کۆمپانیای DNOـی نەرویجی، کە یەکێکە لە کۆمپانیا سەرەکییەکانی بواری وزە لە هەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند کۆی بەرهەمهێنانی نەوتیان لە کێڵگەکانی هەرێم گەیاندووەتە 500 ملیۆن بەرمیل، هاوکات پلانی ستراتیژیی خۆیان بۆ ساڵی 2026 ئاشکرا کرد کە فراوانکردنی بەرهەمهێنان و هەڵکەندنی هەشت بیری نوێ لەخۆدەگرێت.
لە میانی کۆنفرانسێکی تایبەتی کۆمپانیاکەدا کە لە شاری هەولێر بەڕێوەچو، بێژەن موسەفەر ڕەحمانی، سەرۆکی جێبەجێکاری کۆمپانیای DNO ئاماژەی بەوەکرد، کە سەرەڕای ئاڵنگارییە ئەمنییەکان و گوشارەکانی بەغدا، کۆمپانیاکە توانیویەتی ئاستی بەرهەمهێنان بە شێوەیەکی بەرچاو بەرزبکاتەوە.
ڕەحمانی وتی: "گەیشتن بە بەرهەمهێنانی 500 ملیۆن بەرمیل و بەرهەمهێنانی پێنج ملیۆن بەرمیل تەنها لە مانگی ڕابردوودا، تەنیا ژمارە نین، بەڵکو گەواهیدەری پابەندبوونی قوڵی کۆمپانیاکەمانن بە کارکردن لە هەرێمی کوردستان."
کۆمپانیاکە لە ئێستادا لە چەندین کێڵگەی وەک تاوکێ و پێشخابوور کار دەکات. بۆ ساڵی 2026، DNO بڕیاری داوە کارەکانی فراوانتر بکات لەرێگەی لێدانی هەشت بیری نوێی نەوت، کە پێشبینی دەکرێت ببێتە هۆی زیادبوونی سەدان هەزار بەرمیل نەوتی دیکە بۆ بەرهەمی ڕۆژانە.
کۆمپانیای DNO کۆمپانیایەکی نەوت و گازی نەرویجییە و لە ساڵی 1971 دامەزراوە. جگە لە هەرێمی کوردستان، لە دەریای باکوور، ڕۆژئاوای ئەفریقا، بەریتانیا و یەمەن وەبەرهێنان دەکات و لە بۆرسەی ئۆسلۆ تۆمار کراوە.
81 جار خوێندراوەتەوە