راپەڕینی ھێلەکزەردەکان


ھانا ئارێنت دەڵێت شۆڕشگێڕەکان شۆڕش دروستناکەن! شۆڕشگێڕەکان ئەو کەسانەن کە دەزانن کەی دەسەڵات لەسەر شەقامەکان کەوتوە و کەییش دەتوانن ھەڵیگرنەوە. ئەوەی ئەمڕۆ لە پاریس و زۆرینەی شارەکانی فەرەنسا رودەدات بەرجەستەکردنی ھەمان تێزە. زۆرینەی بیریاران لەسەر ئەوە ھاوڕان کە راپەڕینی ھێلەکزەردەکان درێژکراوەی ئەو کەلەپورە شۆڕشگێڕانەیە کە گەلی فەرەنسیی لە ئەوروپادا ھەیەتی. فەرەنسییەکان لە خۆرئاوا بەوە بەناوبانگن کە ناعەدالەت لە دەسەڵاتدارانیان قبوڵناکەن، ھەرکەسێکیش لە ئەوروپا یان ھەر وڵاتێکی تر رەخنەگرانە بیربکاتەوە نەک تەنھا رێز لە ئازایەتی شۆڕشگێڕەکانی فەرەنسا دەگرێت، بەڵکو بەغیلیشیان پێ دەبات.

ئەم وشیارییە بەرامبەر ناعەدالەتیی ریشەکەی دەگەڕێتەوە بۆ شۆڕشی فەرەنسیی لە ساڵی (١٧٨٩) کە بە شۆڕشی چینی سێھەم ناوبانگی دەرکردوە، چونکە ئەو سەردەمە گەلی فەرەنسیی بەسەر سێ چیندا دابەشبوبو، یەکەمیان پیاوانی ئایینی و دوھەمیان نەجیبزادەکان و سێھەمیشیان جوتیاران و کاسبکارانی ناو شارەکان. لەساڵی (١٨٣٠)یشدا یەکەم راپەڕینی کرێکاران رویدا و لە ساڵی (١٨٤٨)دا شۆڕشی دوھەمی فەرەنسیی بۆ دیموکراسیی و لە (١٨٧١) کۆمونەی پاریس و لە (١٩٣٦) مانگرتنی سەرتاسەریی و وەچنگخستنی مافی کۆمەڵایەتیی لە سەردەمی حکومەتی بەرەی گەل کە یەکێک لە دەستکەوتە گەورەکانی کرێکاران بریتیی بو لەوەی بۆ یەکەمینجار مافی کارکردنیان (٤٨) سەعاتەوە کرا بە (٤٠) کاتژمێر لە ھەفتەیەکدا و مافی دو ھەفتەی پشوشیان لە ساڵێکدا بۆ دابینکرا، پاشان بزوتنەوەی کۆمەڵایەتی نوێ سەریھەڵداو لە شۆڕشی قوتابیان لە (١٩٦٨)دا بەرجەستەبو دژ بە جەنگی ڤێتنام و چەوساندنەوەی گەلانی جیھانی سێ و ژنان و دەستەبەرکردنی ئازادیی تاک. ئەمساڵیش لە دوای کۆبونەوەی ساڵانەی دەوڵەتە زلھێزە سەرمایەدارەکانی جیھان G7 کە پۆپۆلیستە ناسیۆنالیستەکان تیایدا لە مارشدان بۆ ئەوەی حکومەتەکان بگرنەدەست وەک لە ئەمەریکا و ئیتاڵیا و گەورەبونی ھێزی نیونازییەکان لە ئەڵمانیادا بینیمان، لە فەرەنسا ھیوایەک دژ بە سیاسەتی مەترسیداری سیستەمی نیولیبراڵیزمی جیھانیی لە سەر شەقامەکان دەبینرێت.

خەڵک دەیەوێت حکومەت یەک گیرفانی ھەبێت کە ھەمو ھاونیشتیمانیان مافی ئەوەیان ھەبێت موچەیەکی شایستە و ژیانێکی پڕکەرامەتیان ھەبێت
حکومەت بۆ فەرەنسییەکان وەک گەدە وایە، گەر خواردن و وەزیفەی ھەرسکردنی باش بێت، نە خۆی و نە ھاوڵاتیانی توشی ئازار و قورحە ناکات. یەکێک لە کێشە ھەرە سەرەکییەکانی حوکمڕانە نیولیبرالییەکان لە ساڵانی رابردودا ئەوەیە کە نە ئاگایان نە لە سکی خۆیانە و نە لە سکی خەڵکی. سکی سەرمایەداران تێر و قەڵەو دەکەن و سکی زۆرینەش لەڕ و برسیی. ھەر ئەم دۆخەشە وایکردوە کە ئەم جۆرە راپەڕینانە نە حیزبێک سەرکردایەتیی بکات و نە ئایدیۆلۆژیایەکی تایبەت و نە چینێکی دیارییکراویش پێشڕەوایەتیی بکات، بەڵکو ھەمو ئەوانە تیایدا بەشدارن کە زەرەرمەندی سەرەکیی پرۆسەی گلۆباڵیزەکردنی نیولیبراڵییانەی ئابوریی و سیاسەتن لە وڵاتەکەی خۆیان و دژ بە وێرانکردنی جیھانی کۆمەڵایەتیی و فەرھەنگیی و ژینگەن.

ئەوە راستە کە ھەمو حکومەتێک دەبێت دەست بە پارەوە بگرێت، چونکە موڵکی گشتییە، بەڵام ھەرکاتێک ئەم سیاسەتە بو بە سکھەڵگوشینی زۆرینەی خەڵک و سکقەڵەوکردنی کەمینەیەک، خەڵک دەڕژێتە سەر شەقامەکان و بەسەر حکومەتەکەیان دەڕشێنەوە. داواکاریی ئەم خەڵکە راپەڕیوەی سەر شەقامەکانی پاریس داواکارییەکی جیھانییە و تەنھا پابەندی خەم و مەترسییەکانی ھێلەکزەردەکانی فەرەنسا نییە.

بە کورتییەکەی خەڵک دەیەوێت حکومەت یەک گیرفانی ھەبێت کە ھەمو ھاونیشتیمانیان مافی ئەوەیان ھەبێت موچەیەکی شایستە و ژیانێکی پڕکەرامەتیان ھەبێت، نەک زۆرینە لەژێر باری زەریبە بچەمێتەوە و کەمینەیەکیش ئازادبکرێت. گیرفانی حکومەت دوکانێک نییە کە تەنھا کەمدەرامەتان پارەی تێبخەن، بەڵکو دەبێت گیرفانێکی نیشتیمانیی بێت و سامانەکەی بەسەر ھەمواندا بە عەدالەت دابەشبکرێت. ئەم پێدراوە لە ھەرێمی کوردستانیشدا راستە، چونکە ساڵانێکە سیاسەتێکی مەترسییداری نیولیبرالیی لەلایەن چینێکی سوڵتانییەوە پیادەدەکرێت کە دەیەوێت نیشتیمانی ھاوڵاتییان بکات بە موڵکی چەند خێزان و کۆمپانیایەک.
259 جار خوێندراوەتەوە