دڵشاد عومەر: هەر وەبەرهێنەرێک داوای زەوی پەروەردە بکات بۆ یەکەی نیشتەجێبون، ناوەکەی بڵاودەکەینەوە

KNN : Kurdish News Network
06:17 - 18/04/2023
کوردستان
+
-

بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی رایدەگەیەنێت؛ وەبەرهێنێك پشتوپەنای هەیە دەیەوێت زەوی ئامادەیی بەكرەجۆ بكاتە پڕۆژەی نیشتەجێبون، بەڵام ئەوان ڕەتیانكردوەتەوە.

دڵشاد عومەر، بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: ماوەیەكە نوسراویان بۆ كراوە كە وەبەرهێنەرێك دەیەوێت 182 دۆنم زەوی ئامادەیی كشتوكاڵی بەكرەجۆ بكاتە شوێنی نیشتەجێبون، بەڵام ئەوان رەتیانكردوەتەوە و وتی "دڵنیام پشتوپەنای هەیە".

بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی ڕونیكردەوە، زەوییەكە وەك خۆی ماوە و دەیكەنە كۆمەڵگەیەكی پیشەیی تا خزمەتی خوێندكاران بكات، هەروەها دیزاینی پرۆژەكەش تەواو بوە، بەڵام بەهۆی قەیرانی داراییەوە تا ئێستا نەتوانراوە بكرێتە بینا.

دڵشاد عومەر وتیشی "ئامادەیی سەرچنار كە لە ساڵی 1964ـەوە خزمەت دەكات لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی چالاكی وەرزشی كە لە ساڵی 1964ـەوە لەسەر بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی سلێمانی تاپۆیە، داوا دەكرێن بكرێتە شوێنی گەشتیاری بەڵام ئەوەشیان رەتكردوەتەوە و لە گەڕەكی بۆگەنە سێ دۆنمیان هەیە، داوای ئەو سێ دۆنمەش كراوە بەڵام دیسان ئەوەیشمان رەتكردوەتەوە".

ئاماژەی بەوەشکرد، هەندێك قوتابخانە هەیە كە شوێنەكانیان ستراتیژییە و لەسەر شەقامی گشتییە، وەبەرهێنەران داوادەكەن لاببرێن و بخرێنە ناو پرۆژەكەیانەوە بەڵام ئەوەشیان هەر رەتكردوەتەوە.

بەرێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی، ئاماژەی بەوەشكرد، لەمەودوا هەركەسێك بۆ هەر مەبەستێك داوای لەوشێوەیان لێبكات لە پەیجی بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی سلێمانی بڵاویدەكەنەوە تا بۆ هەمو خەڵك ئاشكرابێت.

665 جار خوێندراوەتەوە