ڕاوێژکارێکی سودانی: ناهێڵین کێشە بۆ موچە دروست بێت و قەرز دەکەین

KNN : Kurdish News Network
02:45 - 14/03/2026
کوردستان
+
-

راوێژكاری دارایی محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق ئاشكرای دەكات كە پێشبییەكان ئەوە دەخەنە ڕوو كە ئەم شەڕە چوار مانگی دیكە بەردەوام دەبێت، بەڵام ئێستا كاریگەرییەكەی لەسەر عێراق دەرناكەوێت، بەڵكوو دوای دوو مانگی دیكە دەردەكەوێت، بۆیە عێراق پەنا بۆ قەرزكردن دەبات.

 

مەزهەر محەمەد ساڵح، ڕاوێژكاری دارایی سەرۆك وەزیرانی عێراق، بە ئاژانسی دەنگوباسی عێراقی راگەیاندووە، كاریگەریی دروستبوونی ئاستەنگ بۆ هەناردەكردنی نەوتی عێراق لە ڕێگەی گەرووی هورمز لە هەموو بوارەكانی دارایی و ئابووریی وڵات دەردەكەوێت، بەڵام ئێستا ئەم كاریگەرییە بەدیار ناكەوێت.

 

ڕوونیشی كردووەتەوە كە كاریگەرییەكە دوای نزیكەی دوو مانگی دیكە و لەگەڵ هاتنی مانگەكانی پێنج و شەش دەردەكەوێت، بەهۆی وەستانی هەناردەكردن، ئەوكاتەش بە ئەگەری زۆرەوە دۆخەكە یەكلا دەبێتەوە، چونكە پێشبینییەكان ئاماژە بەوە دەدەن كە ئەم شەڕە ئەوپەڕەكەی چوار مانگ دەخایەنێت.

 

ئەوەشی ئاشكرا كردووە كە حكوومەتی فیدرالیی عێراق بۆ دابینكردنی مووچە و پابەندییە دەرەكییەكانی، هیچ چارەیەكی نییە جگە لە پەنابردن بۆ قەرزكردن، لەم دوو مانگەشدا عێراق دەچێتە قۆناغی سكهەڵكووشین (تقشف) لە بابەتی كرێ و مووچەی خانەنشینان و چاودێریی كۆمەڵایەتی.

 

ئاماژەی بەوەش داوە كە یەكێك لەو چارەسەرانەی حكوومەت پەنای بۆ دەبات، قەرزی ناوخۆییە، ئەمە جگە لەوەی هاریكاری لە نێوان دەسەڵاتی نەختینەیی و دارایی هەیە، چونكە یەدەگی عێراق باشە و رێگەی ئەوە دەدات قەرز بكرێت لە حاڵەتی بەردەوامبوونی قەیرانەكەدا.

 

لە كۆتاییشدا دەڵێت: ”عێراق پارێزراوە و ئەم دۆخە زۆر كاریگەریی لەسەری دروست ناكات ئەگەر چوار یان پێنج مانگ بخایەنێت."

512 جار خوێندراوەتەوە