بزووتنەوەی گۆڕان و حزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان جەخت لە پێویستیی یەکڕیزیی نیشتمانی و کاراکردنەوەی دامەزراوە شەرعییەکانی هەرێم دەکەنەوە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو مەترسییە سیاسی و ئابوورییانەی ڕوویان لە ناوچەکە کردووە.
ئەمڕۆ، شاندێکی باڵای بزووتنەوەی گۆڕان کە پێکهاتبوون لە (دلێر عەبدولخالق، چۆمان محەمەد، شاخەوان ڕەئوف بەگ و ڕۆڤان سەروەت) ئەندامانی جڤاتی نیشتمانی، لە شاری سلێمانی سەردانی مەکتەبی سیاسیی حزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستانیان کرد. لەلایەن شاندی میواندارەوە کە پێکهاتبوون لە (ڕێبین محەمەد حاجی مەحمود، ڕزگار غەفور، د.فەرهاد تۆفیق) کارگێڕانی مەکتەبی سیاسی و (شادمان ڕۆستەم) ئەندامی مەکتەبی سیاسی، پێشوازییان لێکرا.
دوای کۆبوونەوەکە، چۆمان محەمەد، ئەندامی جڤاتی نیشتمانی بزووتنەوەی گۆڕان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانییدا ڕایگەیاند: "وەک نەریتێکی سیاسی و دوای کۆتایی هاتنی کارەکانی کۆنفرانسی بزووتنەوەی گۆڕان، ئەمڕۆ وەک شەشەم هێزی سیاسی سەردانی حزبی سۆسیالیستمان کرد بۆ گۆڕینەوەی بیروڕا لەسەر دۆخی هەرێم و بەرنامەی سیاسی داهاتوومان."
چۆمان محەمەد هۆشداری دا لەوەی کە هەرێمی کوردستان لەبەردەم "بەستەڵەکێکی سیاسی" و مەترسیی گەورەدایە بەهۆی ململانێکانی نێوان ئێران و ئەمریکا و ئیسرائیل، کە کاریگەریی ڕاستەوخۆیان لەسەر ژیان و بژێوی خەڵک و قەیرانەکانی غاز و کارەبا دروست کردووە.
جەختیشی کردەوە کە پێویستە لایەنە سیاسییەکان، بەتایبەت پارتی و یەکێتی، بگەنە ڕێککەوتنی نوێ بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمان و حکومەت، تاوەکو کورد بتوانێت بە یەکگرتوویی لە پڕۆسەی سیاسی بەغدا و پرسی سەرۆک کۆماردا بەشدار بێت و بەرگری لە قەوارەی هەرێم بکات.
سەبارەت بە پێکهێنانی ئەنجومەنی سیاسی حزبە سیاسیەکانی کوردستانیش چۆمان محەمەمەد ڕایگەیاند کوردیش مافی خۆیەتی وەک هێزە سونی و شیعەکان خاوەنی ئەنجومەنی سیاسی بێت، بەڵام بە مەرجێک نەبێتە جێگرەوەی، دامەزراوە شەرعییەکانی هەرێم.
لایخۆشیەوە د. فەرهاد تۆفیق کارگێڕی مەکتەبی سیاسی حزبی سۆسیالیست وێڕای پیرۆزبایی سەرکەوتنی کۆنفرانسی بزوتنەوەی گۆڕان، هیوای خواست ئەم سەردانەی بزوتنەوەی گۆڕان بۆلای لایەنە سیاسیەکان ببێتە هۆی تواندنەوەی بەستەڵەکی سیاسی نێوان لایەنە سیاسیەکان.
122 جار خوێندراوەتەوە