بەسرە، توندوتیژیی وەکو ئەڵتەرناتیڤی نائومێدیی


بەسرە چەندە یەکێکە لە شارە ھەرە دەوڵەمەندەکانی جیھان و ھێندەش یەکێکیە لە شارە ھەرە پەراوێزخراوەکانی جیھان. مامەڵەی دەوڵەتی عێراق لەگەڵ ئەم شارە لە مامەڵەی دەوڵەتێک ناچێت لەگەڵ بەشێکی خۆی، بەڵکو لە مامەڵەی دەوڵەتێکی کۆلۆنی دەچێت لەگەڵ ناوچەیەکی کۆلۆنیکراو، چونکە ساڵانێکە داھاتی ئەم ناوچە دەوڵەمەندە بە سامانی نەوت و غاز، دەدزرێت و خەڵکەکەشی بێبەرین لە بچوکترین و سەرەتاییترین خزمەتگوزاریی ئینسانیی.

چ لە عێراق و چ لە ھەرێمی کوردستان زیاد لە ھێزێکی سیاسیی باڵادەست ھەیە کە ھیچ پەیوەندییەکیان بە خەمی کۆمەڵگاکەیانەوە نەماوە

چ لە عێراق و چ لە ھەرێمی کوردستان زیاد لە ھێزێکی سیاسیی باڵادەست ھەیە کە ھیچ پەیوەندییەکیان بە خەمی کۆمەڵگاکەیانەوە نەماوە. خولیای سەرەکیی ئەوان دزینی سامان و داھاتی گشتییە و دابەشکردنی ئەو داھاتەشە لەنێوان خۆیاندا. مۆدێلی دابەشکردنی ئەو کێکەش لەدوای ھەموو ھەڵبژاردنێکدا بە دروستکردنی کوتلە و بەرە و لیستی گەورە دەستپێدەکات کە رێتسێپتەکەی لە ئەمریکا و ئێران و وڵاتانی تری دراوسێوە دەنێردرێت. دانیشتوانی ئەم وڵاتە یەک مۆدێلی دیموکراسیی دەناسن، ئەویش دیکتاتۆرییەتی ھەڵبژاردنە. ھەڵبژاردن بووە بە کەرەسەیەک بۆ بنجبەستکردنی مۆدێلی دەسەڵاتگەریی سیاسیی کە تیایدا ئۆپۆزیسیۆنی سیاسیی ئەوەندە خزمەت بە پرۆسەی سیاسیی دەکات کە وەکو دۆڕاوێکی مسۆگەر لە ھەڵبژاردنەکاندا بەشداربێت.

تەنھاکەوتنی کۆمەڵگاو مەترسیی نەمانی ئۆپۆزیسۆن لە ھەموو کۆمەڵگایەکدا زەنگێکی مەترسییدارە. بەتایبەت لە کۆمەڵگاگەلێکی وەکو کۆمەڵگای ئێمەدا، نەمانی ئۆپۆزیسیۆنی سیاسیی مانای نەمانی ئەو بژاردەیەیە کە ھاوڵاتییان لەڕێگای ململانێی مەدەنییەوە بتوانن گۆڕانکاریی واقیعیی لە ژیانی خۆیاندا دروستبکەن. لۆژیکی گەشەسەندنی ئەم دۆخەش پەنابردنی خەڵکی مەدەنییە بۆ توندوتیژیی وەکو دوائەڵتەرناتیڤ بۆ دروستکردنی گۆڕانکاریی.

 

ئه‌م وتاره‌ له‌ ئه‌كاونتی تایبه‌تی نوسه‌ر وه‌رگیراوه‌:

 

480 جار خوێندراوەتەوە