شاندێکی بەغداد بۆ پشکنینی پێنج کێڵگەی نەوتی هەرێم دێنە هەولێر

KNN : Kurdish News Network
11:01 - 27/07/2025
کوردستان
+
-


دوای پشکنیی 14 کێڵگەی نەوتی لەهەرێم و ئامادەکردنی راپۆرتێک لەسەریان سەبارەت بە ئاستی بەرهەمهێنان و توانای هەناردەکردن،  بەغداد داوادەکات  پشکنین بۆ پێنج کێڵگەی تر لە هەرێم بکات، کە حکومەتی هەرێم وتویەتی ئەو کێڵگانە وشکیان کردوە.


 هەواڵ:KNNC


دوای ئەوەی هەفتەی رابردو، کەی ئێن ئێن ئاشکرای کرد ئەو لیژنەیەی بۆ سەردانی کێڵگە نەوتیەکان هاتبونە هەرێم دوای گەرانەوەیان بۆ بەغداد جارێکی تر داوای بینینی پێنج کێڵگەی نەوتی تریان کردبو، بڕیار وایە ئەمڕۆ ئەو لیژنەیە بگەنە هەولێر و دەست بە پشکنینەکانیان بکەن.


سەرچاوەیەک لەوەفدی هەرێم بە دیجیتاڵ میدیایی  کەی ئێن ئێنی ڕاگەیاند، ئەمرۆ هەمان وەفد بۆ سەردانی پێنج کێڵگەی تری نەوت دەگەنە هەولێر، ئەو سەرچاوەیە دەشڵێت؛ ئەو پێنج کێڵگەیەی ئەوان داوای دەکەن پشکنینی بۆ بکرێت،  کێڵگەی بچوکن بەرهەمی رۆژانەیان لەچەند هەزارێک تێپەڕناکات.

سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەشکردوە یەکێک لەو کێڵگانە، کێڵگەی شێواشۆکە لە تەق تەق، کە بەرهەمی رۆژانەی ئەو کێڵگەیە تەنها  پێنج هەزار بەرمیلە لە رۆژێکدا.

ئەمە لە کاتێکدایە هەمان شاند، ڕۆژی شەممەی رابردو 19-7 -2025 هاتنە هەولێر و پشکنینان بۆ کێڵگە نەوتییەکانی هەرێم کرد، کە  ئەرکی شاندەکە ئامادەکردنی راپۆرتێک بو بۆ سەرۆک وەزیرانی عێراق سەبارەت بە ئاستی بەرهەمهێنان و توانای هەناردەکردن و هەروەها زیانەکانی کەوتنەخوارەوەی درۆنەکان لە کێڵگە نەوتییەکانی هەرێم.


سلێمانی - بڕیار نامیق

403 جار خوێندراوەتەوە