نەوشیروان مستەفا و چەند وشەیەک

ڕەنگە ملیۆنان سەرکردە لە جیهاندا سەرۆکایەتی گەلەکانیان کردبێت، بەڵام سەرکردە مەزنەکانی مێژوی گەلانی جیهان بە پەنجەی دەست دەژمێرێن و بەتایبەت ئەو کاتەی گوێیان لێگیراوە و توانیویانە گەلەکەیان بە ئاراستەى سەربەستى و شکۆداری ڕێنمایی بکەن، ئەگەریش گوێیان لێ نەگیرابێت ئەوا مێژوی ڕوداوەکانی دواتر ڕاستى بۆچونەکانی سەلماندون.

نەوشیروان مستەفا یەکێکە لەو سەرکردە دەگمەنانەی مێژوی کوردە کە تایبەتمەندییەکانی ئەکادیمیستی و سیاسەتوانی و شارەزایی سەربازی لەیەک کاتدا تێیدا ڕەنگی دابویەوە، لە هەمو قۆناغەکانی خەباتی میللەتەکەی قسەى جدی دڵسۆزانە و خۆنەویستانەی بۆ شکۆدارکردنی گەلەکەی هەبوە.

لە ساڵی ١٩٩١ هێشتا تەپوتۆزی ڕوداوەکانی ڕاپەڕین نەنیشتبوەوە و ڕێک لە گەرمەی سەر گەرمی فەرهودی بەشێک لە هێزە سیاسییەکاندا، نەوشیروان مستەفا خەمی دامەزراندنی دەسەڵاتێکى تەندروست و بەهێزی هەیە کە بتوانێت سەرجەم کەرتە سیاسی و ئابوری و کارگێری و دادوەری و کۆمەڵایەتییەکانی کوردستان بخاتەوە سەر سکەی خۆی و هەمیشە دەیگوت "ئەگەر بۆ هەفتەیەکیش بێ، با بۆ دنیای ئیسپات بکەین کە ئەگەر وازمان لێ بێنن خۆمان ئەتوانین حکومرانی خۆمان بکەن".

بەڵام بە پێچەوانەی ئەوەوە هێزە سیاسییەکان دەستیان دایە بەهێزکردنی پێگەی حزبی خۆیان و لەو پێناوەشدا شەڕێکى ماڵوێرانکەری ناوخۆیان دروستکرد کە هەزاران گەنجی کوردی تێدا بوە قوربانی.

لە دوای روخانی رژێمی بەعسیش لە ٢٠٠٣، کاتێک هەلومەرجێکی گونجاو بۆ کوردستان رەخسا، نەوشیروان مستەفا، پێنج ئەولەویەتی بۆ قۆناغی دوای روخانی رژێم دیاری کرد و داوای لە سەرکردایەتی سیاسی کورد کرد بیکەن بە ستراتیژ و بەرنامەی کاری خۆیان، بەڵام ئەوان وەک جاری پێشو، بە بیانوی جیاجیا خۆیان لێ دزیەوە.

لەدوای ئەوەشی کە گوێی لێنەگیرا ، لە ساڵی ٢٠٠٩ بزوتنەوەی گۆڕانی دامەزراند و ئۆپۆزسیۆنێکی بەهێزی پەرلەمانی دروست کرد و ئەو ئەولەویەتانەی کرد بە پاکێجی ئیسلاحی و گوشارێکی زۆری کرد، بەڵام دیسانەوە دەسەڵات خۆی لێی دزیەوە، لە ٢٠١٣ چوە ناو حکومەتەوە و ویستی بەهەرنرخێک بوە جێبەجێ بکرێن، بەڵام وەڵامی ئەوان داخستنی پەرلەمان بو.

نەوشیروان مستەفا لە ئەولەوێتە سیاسیەکەیدا ، دامەزراندنی دەسەڵاتێکی سیاسی و ئیداری خزمەتگوزار و شەفافی لە کوردستان مەبەستبو، لە ئەولەویتە ئابورییەکەشیدا، دروستکردنی ژێرخانێکى بەهێزی ئابوری بو بەو بەشە بودجەیەی کە لە بەغداوە دەهات، لە ڕوی کۆمەڵایەتیشەوە پێداگری لەسەر ڕێکخستنەوەی شیرازەی کۆمەڵگای کوردی دەکرد کە لەلایەن بەعسەوە تێکدرابو، لە ڕوی فەرهەنگیشەوە هەمیشە جەختی لەوە دەکرد دەبێت ناوەندە ئەکادیمی و پەروەردەی و زانکۆکان دوربن لە دەستى حزب و بتوانن گۆڕانکاری نەوعی لە کوردستان بکەن.

بەڵام ئەم داواکارییانەی نەوشیروان مستەفا و بەشێکى دیاریش لە هاودیدانی لە چین و توێژە جیاوازەکانی کوردستان، نەک جێبەجێنەکرا، بەڵکو لەلایەن دەسەڵاتدارانی هەرێمەوە دژایەتی کرا و پێچەوانەکەی جێبەجێکرا ،هەر بۆیە لە ئێستادا دەرئەنجامەکانی لەسەر دۆخی سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتی کوردستان دەرکەوتوە و هەرێمەکەی گەیاندوەتە لاوازترین قۆناغ و متمانەی هاوڵاتیانیش بە دەزگاکانی هەرێم نزیک لە سفر بوەتەوە .

181 جار خوێندراوەتەوە