ترەمپ: ئامانجمان ئەوەیە ئێران نەبێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی و کەسێکی عاقڵ وڵاتەکە بەڕێوەبەرێت

KNN : Kurdish News Network
08:59 - 06/03/2026
جیهان
+
-

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند، سوپای وڵاتەکەی لە جەنگی دژی ئێراندا "زۆر لەپێشە" و بە هەماهەنگی لەگەڵ ئیسرائیل خەریکی تێکشکاندنی تەواوەتی سوپای وڵاتەکەن. ئەم لێدوانەی ترەمپ لە کاتێکدایە کە سوپای ئیسرائیل چوونە ناو "قۆناغی داهاتوو"ی جەنگی دژی ئێرانی ڕاگەیاندووە، ئەوەش دوای ئەنجامدانی دوو هەزار و 500 هێرشی ئاسمانی.


لە وتەیەکدا لە کۆشکی سپی، ترەمپ ئاماژەی بەوە کرد کە سوپای ئەمریکا بە هاوکاری ئیسرائیل بەردەوامە لە بۆردومانکردنی دوژمن و پرۆسەکەش زۆر لە پێش خشتەی کاتیی دیاریکراوەوەیە و بە ئاستێکە کە جیهان پێشتر نموونەی نەبینیوە. هاوکات بانگەشەی ئەوەی کرد کە ئێرانییەکان پەیوەندییان پێوە کردووە بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن، بەڵام ئەو وەڵامی داونەتەوە و وتوویەتی: "ئێوە کەمێک دواکەوتوون، ئێمە ئێستا زیاتر لەوان ئارەزووی شەڕ دەکەین."


سەبارەت بە ئامانجەکانی ئەم جەنگە، ترەمپ بۆ گۆڤاری "تایم" ڕوونی کردووەتەوە کە ئامانجی یەکەم و دووەم و سێیەمی ئەوەیە ئێران نەبێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی، ئامانجی چوارەمیش ڕێگریکردنە لە مووشەکی بالیستی و گۆڕینی سەرکردایەتی ئێران بۆ "کەسێکی عاقڵ". سەرۆکی ئەمریکا هانی دیپلۆماتکارانی ئێرانیشی دا لە سەرانسەری جیهاندا داوای مافی پەنابەری بکەن بۆ ئەوەی هاوکار بن لە بنیاتنانی "ئێرانێکی نوێ و باشتر".


لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە ئەگەری هێرشی تۆڵەسەندنەوە بۆ سەر ناوخۆی ئەمریکا، ترەمپ وتی: "پێموایە دەبێت ئەمریکییەکان نیگەران بن، ئێمە هەمیشە بیری لێ دەکەینەوە و پلانی بۆ دادەنێین، بەڵام وەک وتم، هەندێک کەس دەمرن؛ کاتێک دەچیتە ناو جەنگەوە، هەندێک کەس گیان لەدەست دەدەن."

150 جار خوێندراوەتەوە