بزوتنەوەی گۆران بەبۆنەی ساڵ رۆژی ڕاپەڕینەوە پەیامێکی بڵاو کردەوە

KNN : Kurdish News Network
06:18 - 04/03/2026
کوردستان
+
-

بزووتنەوەی گۆڕان لە یادی ٣٥ ساڵەی ڕاپەڕینە مەزنەکەی گەلی کوردستاندا، پەیامێکی بڵاو کردەوەو  هۆشداری لە تێکچوونی متمانەی سیاسی دەدات و ڕایدەگەیەنێت؛ لە ئێستادا مەترسی و هەڕەشەکان لە دەرفەتەکان زیاترن، بۆیە تەنیا بە یەکڕیزیی نەتەوەیی و چاکسازیی ناوخۆیی و گوتارێکی هاوبەش دەتوانرێت پارێزگاری لە قەوارەی هەرێم و مافە دەستوورییەکان بکرێت

 

هەواڵ: KNN

دەقی ڕاگەیندراوی  بزوتنەوەی گۆران


گۆڕان: یادی ڕاپەڕین، کاتی یەکڕیزی ناوخۆیی و نەتەوەییە

هاونیشتمانیانی خۆشەویست..

لە یادی (٣٥)هەمین ساڵیادی ڕاپەڕینە مەزنەکەی خەڵکی کوردستاندا، کە لە (٥ی ئازاری ١٩٩١) لە ڕانیەی دەروازەی ڕاپەڕینەوە بڵێسەی سەند و لە شاری کەرکوک تاجی ئازادی کەرکوک لەسەرنا، بەوپەڕی شکۆوە یادی شەهیدان بەرز ڕادەگرین، کە بە خوێنی گەشیان، هاوشانی خەڵکی کوردستان و هێزەکانی پێشمەرگە و ڕێکخستنەکان، بناغەی قەوارەی دەستوریی هەرێمی کوردستانیان دامەزراند.

 

ڕاپەڕین تەنها وەڵامێک نەبو بۆ زوڵم و ستەمی ڕژێمی بەعس، بەڵکو گوزارشت بو لە ئیرادەیەکی گەلێکی مەزن، کە بە هیوا و ئومێدێکی گەورە لە ئاسۆی کوردستانی ڕوانی. بەداخەوە، وێڕای بونی هەرێمێکی دەستوریی، پرۆسەی سیاسی و حوکمڕانی دەرگیری کۆمەڵێک کێشەی بونیادی و قەیرانی قوڵە.

 

متمانەی سیاسی، کە ڕۆحی هەر سیستمێکی دیموکراسییە، لە نێوان هاوڵاتیان و هێزە سیاسییەکان و لەنێوان خودی حزبەکان و دامەزراوەکانی حوکمڕانیدا، گەیشتۆتە ئاستێکی مەترسیدار، نەبونی دامەزراوەی نیشتمانیی یەکگرتو و بەهێز، لاوازیی سەروەریی یاسا وایکردووە؛ هەرێمەکەمان لەبەردەم ئاڵنگاریی گەورەدا بێت.

 

هەربۆیە، لە ئێستادا، مەترسی و هەڕەشەکان لە دەرفەت و دەستکەوتەکان زیاترن؛ جەختدەکەینەوە بەهێزیی ئێمە لە یەکڕیزی نەتەوەیی و چاکسازیی ناوخۆیدایە، پێویستە هەمو لایەنەکان بەرژەوەندییە حزبییەکان وەلا بنێن و کار بۆ بەنیشتمانیکردنی دامەزراوەکان، بەتایبەتی یەکخستنەوەی هێزی پێشمەرگە، سەربەخۆیی دەسەڵاتی دادوەری، کاراکردنەوەی پەرلەمان و دامەزراوە شەرعیەکان بکەین.

 

لە کۆتایدا، بەهۆی گۆڕانکارییە خێراکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئاڵۆزی و شەڕەوە، لە هەرکات زیاتر پێویستمان بە گوتارێکی هاوبەش و یەکگرتوە، چونکە پەرتەوازەیی سیاسیی، پێگەی هەرێمی کوردستان و کورد لەسەر ئاستی عێراق و ناوچەکە لاواز دەکات و دەرفەتەکانمان لەدەست دەدات، هەربۆیە تەنها بە گوتارێکی نیشتمانیی یەکگرتو دەتوانین پارێزگاری لە مافە دەستورییەکان بکەین و، وەک ئەکتەرێکی کاریگەر لە داڕشتنی داهاتووی ناوچەکەدا جێگە بگرین.

بزوتنەوەی گۆڕان
٤ی ئازاری ٢٠٢٦

103 جار خوێندراوەتەوە