ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی: بەکارهێنانی خاکی عێراق بۆ هێرشکردنە سەر دراوسێکانمان کارێکی تیرۆریستییە

KNN : Kurdish News Network
07:01 - 27/04/2026
عێراق
+
-

ئەنجومەنی وەزاری بۆ ئاسایشی نیشتمانیی عێراق، لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆیدا زنجیرەیەک بڕیار و ڕاسپاردەی توندی سەبارەت بە سەروەریی خاک و ئاسایشی ناوخۆیی وڵات دەرکرد و جەختی کردەوە کە بەکارهێنانی خاکی عێراق بۆ هێرشکردنە سەر وڵاتانی دراوسێ بە "کارێکی تیرۆریستی" هەژمار دەکرێت

 

بەپێی ڕاگەیەندراوێکی فەرمی ، ئەنجومەنەکە ڕاسپاردەی کردووە کە پێویستە چەک تەنها لە دەستی دەوڵەتدا بێت و ڕێکار بەرامبەر هەر لایەنێکی دەرچوو لە یاسا بگیرێتەبەر. هاوکات جەخت لە مافی ڕەوای عێراق کراوەتەوە بۆ بەرگریکردن لە خۆی و ڕێگریکردن لەوەی خاکەکەی بۆ هێرشکردن بەکاربهێنرێت، یان ببێتە مەیدانی ململانێی لایەنە دەرەکییەکان

 

لە بەشێکی تری کۆبوونەوەکەدا، ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی داوای لە وڵاتانی دراوسێ کرد پابەندی پاراستنی سەروەریی عێراق بن و ڕێگە نەدەن خاکیان بۆ دەستدرێژی و هێرشکردنە سەر عێراق بەکاربهێنرێت

 

 

ئەنجومەنەکە بە توندی جەختی لە قەدەغەکردنی هەر جۆرە چالاکییەکی سەربازی لە دژی هەر لایەنێک لە ناوخۆی خاکی عێراقدا کردەوە و ڕایگەیاند، عێراق خۆی لایەنی بەرپرسە لە ئاسایشی وڵات و ڕێگە بە هیچ لایەنێک نادات دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆیی و ئەمنیدا بکات.

125 جار خوێندراوەتەوە