دانپێدانان رەگەزێکی گرنگی پرۆسەی لێکۆڵینەوەو دادگاییکردن و گەیشتنە بە راستی و دادپەروەری، (الاعتراف سيد الأدلة) قسەیەکی باوە، ئەگەرچی ئەمە لە یاسای بنەما دادگەرییە سزاییەکان و هیچ یاساییەکی دیکەی سزاییدا بوونی نییە، بەڵام لەهەمان کات دانپێدانان ئەگەر بەو مەرج و رێکارانە نەیەتە بوون کە یاسا بۆی رەنگڕێژکردووە، رەنگە ببێتە هۆکاری بەلاڕێدابردنی راستییەکان و لەبارچوونی دادپەروەری، لە هەمووی مەترسیدارتر وەک ئەوەی ئێستا دەگوزەرێت رەنگە سەربکێشێت بۆ توشکردنی خەڵکی بێتاوان، دۆسیە دروستکردن، تۆمەت و حوکم بەخشینەوە، داواجار رەنگە ببێتە مەترسییەک بۆ سەر هەر تاکێکی کۆمەڵگە، چونکە کارکردن بە دانپێدانانی عەشوائی و نایاسایی لەهەر ئان و ساتێکدا دەکرێت کەسێکی بێ تاوان لە کونجی زیندان تون بکات و فریشتەیەک بکاتە جەلاد.
یاسا هەروەک چۆن دانراوە بۆئەوەی تاوانکار سزای خۆی وەربگرێت و ماف بۆ ستەملێکراو بگێڕێتەوە، بەهەمان شێوە دانراوە بۆ ئەوەی هیچ کەسێکی بێتاوان سزانەدرێت چونکە لەڕاستیدا سزا بەبێ بێتاوان، لە بنەڕەتدا خۆی تاوانە.
لە ڕاستیدا بە درێژایی مێژوو هەمیشە لەنێو سیستەمە دیکتاتۆری و چەکداری و شمولییەکان، دانپێدانانی بەر قامچی ژێر زەمینەکان ئامرازێک بووە بۆ پاکتاوکردنی نەیاری سیاسی و شەخسی دەسەڵاتی باو، هەمیشە ئەم چەمک و رێکارە یاساییانە بوونەتە بەشێک لە پرۆسەی ئازاردان و سەرکوتکردنی کەسانی خاوەن رەئی یاخود ناڕازی دەسەڵات.
دواجار دادگاکانیش دەکرێنە کارەکتەری ئەم شانۆگەرییە تراژیدیانە، دادگای شۆڕشی بەعس بڕیاری خنکاندی هەزاران کەسی دەرکرد کە هەموویان دانپێدانانیان هەبوو بەڵام هەموو کەس دەزانێت وەرگرتنی دانپێدانان وەک بنەما بۆ حکمی دادگا لەنێو سیستەمی بەربەری و خوێنرێژ و تاوانکاردا تەنگا گاڵتەجاڕییەکە و هیچی دیکە.
دانپێدانان لە بنەڕەتدا دەبێت چۆن بێت؟ چۆن دەکرێتە بنەما بۆ حوکم؟
بەپێی ماددەی ١٢٧ لە یاسای بنەمای دادگاییکردنی سزایی
ژمارە(٢٣ی ساڵی ١٩٧١) ، دان پێدانان دەبێت لە ئیرادەیەکی ئازادەوە دەرچوبێت، رەفتاری خراپ لەگەڵ دانپێدانەر نەکرابێت، هەڕەشەی لێ نەکرابێت، بەڵێنی پێ نەدرابێت، فێڵی لەگەڵ نەکرابێت، ئەشکەنجەی دەرونی و جەستەیی نەدرابێت، رەچاوی گرەنتییە یاساییەکانی کرابێت وەک بوونی پارێزەر، ئامادەکردنی لەبەردەم دادوەر لە ٢٤ کاتژمێردا، دادوەر خۆی دانپێدانانەکەی وەرگرتبیت نەک کەسی دیکە، ناکرێت هیچ ئامرازێکی نا شەرعی بەکاربهێندرێت بۆ کارتێکردنی تۆمەتبار بۆ بەدەستهێنانی دانپێدانان، وە زیاتر روونی دەکاتەوە دەڵێت:"خراپ رەفتارکردن، هەڕەشە، ئازاردان، هەست جوڵاندن و بەڵێن و پەیمان و کارتێکردنی دەروونی و بەکارهێنانی بێهۆشکارییەکان و دەرمان"ئامرازی ناشەرعی و رێگەپێنەدراون. ئەم دەقەڕوونە و شەرحی زۆری ناوێت، بەڵام ئایا چۆن گرەنتی جێبەجێکردنی ئەم دەقە دەکرێت؟
ئێستا چۆن کار بە دانپێدانان دەکرێت؟ ئایا، یاسا پەیڕەو دەکرێت؟
گرفتە باوەکان بۆ گرەنتی ئەم دەقانە زۆرن، بۆ نمونە پێش ئەوەی تۆمەتبار لە بەردەم دادوەری لێکۆڵینەوە گوتەی خۆی بدات، لەبەردەم لێکۆڵەری ئەمنیی ئیفادەی لێ وەردەگێرێت و ئیستیجواب دەکرێت، ئەم گوتەی بەردەم ئەفسەری لێکۆڵەر یاسا رێگەی پێ نەداوە بە هیچ جۆرێک، یاساکە لە چەند شوێنێک رێگەی بە لێکۆڵەری دادوەریی داوە، واتە یاریدەدەری دادوەری رێگەی دراوە استجوابی تۆمەتبار بکات بەڵام بە هیچ جۆرێک ئەو دەسەڵاتەی بە ئەفسەری لێکۆڵەر نەداوە. ئەم لێکۆڵینەوەی ئەفسەر دەیکات جگە لەوەی پوچەڵە بەڵام گرفتی یاسایی زۆر دروست دەکات، بۆ نمونە تۆمەتبار بەپێی ماددەی ١٢٣ مافی هەیە بەبێ پارێزەر قسە نەکات، بەڵام وەک قسەیەکی باو بەناوی تۆمەتبارەوە دەنوسێت "پارێزەرم ناوێت خۆم بەرگری لە خۆم دەکەم". هەروەها گوتەیەی بەردەم ئەفسەری لێکۆڵەر وادەکات تۆمەتبار واتێبگات چیدیکە دەرفەت نەماوە چونکە دانپیدانانی لێ وەرگیراوە، ئەو نازانیت لە بنەمادا ئەو دانپێدانانە نایاساییە بۆیە بە ناچاری هەمان گوتە لەبەردەم دادگای لێکۆڵینەوە دووبارە دەکاتەوە. ئەمە جگە لەوەی خۆ ئەگەر لە گوتەکەی بەردەم دادوەر لەم گوتەی بەردەم ئەفسەری لێکۆڵەر پەشیمان بێتەوە، ئەوەی ئیتر دەکەوێتە بەر رەحمی کاکی لێکۆڵەر و عەدالەتەکەیەوە.
ماددەی ١٢٨ لە بڕگەی (ب) واجبی کردووە لەسەر دادوەر کە ئەگەر گوتەی تۆمەتبار دانپێدانان لە خۆ بگرێت، دەبێت دادوەر خۆی بینوسێتەوەو بیخوێنێتەوەو خۆی و تۆمەتبار واژۆی بکەن، واتە لەم ماددەیە تەنانەت رێگە بە لێکۆڵەرە بەڕێزە دادوەرییەکانیش نەدراوە دانپێدانانەکە وەربگرن نەک ئەفسەری لێکۆڵەر، ئەمەش وەک گرەنتییەکی دیکەیە بۆ دروستی دانپیدانان تا دووربێت لە زۆرلێکردن و ناچاکردن.
]
لە واقیعدا زۆر جار دەبینرێت گوتەی تۆمەتبارەکە لەنێو دۆسیەکە دەخرێتە بەردەم دادوەر واژۆیەکی دەکات و بڕیار دەنوسێت، بێ ئەوەی خۆی لێکۆڵینەوە بکات و دڵنیابێتەوە لە راستی و دروستی دانپێدانانەکە زۆرجار خاوەنی دانپێدانانەکە نابینێت، ئەمەش هەم نادروستە هەم ستەمە بە بەمافی خاوەن دانپێدانان، چونکە ئیتر کە واژۆی دادوەر خرایە سەر گوتەکەی پەشیمان بوونەوە لێی ئەستەمە.
گرفتی دیکە ئەوەیە، بەپێی ماددەی ١٢٣ دەبێت لە ٢٤ کاتژمێردا تۆمەتبار لەبەردەم دادوەر ئامادەبکرێت و دادوەر گوتەی لێ وەربگرێت، بەڵام زۆرجار چەندین رۆژ دەستگیرکراوە دواتر دەبرێتە بەردەم دادوەر، ئەمە هەڵەی جەوهەرییەو وادەکات رێکارەکانی دواتری لێکۆڵینەوە پوچەڵ بێتەوە، چونکە ئەگەر دانپێدانان لە خۆ بگرێت، ئەمە بەپێی ماددەی ٢٤٩ بڕگەی آ لە یاساکە وادەکات تەنانەت حوكمەکەش پوچەڵ بێت، چونکە ئەمە بە هەڵەی بنەڕەتی رێکارەکان، دادەنرێت لەبەرئەوەی دەقێکی روونی یاساکە پێشێل کراوە، ئەمە جگە لەوەی بڕگەی ب ی هەمان ماددە دەڵێت "هەڵەی رێکارەکان تەنها کاتێک کاریگەری نابێت کە ئەگەر زیانی نەبێت لەبەرگری تۆمەتبار"! ئایا ئامادەنەکردنی تۆمەتبار لەماوەی یاسایی لەبەردەم دادوەر و هێشتنەوەی چەندین رۆژ لە زیندانی تاکەکەسی و دابیننەکردنی پارێزەر و رێگەنەدان بە بینینی هیچ کەسێک و ئازاردانی دەروونی و بێرێزیپێکردن و خستنە سەرشاشە و پەخشکردنی بۆ هەموو وڵات، هەڵەی رێکاری نین؟ ئایا ئەمە واناکات هەموو ئەو
حوکمانە پوچەڵ ببنەوە؟
زۆر جار دەبینین تۆمەتبارێک دەهێندرێتە سەرشاشەکان و جلوبەرگێکی زیندانی لەبەر دەکرێت راپۆرتێکی پێ دەخوێنرێتەوە، ئەمە کارەساتە، چونکە تەنانەت ئەگەر راستیش بن، نابێت بێ مۆڵەتی دادوەر کارێکی وەها بکرێت، ئەمە جگە لەوەی ئەو کەسەی دەهێندرێتە سەرشاشە بەپێی یاسا بێتاوانە (بەریئە)، چونکە تا بڕیاری سزادانی لەلایەن دادگاوە دەرنەچێت بێتاوانە، بە چ مافێک تۆ کەسێکی بێتاوان دەهێنیتە سەرشاشە و چەندین تۆمەت و تاوان دەخاتە ملی خۆی، هەر ئەمە پێچەوانەی ماددەی ١٢٧ چونکە ئەمانە خراپ رەفتارکردن و زۆرلێکردن و ئازاردانی دەرونین.
تەنانەت ماددەی ١٢٦ بڕگەی ب مافی بە تۆمەتبار داوە کە وەڵامی هەر پرسیارێک نەداتەوە کە خۆی نەیەوێت وەڵام بداتەوە، دەڵیت نابێت ناچار بکرێت بە وەڵام دانەوەی ئەو پرسیارەی لێی دەکرێت.
بەو جۆرەی کە ئەفسەری لێکۆڵەر خۆی سەرپەرشتی پرۆسەی لێکۆڵینەوە بکات و کەی بیەوێت ئەو کات تۆمەتبار ئامادە بکات، خۆی گوتەی وەربگرێت و خۆی لەگەڵی بێت بۆلای دادوەر و خۆشی بیباتەوە بۆ زیندان، هەر خۆشی رێگری لە پارێزەر بکات بەدواداچوون بکات، وە گوتەی تۆمەتبار بە ئامادەکراوی بۆ واژۆکردن بخرێتە بەردەم دادوەر بێگومان ئەم رێکارانە نایاسایی و مەترسیدارن، ئەم رێکارانە بەسن بۆ ئەوەی فریشتەیەک لە چرکەیەکدا ببێتە جەلاد.
لە بەشێکی دیکەی یاسای بنەما دادگاییە سزاییەکان، بەهەمان شێوە گرنگی ئەوەمان بۆ دەردەکەوێت کە یاساکە چەندە گرنگی بە دروستیی دانپێدانان داوە، لە ماددەی ٢١٧دەسەڵاتی رەهای داوە بە دادگای تایبەتمەند کە ئایا کار بەو دانپێدانانە دەکات کە تۆمەتبار لە بەردەم دادوەری لێکۆڵینەوە کردویەتی یاخود نا؟ واتە یاساکە واجبی نەکردووە کە دەبێت بەهەموو جۆرێک دادگای تایبەتمەند کار بە دانپێدانانی پێشوتری تۆمەتبار بکات، بەڵکو دەتوانێت خۆی هەڵسەنگاندن بکات کا ئایا ئەم دانپێدانانە دروستە؟ ئایا بەهێزکراوە بە بەڵگەی دیکە؟ ئایا لەگەڵ واقیع یەک دەگرێتەوە ؟ وە هەر لەم مادەیەدا دەسەڵاتی داوە بە دادوەر کە دانپێدانانی بەردەم لێکۆڵەری دادوەری بکاتە بنەما، بە مەرجێک ئەگەر سەلمێنرا کە لێکۆڵەر نەیتوانیوە تۆمەتبار ئامادەبکات لەبەردەم دادوەر بۆ نوسینەوەی وتەکانی.
هەروەها بڕگەی د ی ماددە ١٨١ دەڵیت ئەگەر دادگا باوەڕی بە ڕاستی دانپیدانانەکە هەبوو دواتر دەچێت بۆ بڕیاردان، واتە دیسانەوە جەخت دەکاتەوە کە دادگا دەبێت لێکۆڵینەوە لە راستی و دروستی دانپێدانانەکە بکاتەوە پێش بڕیاردان.
یاساکە لە ماددەی ٢١٨ دیسانەوە جەخت دەکاتەوە لەوەی، مەرجە دانپێدانان لە ئەنجامی زۆرلێکردنەوە نەبووبێت. ئەمە جگە لەوەی دانپێدانان دەبێت روون و راشکاو بێت و پێچەوانەی واقیع نەبێت، لە ئیرادەیەکی ئازادەوە دەرچوبێت، زۆر جار ئێمە دەبینین کەسێک لە سەرشاشە وەک تۆمەتبار قسەکانی بڵاودەکرێتەوە هەر لەناو ئەو قسانەی دەیخوێنێتەوە قسەی دژبەیەکی تێدایە و لەگەڵ واقیع یەک ناگرێتەوە.
بنەمایەکی دیکە بۆ دروستی دانپێدانان ئەوەیە کە لە دەیان و سەدان بڕیاری هەردوو دادگای پێداچوونەوەی هەرێمی کوردستان و عێراقیش، ئەوە جێگر بووە کە دەبێت دانپێدانان تعزیز کرابێت بە بەڵگەی دیکە و ناکرێت هیچ بەڵگەیەک بوونی نەبێت کە پشتراستی دانپێدانانەکە بکاتەوە.
واتە بە تەنها دانپێدانانی رووت و بێ بەڵگە، بەس نیە بۆ سزادانی تۆمەتبار، پێوستە بەڵگەی دیکە پشتڕاستی دانپێدانان و دروستییەکەی بکەنەوە، ئەوجا دەکرێت بکرێتە بنەما بۆ حوکم.
لە راستیدا دانپێدانان وەک بەڵگەی تاقانە بێ بەڵگەی دیکە، لەروویەکی دیکەوە دەبێت هۆی سستکردن و ناچالاککردنی لێکۆڵینەوە، بە جۆرێک ئەوەی لێکۆڵەر تەنها عەوداڵی دانپێدانان بێت خۆی ماندوو نەکات بەدوای بەڵگەی دیکە بگەڕێت، لە کاتێکدا ئەگەر بەڵگەی دیکە دانپێدانان پشتراست نەکەنەوە دانپێدانانەکە عەیبدارە.
هەموو ئەمانە دەمانگەیەنێتە ئەو ئەنجامەی دانپێدانان بە رەچاوکردنی ئەم مەرجانەی کە یاساکە بۆی داناوە دەبێت بە دانپێدانان، وە لەگەڵ بوونی مەرجەکان دەکرێتە بنەمایەکی یاسایی بۆ بڕیاردان، بەدەر لەوە دەبێتە خەوشێکی گەورە بۆ پرۆسەی دادگاییکردن و لەبری ئەوەی دادپەروەری بەدیبهێنێت رەنگە ببێت هۆی ستەمی گەورە.
وە ئەوەی بەرپرسیارێتی یەکەمی راستکردنەوەی رێکارەکان و گرەنتی جێبەجێکردنی ئەم مەرجانەی یاساکەی دەکەوێتە ئەستۆ، دادوەرە. چونکە یاساکە ئەوەندە دەسەڵاتی پێداوە کە دڵنیایی تەواو بەدەستبهێنێت پێش بڕیاردان.
74 جار خوێندراوەتەوە