چاکسازی و پەرلەمان

- چاکسازی "بەردەوامیی"یە.


چاکسازی پرۆسەیەکی بەردەوامەو هەر چاکسازییەك ئەگەر بچوکیش بێت، بە مەرجێ بەشێكبێت لە بەردەوامیی چاکسازی، جێگەی تەقدیرە. بەڵام چاکسازییەك کە کۆتایی بە سیفەتی بەردەوامیی چاکسازیی بهێنێ، هەرچەن گەورەشبێ، جێگای ڕەتکردنەوەیەو ئەوە چاکسازی نیەو خودی گەندەڵییە! چونکە چاکسازی بە بەردەوامییەکەی چاکسازییەو ئەگەر ئەو سیفەتە لەدەست بدا ئیتر چاکسازی نیە.


- چاکسازی بە شەرتی گەندەڵی.


تۆزێ چاکسازیی لە سفرچاکسازیی باشترە، بەڵام ئەو گەندەڵییەی ئەمێنێتەوە هەر گەندەڵییەو ئەو تۆزە چاکسازییە، گەندەڵییە ماوەکە ناکات بە ناگەندەڵیی!


چاکسازییەکەی ئێستاش، ئەگەر هەنگاوێكبێ و هەنگاوی تری بەدوادابێت، باشەو بەخێربێت. بەڵام ئەگەر ئەم تۆزە چاکسازییە، بۆ کۆتاییهێنان بە چاکسازی و شەرعیەتدان بە گەندەڵییە ماوەکەبێت، ئەوکات دژایەتی چاکسازیی ئەبێتە ئەرکێکی ئەخلاقی!


- چاکسازیی ناپۆپۆلیزمە.


چاکسازیی پێشئەوەی پرۆسەیەکی سیاسی و ئیداریی و هەرشتێك بێت، پرۆسەیەکی ئەخلاقییە. پۆپۆلیزمیش پرۆسەیەکی نائەخلاقییەو لەسەر ئیستغلالکردنی عەوام دامەزراوە نەك لەسەر مەسڵەحەتی عام.


لە چاکسازیدا ئەخلاقی سیاسی سەنتەرەو لە پۆپۆلیزمدا عەوامسازی و دروشمبازی. لێرەشەوە پۆپۆلیست ئەتوانێ نمایشی چاکسازیی بکات، بەڵام ناتوانێ خودی چاکسازی بکات!


- چاکسازی ئارامییە.


چاکسازی پرۆسەیەکی ئارامەو پۆپۆلیزم هەراو فەوزایە، ئەوانەی هەموو ئامانجیان ئەوەیە کە گۆڵێکی سەر شاشە بۆ شەخسی خۆیان یان هێزەکەیان تۆماربکەن، بکەری چاکسازیی نین، چونکە چاکسازیی ئەخلاقەو ئەلف و بێ ی ئەخلاقیش، تێپەڕاندنی "من"ە لەپێناو هەموو. بەکورتی چاکسازی کارە بەڵام پۆپۆلیزم شۆیە.


- چاکسازیی کاری تیمە.


لە چاکسازیدا هەمووان یەك تیمن بەرامبەر گەندەڵی، نەكئەوەی هەرکەس یاریکات بەرامبەر ئەویتر. هەموو بەرامبەر گەندەڵی یاری بکەن ئەیبەنەوە. هەموو بەرامبەر یەكتر یاری بکەن، گەندەڵی لە هەموویان ئەباتەوە.


مەسەلەن لەکاتی لەچاکسازیدا دابەشکارییەکانی بەرەی گەل و بەرەی گەندەڵ.. زەڕبەیە لە چاکسازی.


- گەندەڵی قۆناغێکی گەشەی حوکمڕانییە.


ئەوە ڕاست نیە کە چاکسازیی بە گەندەڵ نەکرێ، ئەسڵەن خودی گەندەڵی، پێویستی بە ئەپدەیتەو گەندەڵی ئەگەر زوو زوو خۆی تەعمیر نەکات، بیناکەی ئەڕوخێ!


شێخێکی خلیج، بەتەنیا خۆی، بەقەت هەموو دزەکانی ئێمە دزی لە وڵاتەکەی کردوە، بەڵام بەردەوامیش چاکسازی ئەکاو لە چاکسازیی نەوەستاوە، چونکە چاکسازی بەردەوام، بەردەوامی بە گەندەڵییەکەی ئەویش ئەدات!


گرنگە دەسەڵاتی ئێمەش، لە مەرحەلەی چەتەییەوە بپەڕێتەوە بۆ مەرحەلەی گەندەڵی و جارجار دەسێك بەخۆیدا بهێنێ، لەبەر ئێمە نا، هەر لەبەر خۆی.


- پەرلەمان ڕادیۆ نیە.


پەرلەمان نە هی ئەوەیە دەسەڵات بیکات بە کائینكی بێدەنگ، نە هی ئەوەیە موعارەزە بیکات بە کائینێکی چەنەباز. ڕاستە پەرلەمان ئەبێ دەنگی هەبێت، بەڵام کورتکردنەوەی پەرلەمان لە دەنگدا، بە ڕادیۆکردنی پەرلەمان و بەتاڵکردنەوەی پەرلەمانە لەخۆی!
لەنێوان ڕادیۆیەکی کوژاوەو ڕادیۆیەکی داگیرساودا، پەرلەمان ئەبێ هیچیان نەبێ و بڕێك خۆی بێت.


کەمێ کرداری پێکەوەیی چاکسازی، باشترە لە دنیایەك دەنگەدەنگی ئەم یان لە دنیایەك بێدەنگی ئەو. بەڵام چاکسازییە پێکەوەییەکە، چاکسازیبێ نەك گەلەکۆمە.

306 جار خوێندراوەتەوە