- خوێندنەوە کاتە.
ئەو کاتەیە کە تۆ خۆت بڕیار ئەدەی چی بخوێنیتەوەو لە چییەوە دەسپێبکەیت، کە لە منت پرسی کام کتێب بخوێنمەوەو لەچییەوە دەسپێبکەم، یەعنی هێشتا کاتی خوێندنەوەت نەهاتووە.
لێرەدا کیشەکەش هەر ئەوەنیە کە کەسێك لە نوسەرێك ئەپرسێ چی بخوێنمەوە، کێشەکە ئەوەیە نوسەرەکە ڕێ بەخۆی ئەدا پێ ی بڵێ ئەوە بخوێنەرەوە!
- خوێندنەوە بڕیارە.
ئەو بڕیارەیە کە بە تەنیا خۆت ئەیدەیت و بەشداری بە کەس ناکەیت تیایدا، چونکە خوێندنەوە تەنیا وەسیلەیەو تۆ لە وێنە گەورەکەدا بڕیاری ئازادیی ئەدەیت نەك بڕیاری خوێندنەوە، بڕیاری ئازادیش دابڕاوانە ئەدرێ.
- خوێندنەوە ئازادییە.
ئەوەنیە کە لەوسەرەوە بچێتەوە سەر ئازادیی، ئەوەیە کە لەمسەرەوە بە ئازادی دەسپێئەکات، چونکە ئەگەر وانەبێ ئەچێتەوە سەر کۆیلایەتی، خراپترین کۆیلایەتیش ئەوەیانە کە بەناو کتێبدا ئەڕوا.
- خوێندنەوە دابڕانە.
ئەبێ خوێندنەوە خواستی تۆبێ بۆ جیاوازیی، نەك بۆ لێکچوون و لاساییکردنەوە، ئەگەر مەسەلەکە لاسایی بێت، دواتر نابیتە خاوەن بیرێکی فراوان، تەنیا ئەبیتە خاوەن کتێبخانەیەکی گەورە.
- خوێندنەوە حەزە.
ئەگەر حەزت لێنیە مەخوێنەرەوە، کە ئەشخوێنیتەوە ئەوە بخوێنەرەوە کە خۆت حەزت لێیەتی، نەك ئەوەی کە باوەو ئەوان ئەیخوێننەوە، چونکە تۆ تەنیا لە حەزی خۆتدا ئەتوانی قووڵ ببیتەوە، تەنیا لەو قووڵاییەشدا ئەتوانی فکری خۆت بەرهەم بهێنیت، لە ناحەزییەکاندا هەمیشە لە تەنکاییدایت و هەمیشە تووتی و بەکاربەری بیری ئەوانیتریت.
- خوێندنەوە بەرهەمهێنانە.
مەبەستم ئەوەنیە هەموو خوێنەرێك ببێ بە نوسەرو توێژەر.. مەبەستم ئەوەیە کە هەموو خوێنەرێك ببێ بە ئینسانێکی بیرکەرەوە، چونکە بیرنەکردنەوە جەهل بەرهەمئەهێنێ و جەهلی موسەقەفیش زۆر ئەستورترە لە جەهلی سادە!
- خوێندنەوە کتێب نیە.
خوێندنەوە (بیرکردنەوەو تێڕامانە) لە خۆت و لە هەموو شتێك، لە کتێب و لە خوێندنەوەش!
خوێندنەوە وەکو "ئامانج" کەرەستەی کۆیلەکردن و گەمژەکردنە، وەکو وەسیلەو بەشێك لە پرۆسەی "بیرکردنەوە" هۆشیاری و ئازادییە.
- خوێندنەوە کەسایەتییە.
بۆ ئەوەی واشبێت، هەرگیز شتەکان وەك ئەوە وەرمەگرە کە نوسراون، چونکە نوسراوەکان موجەڕەدو دابڕاونین لە کەسایەتی نوسەرەکانیان، دەی تۆش کەسایەتی خۆتت هەیە!
یەعنی کتێب و نوسینەکان بۆ ئەوەنین کە بیانخوێنیتەوە، بۆ ئەوەن کە خوێندنەوەت بۆیان هەبێت.
- خوێندنەوە زانینە.
زانینی ئەو شتانە نا کە نوسراون، زانینی ئەوەی کە خوێندنەوە "جوڵەیە"!
پێش خوێندنەوە ئەمە بزانە بۆ ئەوەی دواتر لە هیچ فیکرو کتێب و نوسەرێکا نەچەقیت.
- خوێندنەوە خۆشەوستییە.
ڕەنگە بڕیاری پێشوەختە خراپترین و سەربەگۆبەنترین فعلی ئینسان بێت، بەڵام لە خوێندنەوەدا پێشوەخت بڕیاربدە کە خوێندنەوە خۆشەوسیتییە، بۆ ئەوەی ئەمە ببێتە فلتەرێك و نەیەڵێ ڕقی ناو کتێبەکان بپەڕنەوە بۆ ناو دڵت، بۆ ئەوەی خوێندنەوە نەبێتە پاشخانێکی نەزەریی بۆ وەحشێکی فعلی.
- خوێندنەوە سەرچاوەیە.
بەڵام تەنیا سەرچاوەی مەعریفە نا، سەرچاوەی جەهلیش. تەنیا سەرچاوەی پێشکەوتن نا، سەرچاوەی تەخەلوفیش.. ئەگەر ڕۆمانسییانە پێتوایە خوێندنەوە بە موتڵەقی ئیجابییە، هێشتا بە کەڵکی خوێندنەوە نایەیت!
بەکارهێنانی خراپی کتێب، غیابی خۆتە لە ناو خوێندنەوەیەکی ئایدیۆلۆژیانەدا.
بەکارهێنانی باشی کتێب وجودی خۆتە لە ناو خوێندنەوەیەکدا، کە تەنیا بەها باڵا ئینسانییەکان تیایدا خەتی سورن.
- خوێندنەوە کرانەوەیە.
بۆ ئەوەی کرانەوەش بێت، ئەبێ پرسیار دروست بکات نەك وەڵام بداتەوە!
ئاگاداربە داخران و دەمارگیری لە وەڵام و یەقیندایەو کرانەوەو تۆلێرانس لە پرسیارو گوماندا.
- دواجار خوێندنەوە شعورە.
نانی خۆت بخۆیت و چێژی لێوەرگریت، یان لە پەناوە نانێ ببەخشی و ویژدانت ئاسودەکەی، بگومان ئەو دووانە زۆری فەرقە لەگەڵ ڕەسمگرتنی خواردن و پۆستکردنی لە فەیسبوك!
لە پەناشەوە خەریکی خوێندنەوەبی و سودو چێژی لێوەرگریت، یان لەوەش زیاتر خۆت بکەویتە نوسین و بەرهەمت هەبێ، بێگومان ئەم دووانەش زۆری فەرقە لەگەڵ کتێب ڕیزکردن و پۆزلێدانی سەقافی..
وەکچۆن سفرەو خوانەکەت بۆ تۆیەو مەفروزە شعورت هەبێ و بەوانیتری نەفرۆشیتەوە، خوێندنەوەش هەر وا.
تێبینی/
١- هەنێ هاورێ پرسیاری کتێب و خوێندندنەوەیان لێکردوم.. ئەمە وەڵام نیە بۆ ئەوان، بەڵکو نامەی ئەوان پرسیاری لا دروستکردم و ئەمە وەڵامی پرسیارەکانی خۆمە.
٢- من خوێنەرێکی باش نیم و بەینیشم لەگەڵ کتێب زۆر خراپە، یەعنی قسەی من لەسەر کتێب و خوێندنەوە بە هەند وەرمەگرە.
1162 جار خوێندراوەتەوە