سەرۆکایەتیی هەرێم: هێرشکردنە سەر کۆنسووڵخانەی ئیمارات بە تووندی سەرکۆنە دەکەین

KNN : Kurdish News Network
06:31 - 14/03/2026
کوردستان
+
-

بۆ جاری دووەم لە ماوەی یەک هەفتەدا، کۆنسووڵخانەی گشتیی دەوڵەتی ئیمارات لە شاری هەولێر کرایە ئامانج و بەهۆیەوە بریندار و زیانی ماددی لێکەوتەوە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان ڕاگەیاندراوێکی لەبارەی هێرشکردنە سەر کونسوڵخانەی ئیمارات لە هەولێر دەرکرد

 

هەواڵ: KNN

 


سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکی فەرمیدا، هێرشەکەی بە تووندی سەرکۆنە کرد و داوای لە حکومەتی فیدراڵیی عێراق کرد ئەرکی خۆی لە پاراستنی نێردە دیپلۆماسییەکان جێبەجێ بکات. لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "پێویستە حکومەتی عێراق رێگری لە دووبارەبوونەوەی ئەم هێرشانە بكات، ئەنجامدەرانی بدۆزێتەوە و سزایان بدات، تاکوو چیتر ئاسایشی وڵات نەکەوێتە مەترسییەوە."

 

هاوکات وەزارەتی دەرەوەی ئیمارات هێرشەکەی بە "تیرۆریستی" وەسف کرد و رایگەیاند کە ئەمە "پێشێلکارییەکی زەقی رێککەوتننامەی ڤییەننا و یاسا نێودەوڵەتییەکانە". ئیمارات جەختی لەوە کردەوە کە ئەمە دووەم هێرشە لە ماوەی هەفتەیەکدا دەکرێتە سەر هەمان شوێن و داوای لێکۆڵینەوەی بەپەلەی لە حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان کرد بۆ سزادانی لایەنە بەرپرسەکان.

 


ئەمڕۆ  لە رێگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە (درۆن) هێرشکرایە سەر باڵەخانەی کۆنسووڵخانەی ئیمارات لە هەولێر. بەگوێرەی ڕاگەیێندراوی وەزارەتی دەرەوەی ئیمارات، هێرشەکە بووەتە هۆی برینداربوونی "دوو کارمەندی ئەمنی" و گەیاندنی زیانی ماددی بە باڵەخانەی کۆنسووڵخانەکە.

 

ئەم هێرشە لە کاتێکدایە کە تەنیا چوار ڕۆژ پێش ئێستا، لە 10ـی ئاداری 2026، درۆنێکی دیکە لە نزیک هەمان کۆنسووڵخانە کەوتە خوارەوە و زیانی ماددی لێکەوتەوە.

79 جار خوێندراوەتەوە