بەری خۆر بەبێژنگ ناگیرێ

سڵاو کاک سەڵاح
هیوام باشی جەنابتە

من لە مانگی حەوتی ساڵی ٢٠١٧ واتە دومانگ دوای مەرگی کاک نەوشیروان، تەلەفونم بۆ کردی، وتم دەمەوێت لەسەر مێژو و چۆنیەتی دروستبونی کۆمپانیای وشە کتێبێک بنوسم، کەبۆخۆت دەزانی من لە مانگی ١ی ٢٠٠٧وە کاری تێدا دەکەم و شارەزای سەرەتای پڕۆژەکەم، بەڵام کتێبەکەم زیاتر پشت بە چاوپێکەوتن و بەڵگەنامە دەبەستێت. جەنابیشت لە دەستەی دامەزرێنەری کۆمپانیای وشەیت دەمەوێت چاوپێکەوتنت لەگەڵ بکەم، ئەوەبو فەرموت لێکردم و هاتمە لات بۆ ماڵەوە لەگەڕەکی عەقاری، چاوپێکەوتنم لەگەڵ کردی و (چاوپێکەوتنەکەمان ریکۆرد کرد) پرسیارم لە جەنابت کردوە کە چۆن گردی زەرگەتە بو بە موڵکی کۆمپانیای وشە؟

جەنابت لەوەڵامدا دەفەرموی ( کاک نەوشیروان کە لە ٣ی ١٢ی ٢٠٠٦ بەفەرمی لە کۆبونەوەی مەکتەبی سیاسی یەکێتی لە بەغدا وازی هێنا، رۆژانی دواتر مام جەلال وەک هاوڕێیەکی نزیکی دەیان ساڵەی، پێی دەڵێ چیت دەوێ هاوکاریت بکەم بۆ پڕۆژە رۆشنبیریەکەت؟ کاک نەوشیروان ئەڵێ بڕێک پارەو جێگایەک کاری تێدابکەم.

ئەوەبو لە ئیدارەی گشتی یەکێتی پێشنیازی گردەکەیان بۆ کاک نەوشیروان کرد، کە موڵکی نۆکان بو، ئێمەش ئەوکاتە لەگەڵ کاک نەوشیروان چوین سەیری گردەکەمان کرد بەحسابی خۆمان پارچەیەکمان لەخەیاڵی خۆمان دانابو لەگردەکە بمان دەنێ و ئەوبەشەمان پێباش بو کە ئەڕوانێت بەسەر خوێندنگای ئامادەیی رەنگین و فولکەی خاڵە حاجی دا، بەڵام مام جەلال هەمو گردەکەی بۆ دانابوین، کە ئێمە تەسەورمان نەدەکرد.

هەرەها لە چاوپێکەوتنەکەدا دەفەرموی دەستەی سەرەتای دامەزرێنەر (نەوشیروان مستەفا، ملازم عومەر، قادری حاجی عەلی، سالار عەزیز، سەڵاح رەشید…..هتد) گفتوگۆ لەسەر خاوەنداریەتی کۆمپانیای وشە کرا، کاک نەوشیروان وتی با موساهەمە بێت و بەناوی ئێوەشەوە بێت (واتە دەستەی دامەزرێنەر یان دەستەی بەرێوەبردن)، جەنابت هەروەها لە تۆمارەکەدا ئەفەرموی لەدەستەکە یەکێک حەزی لێبو بەناوی دەستەکەوە بێت، یەکێکی تر وتی با بەناوی شەخسی کاک نەوشیروانەوە بێت، یەکێکی تر بۆچونی تری هەبو….، سەرەنجام کاک قادری حاجی عەلی وتی برادەران با بەناوی کۆمپانیاکەو شەخسی کاک نەوشیروانەوە بێت، چونکە کە من مردم رەنگە نەوەکانم داوای سەهم بکەن، . سەرەنجام ئەم رەئیەی کاک قادر جێگیر بو.

کاک سەڵاح، هیوادارم وردترو بە حەکیمانە تر قسە لەسەر ئەم پرسە بکرێ و بەدیقەتتر دەستەواژەکان بنوسرێت، چونکە بەکارهێنانی دەستەواژەی «داگیرکردن» زۆری فەرقە لەگەڵ پێدان و بەکارهێنانی گردێک بۆ بەرپاکردنی شۆڕشێکی گەورەی هۆشیاری سیاسی جەماوەری کە بەشانازیەوە جەنابت جگە لەوەی نزیکی ٥٠ ساڵ هاوڕێی کاک نەوشیروانی لەکۆتایشدا (١٠) ساڵ رێبواری رێی ئەو کاروانە بویت و دەستە راست و نزیکی کاک نەوشیروان بویت و دەیان ئەرکی گەورەی وەک سەرپەرشتیاری کەی ئێن ئێن و رێکخەری ژوری پەیجوری (رێکخستنی گۆڕان) و تا هەڵبژاردنی مانگی ٥ی ٢٠١٨ ش پشتیوانی گۆڕان بویت.
چونکە دەبێ زۆر وریابین رەخنەگرتن لە شێوازی ئیدارەدانی ئێستای گۆڕان لەدوای مەرگی کاک نەوشیروان، پەل نەکێشێ یان خوانەخواستە بە ئاقارێکدا نەروات کاک نەوشیروانی پێبشکێت، چونکە کاک نەوشیروان لەو سەرکردە سیاسیە دەگمەنانە بوە کە خاوەنی بەرزترین مۆڕاڵی سیاسی و ئەخلاقییە.

تکام لە بەرێزت ئەوەیە حەکیمانە تر لەسەر ئەم پرسە قسە بکرێ و شتێک نەڵێی سبەی لێی پەشیمان بیت!!!

چونکە ئەم رەئیەت سەد لەسەد کەوتۆتە ژێر کاریگەری سۆز و رق لە سیاسەتی رۆژگاری ئێستای برادەرانی گۆڕان و کەوتنە ژێر کاریگەری ئەملاولا!

چونکە شکاندنی کاک نەوشیروان زیانێکی گەورەیە بۆ پرسی کورد و جوڵانەوەکەی، زیانێکی گەورەیە بە ئاراستەی نائومێدکردنی زیاتری ئێستای خەڵک.

رێزی زۆرم
سیروان رەشید
٩ی٣ی٢٠٢٣

174 جار خوێندراوەتەوە