دوای راگەیاندنی ئاگربەستەكەی پوتین كە سێ رۆژ دەخایەنێت، وەزیری دەرەوەی
ئۆكرانیا وەڵامی دایەوە و دەڵێت: ئەگەر روسیا بەڕاستی ئاشتی دەوێت با دەستبەجێ
جەنگ رابگرێت.
هەواڵ: (KNNC)
ئاندری سێپیها، وەزیری دەرەوەی ئۆکرانیا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی (X) نوسیویەتی، ئەگەر ڤلادێمیر پوتین،
سەرۆكی روسیا بەڕاستی ئاشتی دەوێت، دەبێت دەستبەجێ جەنگ رابگرێت، بەو جۆرە
وڵاتەكەی ئامادەیە پشتیوانی لە ئاگربەستی هەیشەیی بۆ گەڕاندنەوەی سەقامگیری بكات.
راشیگەیاندوە: وا پێویست دەكات كە ئاگربەستی راستەقینەی سەرەتایی زیاتر لە
(30) رۆژ بخایەنێت، نەك تەنها ماوەی ئاگربەستەكە نمایشە سەربازییەكان بێت لە مۆسکۆ.
پێشتر و بەبۆنەی سەركەوتنیان لەجەنگی دوەمی جیهانی و ئاهەنگێڕان لە ساڵڕۆژیدا،
پوتین سێ رۆژ ئاگربەستی راگەیاند و لە راگەیەندراوێكیشدا كۆشكی کرێملین ئاماژە بەوە
کرد، روسیا پێشبینی دەکات ئۆکرانیا پابەندی ئاگربەستەكە ببێت، بەپێچەوانەشەوە وەڵامی
توندی هەر هێرشێك دەدەنەوە كە لەلایەن كیێڤەوە بكرێتە سەریان.
بڕیار وایە رۆژی (9ـی 5ـی 2025) مۆسکۆ میوانداری نمایشی سەرکەوتنی جەنگی جیهانی
دوەم لە گۆڕەپانی سور بكات، کە چاوەڕی دەكرێت زیاتر لە (20) سەرۆک دەوڵەت و حکومەتەكانی
جیهان بەشداری تێدا بکەن.
142 جار خوێندراوەتەوە