سودانی دەڵێت دوو
بژاردە لەبەردەم گروپەچەکدارەکانە یان ئەوەتا دەچنە ناو سیاسەت یانیش دەچنە ژێر
ڕکێفی دەوڵەتەوە، ئەوەش خواستی دەوڵەتی عێراقە نەک ئەمەریکا و دەرەوە، دەشڵێت بەم نزیکانە هاوپەیمانان عەین ئەسەد و هەریریان ڕادەستدەکەنەوە.
هەواڵ:KNNC
محەممەد شیاع سودانی
سەرۆکوەزیرانی عێراق لە دیدارێکی میدیاییدا ڕایگەیاند: عێراق پابەندە بە
سنوردارکردنی چالاکی گروپەچەکدارەکان و ئەو گروپانە دوو بژاردەیان لەبەردەمە، یان
ئەوەتا دەچنە نێو کایەی سیاسی و بەشداری سیاسەت دەکەن یانیش ئەوەتا دەچنە ژێر ڕکێفی
دەوڵەتەوە و تێکەڵ بە هێزە فەرمییەکان دەبن، چونکە زۆرینەیان نوێنەرایەتییان لە
پەرلەمان هەیە و متمانەی دەنگدەرە عێراقییەکانیان بەدەستهێناوە.
وتیشی، ئاشکرایە
حەشدی شەعبی گروپێکی دژەتیرۆرە و شەڕی تیرۆری کردوە، سنوردارکردنی کاری گروپەچەکدارەکان
و ڕێکخستنیشیان خواستێکی دەوڵەتی عێراقە و لە پەرلەمان دەنگی لەسەردراوە و بۆ بە
دامەزراوەییبوونە نەک بەجێهێنانی خواستی ئەمەریکا و وڵاتانی دیکەبێت.
لەبارەی ئەرکی
هاوپەیمانانەوە محەممەد شیاع سودانی ئاماژەی بەوەدا، کە پڕۆسەکە قۆناغ بە قۆناغ
بەرەوپێش دەچێت و هەنگاوی گرنگی بڕیوە، لەو چوارچێوەیەشدا، لەم چەند ڕۆژەدا بنکەی عەین ئەسەدی ئەنباریان لە لەلایەن هاوپەیمانانەوە
ڕادەست دەکرێتەوە و لە دواتریشدا بنکەی هەریریان لە هەولێر ڕادەست دەکرێتەوە.
لەوبارەیەوە سودانی قسەی زیاتری کرد و وتی، لێدوان و ئامۆژگارییەکانی مارک ساڤایا و دەستوەردانەکانی
لەڕێگەی تۆڕی کۆمەڵایەتییەوە قبوڵکراو نییە، چونکە ئەمەریکا پابەندی خۆی بە کشانەوە
لە عێراق نیشانداوە و بەغدادیش نایەوێت بە هیچ هۆکارێک پەیوەندییەکانی لەگەڵ
واشنتن تیکبچێت...
436 جار خوێندراوەتەوە