فاتح بیرۆڵ،
بەڕێوەبەری جێبەجێکاری ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە (IEA)، ڕایگەیاند، دۆخی ئێستای جیهان گەورەترین و
خراپترین قەیرانی وزەیە لە مێژوودا و مەترسییەکانی زۆر لە قەیرانەکانی پێشوو
گەورەترن و رۆژانە بەهۆی جەنگەوە 13 ملیۆن بەرمیل نەوت کەمتر لەپێش جەنگ
دەخرێتەبازاڕە.
بیرۆڵ جەختی
لەوە کردەوە کە قەیرانی ئەمجارە لە کۆی قەیرانەکانی ساڵانی 1973، 1979 و 2022
قورسترە، هۆکارەکەشی بۆ تێکەڵبوونی پچڕانی نەوت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەتایبەت
گەرووی هورمز، لەگەڵ لێکەوتەکانی جەنگی ڕووسیا و ئۆکرانیا گەڕاندەوە.
ئاماژەی بەوەش
کرد، بەهۆی ململانێکانی ناوچەکەوە لانیکەم 84 دامەزراوەی وزە زیانیان بەرکەوتووە،
کە 34یان زیانەکانیان زۆر قورسن و، نۆژەنکردنەوەیان تەنانەت دوای کۆتاییهاتنی
جەنگیش، ڕەنگە دوو ساڵ بخایەنێت.
لە بەشێکی
دیکەی قسەکانیدا، بەڕێوەبەری ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە ئاشکرایکرد، بەهۆی ئەم
قەیرانەوە ڕۆژانە 13 ملیۆن بەرمیل نەوت و 100 ملیار مەتر سێجا غازی سروشتی لە
بازاڕەکاندا نەماون.
هۆشداریشی دا کە ئەگەر ئاستەنگەکانی بەردەم
دابینکردنی وزە بەردەوام بن، یەدەگی سووتەمەنیی فڕۆکە لە ئەوروپا لە ماوەی شەش
هەفتەدا کۆتایی دێت، ئەمەش دەبێتە هۆی هەڵوەشاندنەوەی بەرفراوانی گەشتە
ئاسمانییەکان.
هاوکات بیرۆڵ
داوای لە حکومەتەکان کرد ڕێکاری خێرا بگرنەبەر بۆ کەمکردنەوەی فشار لەسەر
بەکاربەران.
لەلایەکی دیکەشەوە، ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس، سکرتێری
گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەم دۆخەی بە سەختترین قەیرانی وزە لەم نەوەیەدا
ناوبرد و جەختی لە پێویستیی چارەسەرکردنی کردەوە بەبێ زیانگەیاندن بە ئامانجەکانی
ژینگە و کەشوهەوا.
117 جار خوێندراوەتەوە