نادیە موراد و ململانێی سەرمایە رەمزییەکان

چەند رۆژێکە بابەتی خەڵاتی ئاشتیی ساڵی 2018 کە بەھاوبەشیی بە ھەریەک لەنادیە موراد و دێنیس موکویچ بەخشرا، بووە بە بابەتێکی گەرمی ناو رووبەری گشتیی لە ھەرێمی کوردستان. لەکاتێکدا زۆرینەی ھاونیشتیمانیانی ئاسایی کوردستان نادیە موراد وەکو سەرمایەیەکی رەمزیی گەلەکەی خۆیان تەماشادەکەن، ھەندێکی تر رەخنە لەوەدەگرن کە نادیە موراد خۆی بە سەرمایەیەکی رەمزیی گروپی ئێیزیدییەکان نماییشدەکات و تەنانەت لە بیۆگرافییەکەشیدا تەنھا باس لە گروپێکی ئاینیی دەکات لە ”باکووری عێراق“ و دان بە کوردبوونی خۆیدا نانێت.

سەرەتا دەبێت ئەو راستییە باسبکەین کە خەڵاتەکە لەجەوھەردا خەڵاتێکی پڕبەھای گرنگی نێونەتەوەییە و پەیامێکە دژ بە توندوتیژی سێکسیی و بەکارھێنانی وەک چەکێک لەکاتی جەنگدا، ئەوسا ئەو جەنگە ناوخۆیی بێت یان ناسیۆنالیستیی یاخود ئاینیی، ھیچ لە بەھای خەڵاتەکە ناگۆڕێت. لەتەنیشت ئەم رەھەندەوە راستییەکی تر بۆ ئێمە کورد بەرجەستەبوو کە دەبێت دوور لە گوتاری ناسیۆنالیستیی و تەخویکردن، شیکاری سۆسیۆلۆژی و عەقلانیی ئەگەری پرۆسەی بەئەتنیبوونی ئێزیدییەکان بکەین و بزانین چی روودەدات. بە بۆچوونی من بەھا رەمزییەکانی ئەم خەڵاتە چەندە رەخنەیەکی توندە و روبەڕوی ناسیۆنالیزم و فەندەمێنتالیزم و جەنگ و سێکسیزم دەبێتەوە، ھێندەش بەدیوێکی تردا رەخنەیە لە ئەزموونی ناسیۆنالیزمی ھەرێمیی (القومية القطرية‬) کوردیی کە ساڵانێکە پارتی و یەکێتی بونیاتیان ناوە و پارتی دیموکراتی کوردستانیش لەو ناوچەیەدا رابەرایەتی دەکات کە گروپی ئێزیدییەکانی تێدا دەژی.

ئەم هەرێمە لەژیر باڵادەستی دوو دەسەڵاتدارێتیی سوڵتانیی لوکاڵییدا بووە بە رووبەری ھەیمەنەی سیاسیی و سەربازیی و ئەمنیی و کولتووریی و کۆمەڵایەتی و ئابوریی حیزبیی. زمانی خوێندنی کوردییان کرد بە دوو دیالێکتی جیاواز، رەمزە نیشتیمانییە هاوبەشەکانیان نەھێشت، خەیاڵی سیاسی هاوبەشیان وێرانکرد، نموونەیەکمان نییە بەناوی سەروەری نیشتیمانیی ھاوبەش و سەرکەوتنی هاوبەش، تاوەکو ھاونیشتیمانیانی ھەرێمی کوردستان شانازیی پێوەبکەن. ھەرچی شکستە سیاسیی و نیشتیمانییەکانیشە کردوویانە بە موئامەرەی حیزبیی و دەیخەنە ملی یەکتر. مێژووی گەلەکەیان و ئابوریی نیشتیمانییان کردووە بە مێژوو و ئابووری حیزبیی و خێزانیی. پێشمەرگەیان کردووە بە لەشکری حیزبیی و شەهیدەکانیش ھیچ مانایەکی نەتەوەییان نەماوە، بەڵکو کراون بە مێژوو و موڵکی حیزبیی. ئەم پرۆسەی دابەشبوونە لە دەزگاکانی میدیا و راگەیاندنەوە دەستپێدەکات درێژدەبێتەوە و تادەگات بە کایەی وەرزش و تەنانەت کۆمپانیای مۆڵەتی تەکسیش کە ھەرھەمووی کراون بە موڵکی تایبەت و حیزبیی و لە رەھەندی نیشتیمانیی دابڕێنراون. بەکورتیی ھەموو سەرمایە ھەقیقەیی و رەمزییەکانی ئەم کۆمەڵگایە لە سەرمایەی نیشتیمانییەوە کراون بە سەرمایە و رەمزی حیزبیی. لەئەمڕۆشدا ھیچ لایەک لەم دوو حیزبە ناتوانن ئەم خانمە بکەن بە سەرمایەی حیزبیی خۆیان، چونکە ھەر ئەو کولتوورە لە حیزبییکردن دەناسن و ھەر ئەو میکانیزمە حیزبییەش لە نیشتیمانییکردن دەناسن، بۆیە خەڵاتەکەی نادیە مورادیش بووە بە سەرمایەی رەمزیی گروپەکەی خۆی و ئەو مرۆڤانەی کە تێگەیشتنێکی جیاوازتریان بۆ کوردبوون ھەیە وەک لە تێگەیشتنی پارتی و یەکێتی.

نادیە موراد تەنھا چیرۆکی تراژیدیی خانمێکی ئازای کەموێنە نییە کە مێژووی جینۆسایدکردنی ئەم گروپە ئاینییەی کوردستانی باشووری بە جیھانی دەرەوە ناساند، بەڵکو لەھەمانکاتدا ھەڵگری رەگەز و ماکی چیرۆکی دابڕانێکی ئاینیی و کولتوورییشە لە جەستەی کۆمەڵگای کوردستان کە ئەگەر و ھێزی ئەوەی تێدایە لەداھاتووی دووردا بکرێت بە سەرمایەیەکی رەمزیی و دابڕانێکی ئەتنی و سیاسییش لە کوردبوون بەرھەمبھێنێت. ھەر ئەم راستییەشە وامانلێدەکات بڵێین نادیە موراد ھەڕەشە نییە لە سەر کوردبوون، بەڵکو ھەڕەشەیە لەو مۆدێلە ناسیۆنالیستییە ھەرێمییەی کە پارتی و یەکێتی لە ٢٧ ساڵی ڕابردوودا لە کوردستانی باشووردا بەرھەمیان ھێنا.

نادیا موراد نوێنەری دابڕانێکی ڕەمزییە لە جەستەی سیاسیی کۆمەڵگای کوردستان و وەڵامی نائومێدبوونێکی سیاسییە لە کوردبوون بەو مانایەی کە حومکڕانێتی پارتی و یەکێتی لە پرۆسەی بەکۆمەڵگابوونی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی و کولتوورییدا بەرھەمیانھێنا. ئەم پرۆسەیە ھێندەی پەراوێزخستن و تەرەکردنی کۆمەڵایەتیی و ئابووریی و سیاسیی ئەم گروپەی بەرھەمھێنا، ھێندە نەیتوانی ئامێزانیان بکات. ھێندەی بەتەنھا بەرامبەر بە جینۆسایدکردن بەجێھێڵرا، ھێندە نەتوانرا بەرگریی لێبکرێت. ھێندەی لەپێناو مەرامی سیاسییدا سازشی پێکرا، ھێندە نەتوانرا بپارێزرێت. ئەوە راستە کە بەعسیزم لەرابردوودا ھەموو ھەوڵێکی دا بۆئەوەی ئەم گروپە لە کورد جیابکاتەوە، بەڵام ئەزموونی ئەم دەسەڵاتدارێتییە کوردییە لەماوەی ئەم ٢٧ساڵەی حوکمڕانییدا خۆی بووە ھۆکاری سەرەکیی دابڕانی کولتووریی ئەم گروپە، چونکە نەک ھەر نەیتوانی لە ھەڕەشەی جینۆسایدبوون لەسەردەستی داعش بیانپارێزێت، بەڵکو پێشتر کاری لەسەر قووڵبوونەوەی ئەم دابڕانە دەکرد و ئێزیدیی وەک ھاونیشتیمانیی پلەدوو مامەڵەدەکرد. ئەم پرۆسەی چەوساندنەوە و پەراوێزخستنە کولتووریی و ئاینییەی ئێزیدییەکان لەناوچەکانی خۆیان و لەژێر ھەیمەنەی پارتیدا، بوو بە ھۆکاری پەرتەوازەبوونیان لە شارەکانی تری ھەرێم و عێراق و دەرەوەی وڵات بۆئەوەی ھەلی کار دابینبکەن و ژیانێکی پارێزراوتر و باشتر بۆخۆیان مەیسەر بکەن. پاش جینۆسایدکردنیان لەلایەن داعشەوە و ھەڵھاتنی ھێزی پێشمەرگە و بەرگریی لێ نەکردنیان، ئەم پرۆسەیە قووڵتر بووەوە و بوو بە برینێکی ئەنترۆپۆلۆژیی لای ئەم گروپە و ئەزموونێکی تاڵی سیاسیی و کولتووریی لەتەک کوردبووندا.

پرۆسەی ئەتنیبوون، پرۆسەی بەرھەمھێنانی چەند وێنا و حیکایەتێکە دژ بە پەراوێزخستن و چەساندنەوەی ئایینی و نەتەوەیی و کولتووریی کە لەمەودای دووردا دەتوانێت ببێت بە ستراتیژێکی سیاسیی و پرۆسەی دابڕانی کۆمەڵایەتیی و جوگرافیی بەرھەمبھێنێت. ئەزموونی کورد وەکو گەل، خۆی بەرھەمی ئەم پرۆسەیەیە، چونکە گەر کورد نەچەوسابایەتەوە و ھەڕەشەی جینۆسایدی لەسەر نەبایە و وەک ھاوڵاتی پلە دوو مامەڵەی لەگەڵدا نەکرابایە، شتێک لەدایک نەدەبوو کە ناوی ناسیۆنالیزمی ئەتنی کوردیی بێت لەپارچەکانی کوردستان. ھەمان پرۆسەش لەمڕۆدا رووبەڕوی ئێزیدییەکان دەبێتە، چونکە گروپێکن کە نە دەسەڵاتدارێتی ھەرێمی کوردستان و نە دەوڵەتی نوێی عێراق نەیانتوانی وەکو ھاونیشتیمانییەکی ھاوماف و ھاوبەش مامەڵەی لەگەڵدا بکەن و لە ھەڕەشەی جینۆسایدی داعش بیانپارێزن و رزگاریانبکەن.

ھەروەکو چۆن ئێمەی کورد کاوەی ئاسنگەر و لەیلا قاسم و مامەریشەمان ھەیە، لەئەمڕۆشدا ئێزیدییەکان چەند رەمزێکیان ھەیە، کە دەتوانن ھەموو چرکەساتێک ئەکتیڤی بکەن و وەکو سەرمایەیەکی کولتووری و سیاسیی بەکاریبھێنن و بیخەنە ناو پرۆسەی دابڕانێکی سیاسیی ئەتنییە. یەکێک لە رەمزە ھەرە گەورە و کاریگەرەکانیانشیان لەمڕۆدا کە رەھەندێکی نێونەتەوەییشی وەرگرتووە، نادیە مورادە.

نەتەوە پێویستی بە حیکایەت ھەیە، ئەمڕۆ نادیا موراد یەکێکە لەو حیکایەتانەی کە ھەم کوردبوونێکی تر لە دەرەوەی پارتی و یەکێتی دەتوانێت بیکات بە بەشێک لە سەرمایەی رەمزیی و مێژوویی خۆی، ھەم ئێزییەکانیش دەتوانن بیکەن بە بەشێک لە پڕۆژەیەکی سیاسیی و سەرمایەیەکی رەمزیی بۆ خۆدابرانیان لەو مۆدێلە ناسیۆنالیسییە شکستخواردووەی کە پارتی و یەکێتی لە کوردستاندا بەرھەمیانھێنا.

ھەربۆ وەیادخستنەوە، من لە یەکەم لێکۆڵینەوەم بۆ چەمکی نەتەوە و گروپە ستراتیژییەکان لە ساڵی 1996 شیکاری ئەگەری پرۆسەی بەئەتنییبوونی ئێزیدییەکانم کردووە و لەم کۆتاییەشدا لە 2014دەدا و بەتایبەت لەدوای پرۆسەی جینۆسایدکردنیان لەلایەن داعشەوە ئەم ئەگەرەم جارێکی تر تاووتوێکردووە. ڕاڤەی ئەوەم کردووە کە ئێزیدییەکان وەکو گروپ ھەموو کەرەسەکانیان بۆ ئەم پرۆسەیە لەبەردەستدایە، بۆئەوەی دابڕانێکی کولتووریی و ئاینیی و سیاسییش بەرھەمبھێنێت.

زانستی سیاسەت ئەو ڕاستییە تیۆرییەی سەلماندووە کە ھەر کاتێک گروپێک یەکەم حیزبی سیاسیی تایبەت بەخۆی دروستکرد، دەتوانێت ئەکتیڤانە دەستکاری چەمکی نەتەوە بکات و پرۆسەی ئەتنییبوون وەگەڕبخات. لە ڕووی تیۆرییەوە ئێزیدییەکانیش لە جینۆسایدکردنیانەوە و لە دوای نادیە مورادەوە خاوەن سەرمایەیەکی سیمبوڵی گەورەی مێژوویین، ھەموو رەگەزەکانی پرۆسەی ئەتنیبوون و خۆدابڕانیان لە کورد تێدایە، چ لە ڕووی ئایینییەوە، چ لە ڕوی جوگرافییەوە و چ لە ڕووی بوونی نادادی کۆمەڵایەتی و ئابوورییەوە تادەگات بە پرۆسەی جینۆسایدکردنیان. شایانی باسە کە دەرھاویشتەی ئەم پرۆسەی پەراوێزخستن و تەرەکردنە تەنھا بەئەتنیبوونی ئێزیدییەکان نییە، بەڵکو بەپلە و چڕیی جیاواز ھەورامییەکان و زازاییەکان و کاکەییەکان و چەندین گروپی تریش دەگرێتەوە کە لەداھاتوودا ھەڵگری ئەم ئەگەرەن.

لەمڕۆشدا نادیا موراد دوای وەرگرتنی خەڵاتی ئاشتی سەرمایەیەکی رەمزیی دروستکرد کە دەشێت پرۆسەی دابڕانی ئەم گروپە قوڵتربکاتەوە و ماڵئاوایی لەو مۆدێلە فاشل و شکستخواردووە لە کوردبوون بکات کە پارتی و یەکێتی لە ھەرێمی کوردستاندا بەرھەمیانھێنا. بۆئەمەش جگە لەو مێژووە درێژە تراژیدییەی کە لەگەڵ چەوساندنەوەی ئایینی و کۆمەڵایەتییدا لەگەڵ دەسەڵاتدارێتی ناسیۆنالیزمی ھەرێمیی عێراقیی و کوردییدا ھەیانە، خاوەن مێژوویەکی تایبەتمەندی جینۆسایدیشن لەسەر دەستی داعش. بۆئەوەی ئەم سەرمایە رەمزیی و تراژیدیا ئینسانییەش بکەن بە ستراتیژێکی سیاسیی بۆ خۆدابڕانی ئەتنیی، پێویستیان بە رۆشنبیر و حیزب و رێکخراوی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی ھەیە کە نوێنەرایەتییان بکات و مێژووی تایبەت بەخۆیان بۆ بنووسێتەوە و وشیاری دەستەجەمعییان بۆ بەرھەمبھێنێت و کار لەسەر ئەکتیڤکردنی ئەم پرۆسەیە بکات.

ئەو فاکتە سۆسیۆلۆژیی و سیاسییانەی لەبەردەستماندان، وامان لێدەکەن نەک تەنھا رەخنە لەو دیدگا ناسیۆنالیستییە کاڵفامە بگرین کە ئێزیدییەکان بە کەمکورد و بە موئامەرەچیی لە ناسیۆنالیزمی کوردیی دەبینن، بەڵکو پرۆسەی ئەتنییبوونی ئێزیدییەکان وەک دەرئەنجامی شکستی ئەزموونی ئەم مۆدێلە لە ناسیۆنالیزمی کوردیی تەماشابکەین کە نەیتوانی وێنەیەکی نوێ لە شوناس و وێنایەکی نوێ لە کوردبوون بەرھەمبھێنێت و پێشکەشی ئەم گروپە زوڵملێکراوەی بکات، تاوەکو وەلائەتی بۆی ھەبێت و ھەستبکات کە ھاونیشتیمانییەکی ھاوماف و ھاومێژوو و ھاوخاک و ھاوچارەنووسە و دەبێت لەھەموو چەوساندنەوەیەکی ئایینی و ھەڕەشەیەکی جینۆسایدکردن بپارێزرێت.

129 جار خوێندراوەتەوە