تۆم باراک لەگەڵ نوری مالیکی کۆدەبێتەوە و کۆتا پەیامی ترەمپی پێ دەڵێت

KNN : Kurdish News Network
03:29 - 27/02/2026
کوردستان
+
-

تۆم باراک، نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا بۆ کاروباری سووریا پەیامێکی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ دەگەیەنێتە نوری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا و کاندیدی پۆستی سەرۆک وەزیرانی عێراق.


میدیاکانی عێراق بڵاویانکردوە، بڕیارە لە کاتژمێرەکانی داهاتوودا تۆم باراک لەگەڵ نوری مالیکی کۆببێتەوە. ئامانجی سەرەکی کۆبوونەوەکە گەیاندنی هەڵوێستی فەرمی و ناڕەزایەتی ئیدارەی ترەمپە بەرامبەر بە کاندیدکردنەوەی مالیکی بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران.


بەپێی زانیارییەکان، نێردەی ئەمریکا پەیامێکی "کردەیی و ڕاشکاو" بە مالیکی دەدات کە تێیدا جەخت لە پەیامی پێشوی ترەمپ کراوەتەوە لەسەر گەڕانەوەی ناوبراو بۆ سەرۆکایەتی حکومەت، بەو پێیەی گەڕانەوەی مالیکی دەبێتە هۆی ساردبوونی پەیوەندییەکانی نێوان بەغداد و واشنتن.


لەلایەکی دیکەوە، ئەمڕۆ هەینی فایەق زێدان، سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەری، پێشوازی لە تۆم باراک کرد. لە دیدارەکەدا باس لە ڕۆڵی دەسەڵاتی دادوەری لە تەواوکردنی شایستە دەستوورییەکان و ئەو جووڵە سیاسییانە کرا کە ئامانجیان خێراکردنی پرۆسەی پێکهێنانی حکومەتی نوێیە.


جێی ئاماژەیە، نێردەی سەرۆکی ئەمریکا ڕۆژی یەکشەممەی ڕابردوو زنجیرەیەک دیداری لەگەڵ سەرۆک وەزیران و وەزیری دەرەوە و لایەنە سیاسییەکانی بەغداد ئەنجامدا، پاشان سەردانی هەولێر و سلێمانی کرد و لەگەڵ سەرکردە کوردەکان کۆبووەوە بە مەبەستی هاندانیان بۆ ڕێککەوتن لەسەر هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار.

916 جار خوێندراوەتەوە