوە و هێشتا دەرگاکەی بەکراوەی هێشتووەتەوە..

- ئەم هێرشە ڕاستەوخۆییە، گۆڕانکارییەکی ستراتیژیکی لە ڕووبەڕووبوونەوەی پڕۆکسییەوە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆی ئێران بەدوای خۆیدا هێنا. سەرەڕای ئەوەی دوای ١٢ ڕۆژ، جەنگە بە هاوکاریی قەتەر و ئەمریکا، وەستا. بەڵام هەر دوو لایەن وەستاندنی شەڕەکەیان بە ئاگربەستێکی کاتی ڕاگەیاندووە و تا ئێستاش زانیارییەکان باس لەوە دەکەن کە ئیسڕائیل ئامادەکاری بۆ هێرشی نوێ دەکات و ئێرانیش خۆی ئامادە کردووە. 

- کەواتە ئەمەش لەجێی خۆیەتی بڵێین، چالاککردنەوەی سناپ باک، لە ئەو دۆخەدا وەک شەرعیەتدانێکی ناڕاستەوخۆی نێودەوڵەتییە بۆ لێدان لەڕژێمی ئێران. بەو پێیەی ئەم هەنگاوە بەڵگەیە لەسەر ئەوەی کە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی متمانەی بە ڕەوشتی سیاسی ئێران نیە و ئێران بەڕاستی هەوڵی بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی دەدات" ئەمەش وا لەئیسڕائیل و ئەمەریکا دەکات، دەستکراوەتر بن بۆ لێدان لەڕژێمە مەلاییەکەی ئێران و هێرشێکی توند تا ئاستی ڕوخاندنی ڕژێمەکە.

دەکرێ شێوازی هێرشی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ ڕووخانی ئێران: چۆن بێت؟
شیکردنەوەکان ئەوە نیشان دەدەن، ئەگەرێکی کەم و لاوازە کە ئەمەریکا هاوشێوەی عێراق لە ڕوخاندنی ڕژێمی سەدام لەساڵی٢٠٠٣، بەشێوەی زەمینی هێرش بکاتە سەر ئێران و سەرباز بنێرێت بۆ ناوخاکی ئێران، بەڵام دەکرێت دەستپێکی ئەم جەنگە بەم شێوەیە بێت: ئەمەریکا گوشاری زیاتری ئابووری دەخاتە سەر ئێران، و ئیسڕائیل یش بەردەوام دەبێت لە لێدانی پڕۆ ئێرانییەکان لەناوچەکە، کە پێدەچێت گرووپەکانی سەربە ئێران، لەعێراق لە نەخشەی ئەمجارەی هێرشەکانی ئیسڕائیل زیاد کرابێتن. دوابەدوای ئەمەش ئەگەر ئێران مل نەدات بۆ داواکارییەکانی ئەمەریکا و ڕۆژئاوا، ڕەنگە هێرشی هاوبەشی ڕاستەوخۆبێت بۆ سەر ئێران، بەتایبەتی بە ئامانجگرتنی ناوەندەکانی سەربازی، سەرچاوە ئابوورییەکانی ئێران، لەوانەش سەرچاوەی نەوت و گازەکەی بەمەبەستی لاوازکردنی بەشێوەیەک کە لەناوخۆی ئێران دۆخێک دروست بکرێت، کە ئاستی ناڕەزایەتی خەڵکی ئێران زیاتر بەرزبێتەوە و هەوڵی گۆڕانکاری لەناوەخۆدا بدرێت.

- هەرچەندە پێشتریش بۆماوەیەکی کورت ئەوڕێگەیە لەسەر ڕژێمەکە تاقیکراوەتەوە و ئەنجامی نەبووە، بەڵام ڕژێمەکەی ئێران کە هێشتا لەژێر گوشاری زۆری ئابووری و ناوەخۆییدایە، بەگەڕانەوەی سزاکانی پێشوو، (سناپ باک) کە ئێستا کاراکراوەتەوە، هەروەها سەپاندنی سزای توندتر و، بەئامانجگرتنی سەرچاوە ئابوورییەکانی وا دەکات ڕژێمەکە زۆر بەرگە نەگرێت. بەواتایەکی تر ئەگەر ئەمجارە ئەمەریکا هێرشی ڕاستەوخۆ بکاتە سەر ئێران، کە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەدەر لەچین و ڕووسیا ڕێگەیان بۆ خۆشتر کردووە، سەرەڕای ئەوەی هێرشەکە زۆر توندتر و ئامانجدارتر دەبێت لەجاری پێشوو، ڕژێمەکەی ئێران بەبێ پشتیوانی ناوەخۆیی و چین و ڕووسیا ناتوانێ بەرگەی دوو مانگ بگرێت. ئەوە لەکاتێکدایە کە هەندێک لەسەرچاوەکان باس لەوە دەکەن "دۆناڵد ترامپ، پێشتر پلانی هێرشی ڕاستەوخۆی بۆسەر ئێران پەسەند کردووە بەڵام هێشتا بڕیاری کۆتایی لەوبارەیەوە نەداوە."

پرسیارەکە ئەوەیە: ئایا گێڕانەوەی سناپ باک، کە وەک شەرعیەتدانێکی ناڕاستەوخۆی نێودەوڵەتی دەبینرێت بۆ لێدان لەڕژێمەکەی ئێران، ئەمجارە وا لەتڕەمپ دەکات بڕیاری کۆتایی لەبارەی ئێرانەوە بدات؟ بێگومان ئەمە بەشێکی دەگڕێتەوە بۆ چۆنییەتی هەڵسووکەوتی ئێران، ئایا لەژێر فشاری توندی ئەمەریکا و ڕۆژئاوا بەناچاری تەسلیمی ئیرادەی ئەمەریکا و ئەوڕووپا دەبێت و بەدڵی ئەوان دێتە سەر مێزی دانوستان، یان هێشتا لەکەلەڕەقی خۆی بەردەوام دەبێت و ڕووبەڕووی ڕۆژئاوا و ئیسڕائیل دەبێتەوە؟ ئەوەی دیارە تا ئێستا خامنەیی ڕێبەری باڵای ئێران، دان و ستانی لەگەڵ ئەمەریکا ڕەتکردووەتەوە و بەبێ بایەخ ناوی برد" هەرچەندە لەپێش جەنگی ١٢ ڕۆژەش هەمان قسەی کرد، بەڵام دواتر چووە ناو دانوستانی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئەمەریکا، ئەنجامەکەشی هێرشی هاوبەشی فڕۆکەکانی ئەمەریکا و ئیسڕائیل بوو بۆ سەر بنکە ئەتۆمییەکانی وڵاتەکەی.

پێشبینی من بۆ ڕەفتارەکانی ڕژێمی ئێران دوای سناپ باک
 و گەڕانەوەی سزاکان بۆسەر وڵاتەکە

ئێران لەژێرفشاردا دەکرێ چی بکات؟
بە بەپێی دوایین هەڵسەنگاندنەکان، ئەگەی زۆر ئەوەیە ئێران لەژێر فشاری زۆردا چالاکییەکانی لەڕێگەی گرووپەکانی لەناوچەکەدا زیاتر پەرە پێبدات، ڕەنگە ئێران هەوڵبدات ڕاستەوخۆ یان لەڕێگەی پڕۆکسییەکانییەوە هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق یان لەبەحرێن و قەتەڕ بکاتە ئامانج، لەو حاڵەتەشدا ئەمەریکا وەڵامی توندو ڕاستەوخۆی بۆ ئێران دەبێت.

ئەگەری تاقیکردنەوەی ناوەکی لە ئێران:
کاتێک ڕێککەوتنی (JCPOA) دەوەستێت و چاودێرییەکانی IAEA لەسەر ئێران نامێنن، کە ئێران پێشتر ڕایگەیاندوە بەگەڕانەوەی سزاکان، چیتر هاوکاری لەگەڵ ئاژانسەکە ناکات" ئەوەش دەرفەتێک دەبێت تا چالاکییە ناوەکییەکانی زیاتر پەرەپێبدات. تاقیکردنەوەی موشەکی یان تاقیکردنەوە بە مووشەکی تەقینەوە پڕۆپاگەندییەکان، یان تاقیکردنەوەیەکی ڕاستەقینەی تەقینەوەی ئەتۆمی، کە "هێزی سوور"ی ستراتیژی ئێران نیشان بدات.
کاریگەری ئەمەش نیشانی دەدات کە ئێران چیتر لە بازنەی بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمیدایە. کە ئەمە بۆ ئیسرائیل و ئەمریکا "هێڵی سوور"ە (Red Line)ە وەک پێشتر ڕایانگەیاندووە" که هەرگیز ڕێگە نادەن ئەمە ببینن." چونکە ئەوان پێیان وایە ئەگەر ئێران چەکی ئەتۆمی بەدەستبهێنێت، شێوازی هەڵسوکەوتی خۆی لە ناوچەکەدا ڕادەیەکی زۆر زیاد دەکات و هەڕەشە لەسەر بوونی ئیسرائیل دادەنێت."

. پاڵنەر، بۆ هێرشی پێشوەختەی ئەمەریکا_ئیسڕائیل:

ئیسرائیل و ئەمریکا لە مێژوودا هەمیشە بیانووی "کۆنتڕۆڵکردنی زیانە ستراتیژییەکانیان" هەبووە، وەک لە هێرشەکەی ٧ی حوزەیرانی ١٩٨١ بۆسەر عێراق یان هێرشی سایبەری و دەستکارییەکانی تەکنەلۆژیا لە ئێران. بۆیە نەک هەوڵدان بۆ تاقیکردنەوەی ناوەکی پاڵنەرێکی زۆر بەهێزە بەڵکو هەرخۆی جالاککردنەوەی سناپ باک و بڕیاری پچڕاندنی هاوکاری لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی، ئەگەری هێرشێکی پێشوەختەی ڕاستەوخۆی مەزنی ئەمەریکا و ئیسڕائیلی زیادکردووە، پێش ئەوەی ئێران چەکێک دروست بکات.

- بەتایبەت لەکاتێکدا کە ڕێگای دیپلۆماسی (وەک گفتوگۆ یان پەیماننامە) دەوەستێت، تەنیا ڕێگای سەربازی و ستراتیژی دەمێنێتەوە: هەمیشە نەبوونی کەناڵی ڕێکخستن و ڕاگەیاندنی ڕاستەوخۆ لە نێوان دوو دوژمندا، مەترسی "هەڵەی هەڵسەنگاندن" زۆر زیاد دەکات. بە واتایەکی تر نەبوونی ڕێگای دیپلۆماسی دەرگا وڵا دەکات بە ڕووی جەنگ، و وڵاتان بۆ یەکلاییکردنەوەی کێشەکان ناچارن پەنا بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازی بەرن و لە مەیدانی شەڕدا  کێشەکانیان یەکلایی بکەنەوە.

ئایا ئێران هێرشی پێشوەختە دەکات؟
. هێرشی پێشوەختەی ڕاستەوخۆ لەلایەن ئێرانەوە ئەگەرێکی لاوازە، بەڵام دیسان بەدەر نیە. بەتایبەت ئەگەر ئێران زانیاری تەواوی هەبوو لەسەر ئەوەی کە ئەمەریکا یان ئیسڕائیل بەنیازن هێرش بکەن، ڕەنگە ئێران لەڕێگەی گرووپە بەوەکالەتییەکانی (پڕۆکسیەکان): بەفراوانی هێرش بکاتە سەر پێگەکانی ئەمەریکا لەناوچەکە، یاخود بەهاوبەشی لەگەڵ گرووپەکانی لە هەموو ناوچەکەدا (عێراق، سوریا، یەمەن، لوبنان، دەریای سوور). ئەمەش جەنگەکە فراوان دەکات و وا لە ئەمریکا و ئیسرائیل دەکات لە چەندین میحوەرەوە بەخێرایی بجوڵێن.

لەکۆتاییدا: کاتێک کە ڕەوشتی سیاسیی ئێران، لەسەر بنەمای فراوانخوازی ناوچەیی و ڕەتکردنەوەی یاسا نێودەوڵەتییەکانە کە لەلایەن مەلاکانییەوە بەڕێوە دەبرێت، وڵاتەکەیان بردۆتە بەردەم قەیرانیەکی ئابووری و سیاسی توند و ستراتیژ. چالاککردنەوەی سناپ باک تەنها دەستپێکە؛ ئەوەی کە ڕاستییەکەیە؛ قەیرانێکی متمانە نەکردنە کە لەسەر بنەمای ڕەفتاری ڕژێمی مەلاکانی ئێران دروست بووە. ئەمڕۆ، ئێران ڕووبەڕووی هەڵبژاردنێکی ئێستا و ستراتیژی دەبێتەوە: یان گەڕانەوە بۆ دانوستان و ڕەزامەندی نێودەوڵەتی، یان بەردەوامبوون لە ڕێڕەوی ئێستا کە بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ ڕژێمەکە دەخاتە بەردەم مەترسییەکی گەورەی هێرشی سەربازی و ڕووخان. ئەنجامی ئەم هەڵبژاردنەشی نەک تەنیا چارەنووسی ئێران، بەڵکو ئارامی و ئاسایشی هەموو ناوچەکەش دیاری دەکات.

 

نوسەر : سیروان عوبەید


329 جار خوێندراوەتەوە