بەپێی
پێشبینییەکانی کەشوهەوا بۆ 48 کاتژمێری داهاتوو، ئەمڕۆ شەممە ئاسمان بەگشتی ساماڵ
و پەڵەهەور دەبێت، بەڵام بۆ سبەینێ یەکشەممە شەپۆلێکی بارانی بەهاری و هەورە
تریشقە ناوچە جیاوازەکان دەگرێتەوە و پلەکانی گەرماش بەرزبوونەوەی زیاتر
بەخۆیانەوە دەبینن.
سەبارەت بە
کەشوهەوای ئەمڕۆ شەممە (2ی ئایاری 2026)، پێشبینی دەکرێت لە ناوچە شاخاوییەکان
ئاسمان نیمچەهەور بۆ هەوری تەواو بێت لەگەڵ ئەگەری بارینی کەمێک نمەباران لە ناوچە
شاخاوییە سنوورییەکان.
هاوکات پلەکانی
گەرما کەمێک بەرزتر دەبنەوە بەراورد بە تۆمارکراوەکانی دوێنێ، خێرایی با لەسەرخۆ
دەبێت (5 بۆ 15 کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا) بە ئاراستەی باکووری ڕۆژهەڵات، و مەودای
بینینیش لە نێوان 9 بۆ 10 کیلۆمەتردا دەبێت. بەرزترین پلەکانی گەرماش لە ناوچە
جیاوازەکان بەم شێوەیە دەبن: (گەرمیان 30 پلە، هەولێر، چەمچەماڵ، زاخۆ و هەڵەبجە 28
پلە، سلێمانی 27 پلە، دهۆک 26 پلە، پیرمام و سۆران 25 پلە، و حاجی ئۆمەران 18 پلەی
سیلیزی).
بۆ کەشوهەوای
سبەی یەکشەممەش (3ی ئایاری 2026)، کەشی ناوچەکە بەگشتی نیمچەهەور دەبێت، بەڵام لە
دوای نیوەڕۆوە لە شوێن و کاتی جیاجیادا پێشبینیی نمەباران و بارانی مامناوەند
دەکرێت بەشێوەی گەواڵە بارانی بەهاری و هەورە تریشقە. پلەکانی گەرماش دوو بۆ سێ
پلە بەراورد بە ئەمڕۆ بەرزتر دەبنەوە و بەم شێوەیە دەبن: (گەرمیان 33 پلە، هەولێر،
چەمچەماڵ و زاخۆ 31 پلە، سلێمانی، دهۆک و هەڵەبجە 30 پلە، پیرمام 28 پلە، سۆران 27
پلە، و حاجی ئۆمەران 20 پلەی سیلیزی).
139 جار خوێندراوەتەوە