عێراقچی لە رووسیاوە هۆکاری شکستی دانوستانەکانیان لەگەڵ ئەمریکا ئاشکرا دەکات

KNN : Kurdish News Network
10:05 - 27/04/2026
جیهان
+
-

عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، بە مەبەستی کۆبوونەوە لەگەڵ ڤلادیمیر پوتین، سەرۆکی ڕووسیا و سێرگی لاڤرۆڤ، هاوتای ڕووسییەکەی، گەیشتە شاری سانت پترسبێرگ، هاوکات ئاشکرای کرد کە داواکارییە لەڕادەبەدەرەکانی ئەمریکا هۆکاری شکستهێنانی دانوستانەکان بوون.

 

بەپێی ئاژانسی فەرمیی ئێران (ئیرنا)، عێراقچی ڕایگەیاندووە کە ئامانجی سەردانەکەی بۆ ڕووسیا بەردەوامیدانە بە ڕاوێژی نزیکی نێوان هەردوو وڵات لەسەر پرسە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان، هەروەها کۆبوونەوەکەی لەگەڵ سەرۆکی ڕووسیا دەرفەتێکی گونجاو دەبێت بۆ تاوتوێکردنی پێشهاتەکانی جەنگەکە.

 

سەبارەت بە سەردانەکەشی بۆ پاکستان، وەزیری دەرەوەی ئێران ئاماژەی بەوە کرد کە سەردانێکی زۆر سەرکەوتوو بووە و تێیدا تاوتوێی ئەو مەرجانەیان کردووە کە دەکرێت لە سایەیاندا دانوستانەکان لەگەڵ ئەمریکا بەردەوام بن.

 

لە بەشێکی دیکەی لێدوانەکانیدا، عێراقچی جەختی لەوە کردەوە کە پێویستە دوای 40 ڕۆژ لە "خۆڕاگری و بەرگری"، مافەکانی گەلی ئێران مسۆگەر بکرێن.

 

سەبارەت بە پەیوەندییەکانیشیان لەگەڵ عومان، ڕایگەیاند کە هەردوو وڵات دەکەونە سەر کەناراوەکانی گەرووی هورمز، بۆیە ڕاوێژکردن لە نێوانیاندا پێویستییەکی هەنووکەییە.

 

 لە لایەکی دیکەوە، ئاژانسی میهر لە زاری عێراقچییەوە گواستییەوە کە داواکارییە زۆر و لەڕادەبەدەرەکانی ئەمریکا بوونەتە هۆی ئەوەی دانوستانەکان نەگەنە ئامانجەکانی خۆیان و شکست بهێنن.

106 جار خوێندراوەتەوە