داواكاری گشتی كرماشان: 115 تۆمەتبار و سیخوڕی ئیسرائیلمان دەستگیر كردوە

KNN : Kurdish News Network
03:17 - 24/06/2025
جیهان
+
-

داواكاری گشتی كرماشان رایدەگەیەنێت: بەتۆمەتی سیخوڕیكردن و بڵاوكردنەوەی پڕپاگەندە بۆ ئیسرائیل هێزە ئەمنییەكانی شارەكە (115) تۆمەتباریان دەستگیر كردوە.


هەواڵ: (KNNC)


حەمید ڕەزا کەریمی، داواكاری گشتی لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا لە بینای پارێزگای كرماشان رایگەیاند: لەسەرەتای دەستدرێژییەكەی ئیسرائیل بۆسەر ئێران، هێزە ئەمنییەكان و لایەنە پەیوەندیدارەكان رێوشوێنی توندیان بۆ دۆزینەوەی ئەو كەسانەی كە هاوكاری تەلئەبیب دەكەن گرتوەتەبەر، بۆ ئەو مەبەستەش بێجگە لە دانانی بازگە بەدواداچونیان كردوە و لە ئەنجامدا توانیوانە (115) سیخوڕ و كەسایەتیی دیكەیان دەستگیركردوە.


وتیشی: لە ئەم دۆخەی ئێستای وڵاتدا، هەر چالاكییەك و بڵاوكردنەوەی پڕوپاگەندە بۆ بەرژەوەندی ئیسرائیل، دەچێتە چوارچێوەی تاوان، بۆیە (54) كەس لە دەستگیركراوەكان هەوڵی بڵاوكردنەوەی پڕوپاگەندەیان داوە و دەستبەسەر كراون، دواتر بەوەرگرتنی بارمتە بۆ دوبارە نەكردنەوەی كارەكەیان ئازاد كراون.


داواكاری گشتی پارێزگای كرماشان ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد، لێكۆڵینەوەكان لەگەڵ دەستگیركراوەكان بەخێرایی تەواو دەبن و بەپێی رێنماییەكانی وەزارەتی داد و داواكاری گشتی ئیران، روبەڕوی یاسا دەكرێنەوە، ئاشكراشیكرد؛ یەكێك لە دەستگیركاوەكان خاوەن رەگەزنامەی ئەوروپییە و بەتۆمەتی سیخوڕیكردن دۆسییەی بۆ كراوەتەوە.

100 جار خوێندراوەتەوە