جێگرایەتى لە پۆستە باڵاکاندا بۆچى؟

دەستوری عێراقی لەماددەی (55) باس لەپۆستی سەرۆکایەتی پەرلەمان دەکات کە دوو جێگری هەیە (جێگری یەکەم دووەم). دواتر لەماددەی (69) باس لەبوونی جێگر بۆ سەرۆکی کۆمار دەکات کە بەپێی یاسا دیاری دەکرێت (مجلس الرئاسە)، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران شانبەشانی سەرۆکی ئەنجومەنی دادوەری تاکە دوو پۆستی باڵان کە لەدەستوردا جێگریان بۆ دیاری نەکراوە.

دابەشکاری پۆستە سیادی و باڵاکان لەعێراق لەدوای ساڵی (2003) بەدیاریکراوی لەسەربنەمای کەفائەت و توانا و لێوەشاوەیی نەبووەو محاسەسەی تائفی و حزبی لەسەر بنەمای ژمارەی کورسی پەرلەمانی بووە، تەنانەت دیاریکردنی ئەندامانی مجلسی تەئسیسی قانونی ئیدارەی دەولەی (2004) و دەستوری هەمیشەیی (2005) بە شاهدی پۆل بریمەری حاکمی مەدەنی ئەوکاتی عێراق هەمان میکانیزم بووەو ئەندامی ئەو لیژنانە هەبووە خزمی نزیک و کەسوکاری خۆی بۆ پۆستی باڵا پاڵاوتووە، بێ گوێدانە تایبەتمەندی و توانای کەسەکە.

لەعێراقدا پۆستی سەرۆکایەتی کۆمار بەپێی دەستوور پۆستێکی تەشریفاتی و بێ پەڕو باڵەو جگە لەبڕینەوەی مووچەو ئیمتیازی قەبە، شانزە ساڵە ئەو پۆستە کە کورد لەئەستۆی گرتووە دۆخی دەستوری و واقعی و سیاسی هەرێمی یەک زەڕە بەرەو پێش نەبردووەو و چوارساڵ جارێک جگە لەوەی یەکێتی و پارتی بەشەڕداوەو خەڵکی پێوە سەرقاڵ دەکرێت شتێکی ترنیە. تێبینی بکە ئەم پۆستە بێ ئەرزشە (لەڕووی دەسەڵات و هەیبەت و ڕۆڵەوە) خودی خۆی بەمجۆرە بێت دەبێت جێگرەکانی چۆن بن؟؟ کەتەنها وتەنها بۆ رازیکردنی دڵی تائفەو هێزە سیاسیەکانی ترە.

پۆستی جێگری دووەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کە چەند خولێک لای کوردبووەو ئێستاش دوبارە کەوتۆتە دەستی پارتی دیسانەوە جگە لەوەی پارەو سامان و امتیازی داوەتە خاوەنەکەی کام سوودی لەسەر ئاستی یاسادانان و مووچە و چاودێری بۆ هەرێم هەبووە؟؟

ئەوەی جێگاى داخە ئەم دابەشکارییە ناڕەوایە بۆ پۆستە باڵاکانی هەرێمیش راستە جێگرایەتی لەهەرێم چ بۆ سەرۆکی حکومەت یان سەرۆکی هەرێم و پەرلەمان جگەلە رەنگدانەوەی دوو ئیدارەیی و خێرو سەدەقە بەلایەنەکانی دەرەوەی پارتی شتێکی ترنیە. سەرنج بدەن سەرۆکی (هەرێم، حکومەت، ئەنجومەنی دادوەری، راوێژکاری ئەنجومەنی ئاسایش)جگە لە سەرۆکی پەرلەمان لای پارتیە، ئەوەی ناوی جێگرایەتی بێت لەهەرێمیش بێدەسەڵاتی پێناسیەتی و تەنها تەوزیفی کۆمەڵە کەسێکی ناو حزبەکانە و ئیش دۆزینەوەیە بۆیان.

ئەوەی مایەی ئەسەفە ئەندامانی پەرلەمانی عێراق لەسەر پشکی کورد و ئەوانەی هەرێمیش هێند مەودای بیرکردنەوەو دنیابینیان سنوردارەو دابڕوان لە دنیاو شێوازی سیاسەتکردن و یاسا و بەرێوەبردن هەرگیز نایەت بەبای خەیاڵیاندا کار لەسەر ئەم پرسانە بکەن.

219 جار خوێندراوەتەوە