دەستەی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکان دەستبەرداری قەرزەکانی کۆرەک نابین و هەزار و 400 ملیار دینار قەرزی چەسپاوە

KNN : Kurdish News Network
05:51 - 27/04/2026
عێراق
+
-

دەستەی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکانی عێراق، ئەمڕۆ دووشەممە، سەرلەبەری ئەو دەنگۆیانەی ڕەتکردەوە کە باس لە خۆشبوونی دەستەکە لە قەرزەکانی کۆمپانیای "کۆرەک تێلیکۆم" دەکەن و جەخت دەکاتەوە کە گرێبەستی پێکهاتن (تەسوویە) تەنها ئامرازێکە بۆ وەرگرتنەوەی مافە داراییەکان نەک وازهێنان لێیان

 

دەستەی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکان لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، ئەو بانگەشانەی باس لە لێخۆشبوون یان وازهێنان لە قەرزەکانی کۆمپانیای کۆرەک دەکەن، "ناڕاستن و هیچ بنەمایەکی یاساییان نییە". ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەو مافە داراییانە موڵکی گشتین و بە هیچ شێوەیەک دەستبەرداری نابن، هەموو ڕێکارەکانیش بۆ پاراستنی سامانی دەوڵەت و وەرگرتنەوەی قەرزەکانە

 

بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، کۆمپانیای کۆرەک پابەند کراوە بەپێی گرێبەستی پێکهاتنی ڕێکەوتی 23ی 9ی 2025 ، بڕی هەزار و 400 ملیار دیناری عێراقی وەک قەرزی چەسپاو بداتەوە، جگە لە بەردەوامی هەژمارکردنی ئەو شایستە داراییانەی دیکە کە دەکەونە ئەستۆی

 

دەستەکە ڕوونیشیکردەوە، لادانی گەمارۆ لەسەر سامانی کۆمپانیاکە بە مانای لێخۆشبوون نەهاتووە، بەڵکو ڕێکارێکی پەیوەست بووە بە جێبەجێکردنی گرێبەستی پێکهاتنەکە و قەرزەکە وەک خۆی ماوەتەوە

 

ئەم ڕوونکردنەوەیەی دەستەکە دوای ئەوە دێت، کە هەیام ئەلیاسری، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران، پرسیارێکی پەرلەمانی ئاراستەی سەرۆکی دەستەی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکان کردبوو و تێیدا داوای ڕوونکردنەوەی وردی کردبوو سەبارەت بە چارەنووسی قەرزەکانی کۆرەک کە بە نزیکەی دوو تریلیۆن دینار خەمڵێندرابوون، هاوکات گومانی لە هۆکاری لادانی گەمارۆ لەسەر ئەژمارە بانکییەکانی کۆمپانیاکە نیشاندابوو.

490 جار خوێندراوەتەوە