(2020) بۆ كورد مەترسیدارە!

بۆ كورد چونە ناو ساڵی ‌(2020)، تەنیا گۆڕینی‌ ژمارەیەكی‌ حیسابی‌ نییە، بەڵكو سەرەتای‌ گۆڕانێكی‌ مەترسیدارە كە چاوەڕواندەكرێت بەسەر ژیانی‌ سیاسی‌‌ و ئیداریی‌ هەرێمدا بێت.

سبەینێ‌ كە پێدەنێینە ناو ساڵی‌(2020)، دەسەڵاتداران بە كۆمەڵێك شكستی‌ زۆرەوە دەمانخەنە ساڵێكی‌ نوێوە، كە پێدەچێت سەرەتای‌ دەستپێكردنی‌ قۆناغێكی‌ دژواربێت كە روبەڕومان دەبێتەوە.

لەسەر ئاستی هەرێم؛
* فایلی خزمەتگوزاريی‌: ناڕەزایی‌ پەنگخواردوی هاونیشتیمانیان لە كەمیی‌ خزمەتگوزاری‌‌ (كارەبا، موچە، سوتەمەنی، دامەزراندن و هەلی كار)، تا دێت رقئەستورتر خۆی‌ نمایشدەكات‌، چونكە هەرێم سەرباری‌ داهات و ئیمكانیەتێكی‌ دارایی‌ باش، بەڵام دەسەڵاتداران نەیانتوانیوە هیچ یەكێك لە گرفتە سەرەكییەكانی‌ رۆژانەی هاوڵاتییان چارەسەر بكەن‌ و كارنامەی‌ تازەی‌ كابینەی‌ نوێش بەشێوەیەكی‌ گشتگیر باس لە چارەسەركردنی‌ گرفتە خزمەتگوزاری‌‌ و كۆمەڵایەتییەكان دەكات، بەبێ‌ ئەوەی‌ ئەولەویات بۆ چارەسەركردنی‌ گرفتەكانی‌ رۆژانەی‌ هاوڵاتییان دابنێت.
* فایلی ناشەفافیەت و گەندەڵی: دواخستنی چاكسازيی و خاووخلیچكی حكومەت لە ئەنجامدانی چاكسازيی ریشەیی و جددی، لەبەرامبەر ئەو قەبارە گەورەیەی گەندەڵی و ناشەفافیەت، لە بونی داهاتی ناوخۆ و نەوت و دزی گەورەی گومرگەكان و پێدانی زۆرینەی كۆنتراكت و گرێبەستەكانی ناوخۆ بۆ شەخس و كۆمپانیاكانی دەسەڵاتداران، بێگومان دواخستنی چاكسازيی بەرلەوەی لە زیانی خەڵك بێت، بە زیانی دەسەڵاتدارانە.

* فایلی دو ئیدارەیی: هێشتا بەهۆی‌ سیاسەتە بەرژەوەند حیزبییەكانی‌ (یەكێتی و پارتی)یەوە، كورد ناوماڵی‌ خۆی‌ رێكنەخستوەتەوە‌ و ماڵێكی‌ پەرتەوازەی‌ هەیە، راستە یەك حكومەتمان هەیە، بەڵام بەكردەوە‌ سیستمی‌ سياسى‌ هەرێمى كوردستان دو ئیدارەیە و (یەكێتی و پارتی) سیستمێكی تۆتاليتار (شمولى) يان دامەزراندوە و بڕێكی زۆر داهاتی سلێمانی و هێزی پێشمەرگە و هێزە ئەمنیەكان، یەكێتی بەجیا تەحەكومی‌ پێوە دەكات‌ و هەولێریش بەهەمانشێوە كە سەد لە سەد وەك (20)ساڵ‌ پێش ئێستایە.

لەسەر ئاستی‌ عێراقی‌؛
* هەمو ئاماژەكان رو لەوەن هەڵبژاردنی پێشوەخت لە عێراق ئەنجامدەدرێت، سیناریۆكە شیعەكان دایانڕشتوە؛ كۆمیسیۆنیان دروستكردەوە، یاسای هەڵبژاردنیان بە ویستی شەقام و قازانجی فراكسیۆنی گەورە بڕیار لێ‌ دایەوە، پەرلەمان ئەگەری خۆ هەڵوەشاندنەوەی بەهێز تربوە. بەنیسبەت كوردەوە یاسای هەڵبژاردنەكە، یاسایەكی مەترسیدارە، سەرباری ئەوەی زەحمەتە كورد لە دیالە و سەڵاحەدین و بەغدا هیچ كورسیەك بەدەستبێنێت، لە كەركوكیش بەهۆی سیستمەكەوە ئەگەری دۆڕانمان هەیە. بۆیە بەهەمو ماناكان، ئەو هەڵبژاردنە، داهاتوی‌ سیاسیی‌ عێراق دیاری‌ دەكات‌ و كوردیش سەنگ‌ و پێگەی‌ لەو لاوازیەی ئێستا لاوازتر دەبێت.

گوتارو پێگەی كورد لە بەغدا ئەمڕۆ لەهەمو كات زیاتر پەرش و بڵاوەترە و سێ‌ تیم نوێنەرایەتی كورد و هەرێم دەكەن (پارتی، یەكێتی، گروپی 15) هۆكاری ئەو پەرتەوازەییەش دیسانەوە (پارتی و یەكێتی)ن و ئامادەنین لە مافدا گروپی (15) بەشدار بكەن، ئەوە جگە لەوەی تەنگژەكانی‌ هەرێمیش لەگەڵ‌ بەغدا (بودجە، نەوت، دەسەڵات، خاك)، نەك هەر چارەسەر نەكراون، بەڵكو لە گرژییدا دەخولێنەوە.

ئەو ئاستەنگ و شكستانە، تەنها زادەی روداوەكانی (2019) نین، بەڵكو دەرەنجامی كۆمەڵێك گۆڕانكارین لە پارسەنگی هێزدا، كە بەشە زۆرەكەی تاوانەكەی هی دەسەڵاتدارانمانە.

بۆیە؛ (2020) ساڵێكی‌ چارەنوسسازە بۆ كورد، خودا كوردستان بپارێزێت.

1073 جار خوێندراوەتەوە