ئایا کار دەگاتە داخستنی گەروی هورمز؟ ​

یەکێک لەوکارتانەی ئەگەر ئێران بگاتە تینی بەکارهێنانی ئابلوقەدانی گەروی هورمەزە، کە بەئاشکرا موحسینی رەزایی سەرۆکی پێشوی سوپای پاسدارن، باسی لێوەکرد و ئاماژەی بەوەکرد ئەگەر پێوستبکات دەستی بۆدەبەن، بەڵام ئایا بەکارهێنانی ئەو کارتە ئەوەندە ئاسانە؟ داخۆ توانای ئەنجامدانییان هەیە؟ ئایا هاوکارەکانی ئێران وەک ڕوسیا و چین قبوڵیانە ئێران لەدواساتی بەرگریکردن لەخۆی پەنای بۆ بەرێت؟

 

رێرەوی ئاویی گەروی هورمز، رێرەوێکی بەرتەسکە و کەوتۆتە نێوان ئیران و دەوڵەتی عومان، کە یەکیکە لە گرنگترین رێڕەوی ئاویی جیهان و لە رۆژێکدا (20) ملێۆن بەرمیل نەوتی پێدا دەگوازرێتەوە و (25%) گازی سروشتی جیهان لەوێوە رەوانەدەکرێت، کە بەهای بازرگانییەکانی وزە بەهۆیەوە لەساڵیکدا دەگاتە (600) ملیار دۆلار، ئەگەر بێتو ئەم رێرەوە ئاوییە دابخرێت نرخی یەک بەرمیل نەوت دەبێتە (150) دۆلار، ئەوە جگە لەوەی گەورەترین قەیرانی وزە بۆ وڵاتانی ئەوروپا و ئاسیا دروست دەکات، چونکە وڵاتێکی گەورەی وەک چین (40%)ـی و یابان (80%)ـی یەکێتی ئەوروپا (70%)ـی و ئەمریکا (50%)ـی پێداویستییە وزەکانییان لەوێوە پێدەگات، هەروەها وڵاتانی کەنداو بەرێژەیەکی تەواو پشت بەو رێرەوە دەبەستن بۆ هەناردەکردنی نەوتەکەیان، لەوانە قەتەر و کوێت بەرێژەی (100%) و ئیمارات بەرێژەی (99%) و عێراق بەرێژەی (98%) و سعودیە بەرێژەی (88%)ـی نەوتەکانییان بەوێدا هەناردە دەکەن.

 

کەواتە داخستنی گەروی هورمز کارێکی زۆر ئەستەمە و بەو کارەی ئێران فشاری نەیارەکانی بۆ دژایەتیکردنی زیاتر دەبێت و لەلایەکی ترەوە وڵاتە هاوکارەکانیشی وەک چین زیانی بەردەکەوێت و پشتیوانی ئەو کارە لە ئێران ناکات، ئەوە جگە لەوەی ئەمریکا بۆ پاراستنی ئەو رێرەوە چەندین بنکەی دەریایی لە نزیکی جێگیرکردوە و بەتوندی بەربەرچی دەداتەوە، خۆ ئەگەر بێتو ئێران پەنای بۆ بەرێت، روبەروی جەنگێکی دەریایی وا دەبێتەوە بەسانایی لێی دەرباز نابێت، رەنگە لەسەرەتادا بەرگرییەکی کەمی بۆ بکرێت و بۆ چەند رۆژێک هاتوچۆی دەرییای بوەستێنیت و زیان بەئابوری جیهان بگەیەنێت و قەیرانی کەمی وزە بخولقێنێت، بەڵام بەهۆی سرەواندنی گورزی کوشندەوە لێێ لەماوەیەکی کەم هێزە دەریاییەکانی تێکدەشکێت و لەو کاتەدا هیزی ئاسمانی و دەریایشی لەوناو دەچێت و ئەوکات هێزێکی لاوازی وشکانی بەبێ لوجستیی و هەواڵگری بۆ دەمێنیتەوە، کە نەک بەرگەی هەرەشەی ململانێی نتودەوڵەتی ناگرێت، بەڵکو بەرگەی ململانێ ناوخۆییەکانیشی ناگرێت. 

236 جار خوێندراوەتەوە