فەرماندەی ئەمنی پارێزگای سوەیدا لە باشوری سوریا
ئاشکرای کرد کە حکومەتی سوریا بەنیازە کۆتایی بە دۆخی سەربازی سوەیدا بهێنێت و دەمانەوێت
ئەم پارێزگایە بگەڕێنینەوە باوەشی سوریا.
هەواڵ: KNN
فەریق حسام ئەلتەهان، فەرماندەی ئەمنی پارێزگای
سوەیدا لە باشوری سوریا لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی (الحدث) ڕایگەیاند"
حکومەتی سوریا بە نیازە کۆتایی بە دۆخی سەربازی سوەیدا بهێنێت و سەقامگیری بۆ پارێزگاکە
بگەڕێنێتەوە. ناوبراو ئاماژەی بەوەدا کە هەوڵەکان بۆ گەڕاندنەوەی متمانەی دانیشتوانی
پارێزگاکە لەڕێگەی دەستەبەرکردنی ئاسایشەوە بەردەوامن.
ئەلتەهان جەختی لەوە کردەوە کە هەرکەسێک یاساکە
پێشێل بکات دەبێت لێپرسینەوەی لەگەڵدا بکرێت و دەشڵێت" ئێمە نکۆڵی لەوە ناکەین
کە پێشێلکارییەکان ڕوویانداوە، بەڵام ئەمە سیاسەتی حکومەت نییە".
هەروەها ئاماژەی بەوەدا کە کار بۆ گەڕاندنەوەی
دانیشتوانی ڕەسەنی بەدەوی و دروز بۆ گوندەکانیان بەڕێوە دەچێت و وتیشی" دەمانەوێت
وردە وردە ژیان لەژێر دەسەڵاتی حکومەتی سوریادا ئاسایی بکەینەوە".
فەرماندەی ئاسایشی پارێزگاکە ئاماژەی بەوەشکرد،
ئەوەی ڕوویداوە درزێکی لەنێوان خەڵکی پارێزگاکە و حکومەتی سوریا دروستکردووە، هەروەها
وتی" دەمانەوێت ئەم پارێزگایە بگەڕێنینەوە باوەشی سوریا، ئاماژەی بەوەشکرد، بە
وتەی ئەو، برینێکی قوڵ لە نێوان هۆزەکانی بەدەوی و دروز لە پارێزگاکەدا هەیە."
سوەیدا لە 13ی تەمموزەوە بۆ ماوەی هەفتەیەک پێکدادانی
توندوتیژی لە نێوان چەکدارانی دروز و هۆزەکانی بەدەوی بەخۆیەوە بینیوە، هێزە ئەمنییەکانی
حکومەت دەستوەردانیان کرد بۆ وەستاندنی شەڕەکە، لەکاتێکدا نەتەوە یەکگرتوەکان مەزەندە
دەکات کە نزیکەی 200 هەزار کەس بەهۆی ململانێکانەوە ئاوارە بون وسەدان کەسیش
کوژران.
182 جار خوێندراوەتەوە