"تانک و سۆشیال دیموکرات: دووڕوویی لە کەلتووری حیزبی سیاسی کوردیدا"

کاتێک ناوێکی سیاسی لە ناوەڕۆکی ڕەوشتی خۆی جیادەبێتەوە، تەنها زیان لە متمانە بە حیزبێک ناگەیەنێت، بەڵکو زمان وەک ئامرازێکی ڕاستگۆیی دەشکێت و کۆمەڵگا بەرەو بێ متمانەیی و تووڕەیی دەڕوات."

لە فەلسەفەی سیاسیدا، ناوەکان تەنها نیشانە نین، بەڵکو حەوزێکی بیرۆکە و پەیمانێکن بەرامبەر بەو ڕەفتارانەی کە پێناسە دەکەن. کاتێک ناوێک دەڵێ "سۆشیال دیموکرات"، ئەوا پەیمان بە کۆمەڵگا دەدات کە ڕێز بگرێت لە بنەماکانی دیموکراسی، یەکسانی و چارەسەری ئاشتیانەی کێشەکان. بەڵام کاتێک لە ناوەڕۆکدا کردەوە پێچەوانەی ئەم ناوە دەبێتەوە، پرسیارێکی فەلسەفی و ڕەوشتی لە سەر ئەم دوو ئاڕاستە پێچەوانەیە دروست دەبێت: ئایا ناوەکان ڕەقیقن یان ڕەوت؟ ئایا ئایدۆلۆژیا کۆتاییە بۆ مەبەستێک، یان مەبەستەکان ڕێگایەکن بۆ جێبەجێکردنی ئایدۆلۆژیا؟ بەواتایەکی تر ئایا ئێمە باوەڕمان بە ئایدۆلۆژیاکەمانە، یان تەنها دروشمی ئایدۆلۆژیا بەکاردەهێنین وەک ڕەفتارێکی ساختە بۆ گەیشتن بە مەبەستێکی تر؟

ڕووداوەکەی سلێمانی، بەدیاریکراوی ئەوەی لە ٢٢ی ئاب ڕوویدا، کە تێیدا لایەنێکی سەرەکی ڕووداوەکە، پارتێکی دەسەڵاتدار، و حزبی"سۆشیال دیموکرات" بوو، بینیمان لەو ڕووداوەدا ڕێگەی توندوتیژی گرتەبەر بۆ یەکلاکردنەوەی کێشەکەی لەگەڵ حزبێکی تر. کە بەرەی گەل ە ، هەرئەوەش نا، بەڵکو لەڕووداوەکەدا تانک و تۆپ و سوپایەک لە هێزی چەکداری بەکارهێنا، لەناو شارێک کە پایتەختی ڕۆشنبیرییە. بەبڕوای من، ئەم ڕووداوە تەنها کێشەیەکی مەزەندەی سیاسی نییە، بەڵکو شکستێکی ڕەوشتییە لە دیالێکتیکی نێوان "ناو" (Signifier) و "ناوەڕۆک" (Signified). بەپێی بیرکاری زانینی فەلسەفی، پەیوەندی نێوان ناو و ئەو بنەمایانەی کە پێناسە دەکات، پەیوەندییەکی نەگۆڕە. بەڵام لە واقیعی سیاسەتی حزبی کوردییدا، ئەم پەیوەندییە زۆرجار دەشکێنرێت و ناوەکان وەک "تاکتیکێکی خۆ ڕازاندنەوە" بەکاردەهێنرێن، نەک وەک ڕێبازێک یان پڕەنسپ و ڕێنیشاندەری ڕەفتاریی".

حیزبی سۆشیال دیموکرات، کە لە بنەڕەتدا، لە فەلسەفەی ڕۆشنبیری ئەوروپیدا سەریهەڵداوە و ئامانجێکی ڕەوشتی هەیە: گۆڕینی کۆمەڵگا بە ڕێگای پەروەردەکردنی هەستی هاوبەشی و دادپەروەری. بەڵام کاتێک تاکە حیزبە سۆشیال دیموکراتەکەمان لە کوردستان، لەژێر ناوی سۆشیال دیموکرات" تانک و هێزە چەکدارەکان ڕەوانەی بارەگای حیزبێکی تر دەکات، ئەوا "سۆشیال دیموکراتی"ەتی لە ئایدۆلۆژیاێکەوە دەگۆڕێت بۆ "براند"ێک. براندێک کە بەرپرسیارێتی ڕەوشتی ناگرێتەوە و تەنها بۆ ڕازاندنەوەی نێودەوڵەتی وەک "مۆدێرن" نیشان دان بەکاردەهێنرێت.

ئەمەش دیسان ئێمە دەباتە سەر پرسیارێکی تر: ئایا ئایدۆلۆژیا لە کوردستان وەک "بڕوا"ێکی ڕەگەزی خزمەت دەکات، یان وەک "ئامراز"ێک بۆ دەستکەوتنی دەسەڵات؟ وەڵامی ئەم پرسیارە لەوەدا دەردەکەوێت کە کەلتووری سیاسییەکەمان هێشتا لە قۆناغی "سیاسەتی کەسی"دایە، نەک "سیاسەتی ئایدۆلۆژی". لە "سیاسەتی کەسیدا"، سەرۆک و حیزب ڕێباز و ئامڕاز نین بۆ خزمەتکردنی گەل و نیشتمان، بەڵکو لە پێش یاسا، و هاوڵاتییەتی و لەپێش ئایدۆلۆژیاوەن. لەسیاسەتی کەسیدا" هەر حیزبێک هەر ڕێگایەک بەکاربهێنێت بۆ مانەوەی لە دەسەڵاتدا، ڕەوایە." لەم پێکهاتەدا، ناوەکانی وەک "سۆشیال دیموکرات" و "دیموکرات" تەنها ڕووتەوێژێکن بۆ ڕووخسارێک کە سیماکانی ناگۆڕێت، و ناوەڕۆکەکەی شتێێکی ترمان پێ دەڵێت.

بەڵام لە "سیاسەتی ئایدۆلۆژیدا"، ئایدۆلۆژیا پێویستییەکی ڕەوشتییە و هەموو ڕەفتارێک پێویستە لەگەڵ بنەماکانی ئەو ئایدۆلۆژیایەدا یەکبخرێت. ئەگەر پێچەوانەکەی بێت، ئەوا حیزبەکە خۆی لە ڕێگەی هەڵسوکەوتەکەییەوە خۆی لەکۆمەڵگا و هاونیشتمانیەکانی جیا دەکاتەوە، و متمانەی هاوڵاتیان و ئەندامەکانی خۆی لەدەست دەدات.

بۆیە من پێموایە، ئەم ڕەفتار و ڕووداوانە ئاماژەن بۆ پەتایەکی گەورەتر: قەیرانی ناوەڕۆک. کاتێک ناوەکان مانای خۆیان لەدەست دەدەن، ئەوا زمانیش وەک ئامرازێکی ڕاستگۆیی دەشکێت. لێرەدا باوەڕ پوچەڵ کراوە، و کۆمەڵگا ناتوانێت باوەڕ بە هیچ وتار و دروشم، یان ئایدۆلۆژیایەکی سیاسی بکات، بەوپێیەی چیتر هیچ پەیوەندییەک نەماوە لە نێوان ئەوەی دەوترێت و ئەوەی دەکرێت. ئەمەش دەبێتە هۆی دروستبوونی قەیرانی متمانە، کۆمەڵگایەکی بێ باوەڕ و تووڕە.
ئەگەر حزبەکان، دەیانەوێ لەلایەن کۆمەڵگەوە پشتگوێ نەخرێن و نەپوکێنەوە، یان ئەگەر بیانەوێ لەئایندەدا گوێ لەڕای کۆمەڵگە و جیهان بگرن، و خۆیان خۆشەویست بکەن، پێویستە ڕیفۆرمێک لەناوەڕۆکر خۆیاندا بکەن و چیتر لەم دوو ڕووییە ڕەوشتییەوە دەربچن. بەتایبەت کە تادێت خەڵک وشیار تر دەبێت، چیتر ئامڕازە کۆنەکان ناتوانن خەڵک چەواشە بکەن، ئێستا تاک و کۆمەڵگە دەزانێ کە ڕەگەزنامەی ڕەوشتی حیزبێک، کردەوەکانیەتی، نەک ناوە بریقەدار و ڕەسمییەکەی. پەروەردەکردنی کەلتوورێکی سیاسی لەسەر بنەماکان، نەک کەسایەتی، تاکە ڕێگایە بۆ چارەسەری ئەم دووڕووییە لەنێوان ڕەفتار و گوتاری حزبی کوردییدا.

٢٨ی ئاب، کۆنفڕانسی هاوپەیمانی سۆشیال دیموکراتەکان بوو لە سلێمانی، گوێم لێبوو، بەڕێز سەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، لەبەشێکی گوتارەکەیدا، ڕەخنەی لە دوو ڕوویی ڕۆژئاوا گرت، لەسەر پرسی دیموکراسی. ئەو وتی: "ئەوان چۆن ڕوویان دێت باسی دیموکراسی بکەن" ئەم ڕەخنەیە لە شوێنی خۆیدایە و ڕاست و پێویستە. بەڵام لە کەسێکەوە کە خۆی لە ناوخۆدا ڕەفتاری دوو ڕوویی هەیە ( حزبەی سۆشیال دیمکراتە و دەڵێت دیموکراسی، بەڵام باوەڕی بە تانک و تۆپ و بەهێزی چەکداری هەیە بۆسەر ڕکابەرەکانی و یەکلاکردنەوەی کێشەکان)، ئەم ڕەخنەگرتنە دوو ڕووییەکی تر ڕوون دەکاتەوە. ئەمە وەک ئەوە وایە کەسێک خۆی لە پیسایی دا بێت، بەڵام ڕەخنە لە کەسێکی تر بگرێت کە دەستی پیسە. فەیلەسووفێک دەڵێت: "پێویستە کردارەکانت قسەکانت بسەلمێنن، نەک قسەکانت کردارەکانت ڕەت بکەنەوە."

هەرچی پارتی PDK-یشە کە خۆی بە "دیموکرات" ناودەبات، لەسەر ئەم ڕووداوەی سلێمانی، هەرلەسەرەتای ڕووداوەکەوە هێرشێکی میدیایی دوو ڕووییانەی توند دەکاتە سەر یەکێتی. دەمەوێ بڵێم، خۆزگە ئەم هێرشە لە خەمی دیموکراسیەت بوایە، باش دەبوو و هەموومان پشتگیرمان دەکرد. بەڵام هەمووان دەزانین، کە پارتی دیموکراتی کوردستان، لەهەولێر و دهۆک ڕەفتارەکانی چەندە نا دیموکراتین، من دەمێکە ووتومە، ئەو پارتە کوردیە دەستەواژەی (دیموکراتی)، لێ بەڵایە، هەرکاتێک لێیبکاتەوە، ئەم هەموو کێشەکانی چارەسەر دەبن، و دوو ڕووییەکەی نامێنێت. لەکاتێکدا مێژووی پارتی، خۆی پڕە لە سیناریۆ و یاساشکێنی. پێموانیە، حیزبێکی لەوجۆرە مافی ئەوەی هەبێت ڕەخنە لەو ڕەفتارانە بگرێت کە خۆی پێشتر دایهێناوە و ئەنجامی دەدات. هێرشی لەوجۆرەی ڕاگەیاندن و ڕەخنەگرتن لەسەر ئەو ڕووداوە، لەلایەن پارتییەوە، تەنها دوو ڕووییەکی تری ئەم کەلتوورە سیاسییە ناڕەوشتییە ڕوون دەکاتەوە کە لەسەرەوە باسم کرد.
- خۆزگە ڕەخنەکانم بەمجۆرە نەبوایە لەسەر کرداری حزبەکان، یان باشترە بڵێم، ئەگەر ئەداو ڕەفتاری حیزبی کوردی بەشی ئەوە ڕێک و تەبا بوایە لەگەڵ ناوەڕۆک ودروشم و ناوەکانیان، لەبازاڕی ئەمڕۆدا کێ پولێکی دڕاوی بە ڕەخنە و نووسینەکانمان دەدا. پرسیارەکە ئەوەیە: ئەگەر هیچ کام لەحزبەکان تەنانەت لەگەڵ ناوەکانیاندا ڕاست نین. ئیتر چۆن لەگەڵ خاک و خەڵک و نەتەوەیەکەیان دەتوانن ڕاستگۆبن؟

لە کۆتاییدا، ئەوەی لە سلێمانی ڕوویدا تەنها ڕووداوێکی سیاسی نەبوو، بەڵکو ڕێبازێکی کۆن و نوێی ڕەوشتی بوو بۆ ئەو کەلتوورە سیاسییە دووڕووییەی کە لە ناوەوە هەموو پڕەنسیپەکانی دیموکراسیەت تێکدەشکێنێت. کاتێک ناوەکان وەک "سۆشیال دیموکرات" یان "دیموکرات" دەبنە ئامرازێک بۆ ڕازاندنەوە یان دروشمی فەیک، نەک نیشانەیەک بۆ بەرپرسیاریەتی و ڕاستگۆیی، ئەوا هیچ پەیوەندییەک نامێنێت لە نێوان ئەوەی دەوترێت و ئەوەی دەکرێت. هەر ئەم بۆشاییەی نێوان ناو و ناوەڕۆکە دەبێتە هۆی قەیرانی متمانە، کە نەخەڵک بە حیزبەکان دەیمێنێ، نە جیهان بە سیستەمی سیاسی ئەم هەرێمە. لەڕاستیدا ئەمە گاڵتەکردنە بەخودی حزبەکە خۆی—بە وتار، بە ئایدۆلۆژیا،  تەنانەت بە خودی چەمکی "دیموکراسی" و "یەکسانی".

- پرسیارەکە ئێستا ئەوە نییە کە "کێ زیاتر لەویتر دوو ڕووە"، بەڵکو ئەوەیە کە سیستەمێکی سیاسی هەیە کە دوو ڕوویی وەک ڕێگایەک بۆ مانەوەی خۆی پەسند کردووە.  هەروەها ڕێگەی چارەسەریش ئەوە نییە کە حزبەکان تەنها دابنیشین ڕەخنە لە یەکتر بگرن و ئەنجامی پێشلکاری و دوو ڕووییەکانی یەکتری بەڵگەدار بکەن، بەڵکو ئەوەیە کە حزبەکان هەوڵبدەن ڕەوشت و ئەخلاقی سیاسی بگەڕێننەوە ناو سیاسەتەکانیان. ئەمەش لەڕێگەی بەخۆداچوونەوە و داڕشتنی کەلتوورێکی سیاسی نوێوە دەبێت، کە تیایدا:
· کردار پێوانەی باوەڕپێکردن بێت، نەک قسە.
· ئایدۆلۆژیا بەرپرسیارێتی بخاتە ئەستۆ، نەک ماسکێک بێت.
· کەسێتی حیزبەکان لەسەر بنەماکانەوە دیاری بکرێت، نەک تەنها بەهۆی بنەماڵە و خێڵ و کوڕی کارێزماتیکەکان.

لەوانەیە وابیربکەنەوە "هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان لەئێستادا زۆر وشیاری سیاسییان نەبێت" بەڵام دەبێ حزبەکان بزانن خەڵکی هەرێمی کوردستان زیندوون و هەستیارن بە ڕووداوکان، و ئەوەش بەسە بۆ ئەوەی لەداهاتوودا چارەنووسی حزبەکان لەسەر بنەمای گوتار و کرداریان دیاریبکات. حزبەکان دەبێ چیتر لەوە تێبگەن، نەوەیەک هەیە ئەوانە باوەڕ بە ناوێکی بریقەدار ناکەن کە کردەوەی پێچەوانەی هەبێت. ئەگەر حیزبەکان ناویان لەسەر "دیموکراسی" و "یەکسانی"ە، ئەوا پێویستە ڕەفتاری دیموکراتی و یەکسانانە پێشکەش بکەن. ئەگەر نا، ئەوا ناوەکان تەنها وشەیەکن بەبێ مانا، و ئایدۆلۆژیا تەنها ڕێگایەکە بۆ قورخکردنی دەسەڵات—جا ناوەکەیان هەرچیەک بێت یان هەرچیەکیان بەبەردا بکرێت.

لەکۆتییدا هیوادارین ئەم ڕووداوانە ببنە وانەیەکی قوڵ بۆ بەخۆداچوونەوە و کۆتایی هێنان بە قەیرانی ناوەڕۆک، وەک دەستپێکێکی نوێ بۆ بینینی ڕاستی. ئەمە هەلێکە بۆ گۆڕان—گۆڕان لە کەلتوورەکەمانەوە، لە حیزبەکانەوە، لە خۆمانەوە. چونکە لە کۆتاییدا، ڕەگەزنامەی ڕەوشتی هەر حیزبێک، کردەوەکانیەتی، نەک ناوە بریقەدارەکەی

124 جار خوێندراوەتەوە