هەڵەبجە؛ چوارەم دانیشتنی دادگاییكردنی ئەو كۆمپانیایانەی چەكیان بە بەعس فرۆشتوە دواخرا

08:45 - 19/06/2019
کوردستان

لە هەڵەبجە چوارەمین دانیشتنی دادگاییكردنی ئەو كۆمپانیاو كەساییەتییانەی چەكی قەدەغەكراوی كیمیاییان بە رژێمی بەعس فرۆشتوە، بۆ رۆژی 21 مانگی ئاب دواخرا، پارێزەرانی دۆسیەكە دەڵێن: لە كۆی شەش هەزار دۆسیە، تەنها 13 دۆسیەیان خراونەتەڕوو، هەروەها نزیكەی دوو هەزار لە كەسوكاری شەهیدان، بریكارنامەیان بۆ پارێزەران كردۆتەوە.

دانیشتنی چوارەمی دادگاییكردنی ئەو كۆمپانیا و كەسایەتیانە بەڕێوەچوو، كە چەكی قەدەغەكراوی كیمیاوییان بە رژێمی پێشووی عێراق فرۆشتووەو هۆكار بون بۆ كیمیابارانكردنی هەڵەبجە.

سەرجەمی تۆمەتباران ئاگادارینامەیان بۆ نێردراوە،  بەڵام تەنها پارێزەری یەكێك لە  تۆمەتباران ئامادەی دانیشتنەكە بوو، دادوەرەكەش دانیشتنەكەی  بۆ 21 مانگی ئاب دواخست.

ڕوبا ئەحمەد ، سێ ئەندامی خێزانەكەی لە تاوانی كیمیابارانی هەڵەبجەدا شەهید بون. یەكێكە لەو  8هەزار و 960 كەسوكاری شەهید و كەسانەی كە  سكاڵایان لە دژی ئەو كۆمپانیا و كەسایەتیانە تۆمار كردوە. ئەو نیگەرانە لە ئامادە نەبونی تۆمەتباران و دواخستنی دانیشتنەكە.

پارێزەرانی دۆسیەكە دەڵێن،6000  هەزار دۆسیە بەتەواویی بەڵگەنامەكانەوە كراوون، بەلام تەنها 13 دۆسیەیان خراوەتەڕوو، هەروەها نزیكەی 2000  كەسوكاری شەهیدان بریكارنامەیان بۆ پارێزەران كردۆتەوە.

ئەم پارێزەرە هۆڵەندییە، دەڵێت ئەو كۆمپانیایانەی كە چەكی كیمیاویان بە حكومەتی پێشووی عێراق فرۆشتوە خۆیان لە دادگا دەدزنەەو ناوونیشانی خۆیان گۆڕێوە. سەرۆكی كۆمەڵەی قوربانیانی كیمیابارانی هەڵەبجەش دەڵێت، سورن لەسەر بەدادگایی گەیاندنی  ئەو تاوانبارانەی هاوكاری بەعسیان كردوە.

دوای  10 ساڵ لە كۆ كردنەوەی بەڵگە لەسەر فرۆشتنی چەكی كیمیاوی بە حكومەتی پێشووی عێراق. ئەمڕۆ چوارەمین  دانیشتنی دادگا لەهەڵەبجە بەڕێوەچوو، یەكەم  دانیشتنیش  لەمانگی 7 ی ساڵی 2017 بەڕێوە چووە،  بەگوێرەی ئەو گرێبەستەكەی لەنێوان كۆمەڵەی قوربانیانی كیمیابارانی هەڵەبجە  لەگەڵ  گروپی دادوەرانی نێودەولەتی واژۆ كراوە،  ئەو پارەیەی كە وەك قەرەبووو لە كۆمپانیاكان وەردەگیرێت لە  %35 بۆ  پارێزەران و  لە %65 بۆ قوربانیانی هەڵەبجە دەبێت.

166 جار خوێندراوەتەوە