پڕۆژەی ئۆڤاکۆ تا بەندەری فاو و کاریگەری لەسەر هەرێمی کوردستان

هەرێمی کوردستان لەسەر نەخشەی بەریەککەوتنەکان دەکەوێتە چەقی ململانێی ناوچەییەوە کە درێژکراوەی ململانێ گەورە و جیهانیەکانە، خۆ ئەگەر قۆناغی دوای سەدام لە عێراقدا چانسی کورد بۆ حکومڕانی و بەشداری لە ناوەندا دروست بوبێ؛ ئەوا لە قۆناغی داعشدا جۆرێک لە سەربەخۆیی خۆی وەردەگرێ تا ئەو ئاستەی جیاواز لە عێراق وەک هەرێمێکی فیدڕال مامەڵەی لەگەڵ دەکرێ.

دەتوانین بڵێین هەرێم کەوتۆتە سەر هێڵی بەرژەوەندی ئەمریکا لەلایەک و روسیا و چین لە لایەکی تر، ئێران لەلایەک و تورکیا لەلاکەی تر؛ بەغدادیش بێ هەرێم ناتوانێ لە ئێستادا هەناسە بدات ئەگەر چی بەغداد بۆ هەرێم وەک قاچەکانی وایە.

لێرەوە ئەگەر بمانەوێ دۆخی گشی هەرێم بخوێنینەوە ئەوا دەبێت لە بازنە گەورەکەوە سەیری هەرێم بکەین کە لە ئێستادا پڕۆژەی ئۆڤاکۆ یەکێکە لە کارتەکانی وڵاتانی ڕوس و ئێران و تورکیا (وڵاتانی ڕێککەتننامەی ئەستانە) کە هەر کاتێ بیانەوێ بەکاری دێنن کە بەرژەوەندیان نەما.

پڕۆژەی ئۆڤاکۆ و بەندەری فاو ئەو دوو دەروازە جیۆئابوریەن کە بەردەوام قسەی لەسەر دەکرێت، خۆ ئەگەر ئەمریکا نەبوایە کە هاوپەیمانی کوردە؛ ئەوا تورکیا دەیویست پڕۆژەی ئۆڤاکۆ بگەیەنێتە موسڵ و لەوێشەوە بۆ بەغداد پاشان بیگەنێتە بەندەری فاو.

پڕۆژەی ئۆڤاکۆ دەروازەیەکە لەنێوان (تورکیا – عێراق) ڕێگەیەکە لەسەرەتاوە بە (12)کم دەستپێدەکات، لە تەلعەفەرەوە دێتە عێراق و تورکیا بە ئەوروپاوە دەبەستێتەوە و قەتەر و کوەیت و ئیمارات لە ڕێگەی عێراقەوە بە تورکیا و لەوێشەوە بە ئەوروپاوە دەبەستێتەوە، وەک بەدیلی نۆکەندی سوێس سەیر دەکرێ و لەگەڵ ڕێگای هاتوچۆی بازرگانی هێڵی شەمەندەفەریش لە خۆدەگرێ کە لە مێرسینەوە دەست پێدەکات تا دەگاتە کەنداوی عەرەبی و وڵاتانی کەنداو.

لەگەڵ ئۆڤاکۆدا بەندەری فاو کە یەکێکە لە گرنگترین بەندەرەکانی جیهان لە ئێستادا لەسەر نەخشەی ڕێگەی ئاوریشمی (یەک پشتێن و یەک ڕێگا) کاری بۆ دەکرێ تا ببێتە یەکێک لە خاڵە گرنگەکانی ڕێگەی ئاوریشمی کە یەکێکە لەو ڕێگایانەى بەم بەندەرەدا تێدەپەڕێ، (روس و چین و ئێران و تورکیا) لە پلانیاندا هەیە کە بەندەری فاو ببەستنەوە بە ڕێگەی ئۆڤاکۆوە.

لە ساڵی (2017) دوای ڕیفراندۆم و سەردانی کازمی بۆ تورکیا، زیاتر ئەم پڕۆژەیە هاتە سەر مێزی گفتوگۆ بۆ جێبەجێکردن لەگەڵ کێشەی شاخی بێخێر و شەنگالدا، ئەگەر ئەمە بکرایە ئەوا هەرێمی کوردستان پەراوێز دەخرا، چونکە ڕێگەکە دەبوە هۆى سفرکردنەوەی هەمو دەروازە سنوریەکانی نێوان هەرێم و تورکیا و ئەو مامەڵەشی کە ئێران هەیەتی لە دەروازەکانەوە بە هۆی ئەم پڕۆژەیەوە کەم دەبوەوە ، شاخی شەنگال و پڕۆژەی ئۆڤاکۆ و بەندەری فاو ئەو سێ پلانەن کە لە زەرەری کوردی باشور و ڕۆژئاوا دەکرێ، ئەگەر چی داود ئۆغڵۆ وتی ئەم پڕۆژەیە بە مانای لاوازکردنی هەولێر نایە، بەڵام لە ڕاستیدا بۆ خنکاندنی هەرێمە، ئۆڤاکۆ و شاخی شنگال ئەو دو ئامانجە بون کە تورکیا بە گڵۆپی سەوزی ئێرانیەوە دەیەوێ هەم هەرێم قەید بکا و هەم پەیوەندی نێوان هەرێم و ڕۆژئاوا بپچڕێت و لەوێوە پەکەکە لە ڕۆژئاوا داببڕێت بەهۆی ئەو هێزە سەربازیەوە کە دادەنرێت بۆ پارێزگاری قافڵەی سەیارەی بازرگانی، بەڵام بەهۆی هەوڵی ئەمریکا و بەتایبەت ماکگرۆک ئەم پڕۆژەیە وەستا وەک دۆستێکی ڕۆژئاوا و باشوری کورستان.

ئەو کاتەی ئەمریکا گەمارۆی ئابوری خستە سەر ئێران و تورکیا، ئەم دوو وڵاتە زیاتر پێویستیان بە هەرێم هەبو هەم وەک بازرگانی هەم وەک غاز و نەوت بەتایبەت تورکیا؛ هەر بۆیە ئەوانیش دوای ریفراندۆم بە ناچاری هاتنەوە سەر سفرەی هەرێم و پەیوەندیەکانیان لەسەر بناغەی بەرژەوەندیان گرێدایەوە.

هەر بەم پێودانگە ئەگەر ئەمریکا لە یەکێک لە وێستگەی بەرژەوەندیەکانیدا لەگەڵ تورکیا و چین ڕێکبکەوێ؛ ئەگەری ئەوە هەیە ئەم کارتە بفرۆشێ، ئەگەر چی لە ئێستادا پلانەکە وەستاوە، بەڵام ئەگەر لە یەکێک لە حاڵەتی گۆڕانکاری لە ڕوداوەکاندا ئەگەری هەیە ببێتە مەترسی بۆ سەر هەرێم.

405 جار خوێندراوەتەوە