حیزب وەک زانستی سیاسی بریتیە لە کۆبونەوەی گروپێک بۆ ئامانجێکی
دیاریکراو کە بەرنامەیەکی گشتگیری هەیە ، لە گشتدا خاوەنی هەیکەلی ڕێکخستن و
ئامانجە گشتییەکانە و وەک چالاکیەکی سیاسی کاری لەسەر دەکات و فراوانکردن و ئاڕاستەکردنی
توانا مرۆییەکانە بۆ ئەوەی بتوانێ بە بەرنامەیەکی ناسراوەوە بگاتە دەستەڵات و سیاسەتی
هەم حیزبی هەم حکومڕانی بۆ ڕێکخستنی کۆمەڵگا و پەیوەندی هاوڵاتی بە دامەزراوە حکومییەکانەوە
جێبەجێ بکات.
واتا بێ بونی حیزب کۆمەڵگا و گروپەکانیش
ناتوانن بگەنە ئامانجێکی دیاری کراو ، ئەگەر چی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی لەسەر
ئاستی پیشەکان زۆر کات لە کۆمەڵگا تەندروستەکاندا ڕۆڵی گەورە دەبینن بەڵام حیزب دیسانەوە
وەک ڕێکخستن و پێشڕەوی کۆمەڵ ڕۆڵی سەرەکی هەیە ، لێرەوە حیزب کە هەمو بوارەکانی کۆمەڵایەتی
و ئابوری و سیاسی و حکومداری دەگرێتەوە دەبێتە ناوەندی کۆبونەوە و بڕیاردان ، هەمو
حیزبێک خاوەنی هەیکەلی ڕێکخستن و کۆمەڵێک ئامانجی گشتی دیاری کراوە لەڕێگەی کادرەکانیەوە
و پێگەی حکومڕانی ئەم بەرنامانە دەخاتە بواری جێبەجێ کردنەوە ، بۆ ئەوەی حیزبێک بچێتە
دەستەڵات یان بەشێکی دەستەڵاتەوە لە ڕێگەی هەڵبژاردنەوە خۆی نمایش دەکات ، ئەو
هاوکێشەیەی پەیوەندی نێوان هاوڵاتی و حیزب ڕادەگرێ و پێشی دەخات و گەورەی دەکات
متمانەیە ، وە متمانە بەرزبونەوە و دابەزینی ئاستی حیزب دیاری دەکات.
لێرەوە ئەگەر باشوری کوردستان لە خێراترین
پێناسەدا لە ئێستادا بخەینە ژێر ئەم پیودانگانەی حیزبەوە ، ئەوا ئەوە ڕونە کە حیزب
بە مانا گشتیەکەی جێی قبوڵی خەڵک بێت نیە
و هەڵبژاردن ئەو وێنەیەی داینێ کە ٧٤٪ هاوڵاتی
متمانەی بەهیچ حیزبێکی کوردی نەماوە ،ئەوەشی دەنگی داوە ٢٦٪ نە لەبەر بەرنامە بوە
نە لەبەر فکر و چالاکی سیاسی بوە ، بەڵکو بەرژەوەندی کەسی و کۆمەڵایەتی بوە ، چونکە
ئەوەی ناودەبرێت بە هەڵبژاردن و دەستاودەست کردنی دەستەڵات و قبوڵ کردنی جیاوازی و
فرەدەنگی و فرەڕەنگی متمانەی نەماوە ، ئەمەش لە ئەنجامی هەڵڕشتنی دنیایەک دروشم و
بەڵێن و جێبەجێنەکردنیان بوە ، تا ئەو
ئاستەی ئێستا لە باشوری کوردستان هیچ متمانەیەک بە حیزبی کوردی نەماوە و مانا هەقیقەکەی
حیزب غائیبە و حیزب بوەتە درۆیەکی گەورە ، لە پەنای میکیاجی دروشمەکاندا حیزبی
کوردی وێنەیەکی تری بەرهەمهێناوە ، وێنەی حیزبی سەپێنراوی ئێرانی و تورکی ، حیزبی
بنەماڵەکان و کودەتای باڵادەستی حیزب و بەرهەمهێنانی دنیایەک جیاوازی چینایەتی لە
نێوان ژیانی هاوڵاتی و خانەوادەی بەرپرسانی حیزبی و دنیایەک ناشیرینی تریان بەرهەم
هێناوە ، ئیتر ئەوەی پێی دەوترێت حیزب دەبێت ڕەنگدانەوەی بەرنامەکانی بێت و کاتێک
چوە دەستەڵات دەبێ حکومداری و دەستەڵاتەکان نیشتمانی بێت تەواو غایبە و حکومێکی
ناوچەیی و خێڵەکی هەیە و تەمسیلی حیزبی مۆدێرن دەکات بە شکڵێکی کارتۆنی ، ئەم مۆدێلە
گەیشتوەتە ئاستێک حیزبی ئۆپۆزسیۆن کە بنەمای چاودێری و حکومدارییەکی تەندروستە نەماوە
و جیاوازی نێوانیان کۆتایی هاتوە ، لێرەوە مادام حیزب بە گشتی یەکسانە بە لەدەستدانی
متمانەی جەماوەر ئیتر هەر جۆرە مۆدێلێک بێت ئەگەر ژیانی هاوڵاتیش لەچاو پێشینەی خۆیدا
باش بێت مادام متمانە نیەو میللەت نابێتە هێزی بەرگری و مانەوەی ئەم حیزبانە ئەوا
لە ئاسانترین ڕوداودا ئەو دەستەڵاتە دەڕوخێ و بە وێنەی دەستەڵاتی ئەفغانستانی لێدێ
و ئەگاتە ئاستی پیرۆزکردنی نۆکەرایەتی بێگانە ، نەبونی متمانە بۆ ئەم حیزبانە تەنها
کاریگەری بۆ نوخبەی سەرەوەی حیزبەکان نیە ، بگرە لە گەورەتردا کاریگەری لەسەر
متمانە بە خاک و نیشتمان و پیرۆزییەکانیش دەبێ ، کاریگەری لەسەر داهاتوی دوری نەتەوایەتی
دەبێ ، تاکی کوردی وا لێکردوە کە ببێتە داردەستی بێگانە و بەها نیشتمانییەکان خاڵی
ببنەوە لە پیرۆزی خۆیان.
ئەم درۆی حیزبییەی کوردی گەشتوەتە ئاستێک
حیزبە کوردییەکان لە نێوان کادر و سەرکردایەتی و بەرنامەکانیاندا دنیایەک جیاوازی
هەیە ،لەبەرامبەریشدا حیزبە کارتۆنیە ئۆپۆزسیۆنەکانیش متمانەیان نەماوە ، خەڵک لەوە
گەشتوە کە هەڵبژاردن بەهۆی ساختەکاریەوە درۆیەکی باوەڕ پێنەکراوە و حیزبەکانی تریش
وەک تەواوکاری و کارتی وڵاتانی زلهێزی ناوچەیین و مانەوەیان بەندە بەبەرژەوەندی ئەوانەوە
، لێرەوە سپەیسێک و جیاوازیەک و بێ متمانەییەکی گەورە لە نێوان خەڵک و حیزب و هەر
پێنج دەستەڵاتەکەدا دروست بوە ، بۆیە ئەم بۆشاییە گشتگیریە پێویستی بە لیدەرێک و حیزبێکی
ڕاستەقینە هەیە تا مێژوو دوبارە نەبێتەوە و نەبینەوە بە ژێر هەرەسێکی تری گەورەوە.
235 جار خوێندراوەتەوە