شارەوانی سلێمانی، جوتیارانی گوندێکی ئاگادارکردوتەوە دەستبەرداری زەوییە
کشتوکاڵییەکانیان ببن بۆئەوەی بەسەر فەرمانبەراندا دابەشبکرێت، جوتیارانیش دەڵێن:
بژێوی ژیانیان لەسەر ئەو زەویانەیە و پرۆژەی کشتوکاڵی گەوریان لەسەر بونیاد ناوە.
هەواڵ:KNNC
بەیانی ئەمڕۆ، ژمارەیەک لە جوتیارانی گوندی (قایکەند) لەسنوری ناحیەی پیرەمەگرون-ـی
سەربە پارێزگای سلێمانی گردبونەوە و لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایانگەیاند،
لەلایەن سەرۆکایەتی شارەوانی سلێمانی و بەڕێوەبەرایەتی زەوی و زارەوە ئاگادار کراونەتەوە،
دەستبەرداری زەوییە کشتوکاڵییەکانیان ببن بۆئەوەی بەسەر فەرمانبەراندا دابەشبکرێن.
جوتیاران رەتیدەکەنەوە دەستبەرداری زەوییەکانیان ببن و دەڵێن: گوندەکەیان
زەوی و ئاوی باشی بۆ پرۆژەی کشتوکاڵی هەیە و چەندین خانوی پلاستیكییان لەسەر ئەو
زەوییانە دروستکردوە و بەرهەمێکی زۆری کشتوکاڵییان هەیە، هەروەها بژێوی ژیانیان
لەسەر ئەو پرۆژە کشتوکاڵییانەیە.
دەشڵێن: گوندەکەیان لەدەرەوەی ماستەرپلانی سلێمانییە و 30 بۆ 40 کیلۆمەتر
لە شارەوە دورە. ناشزانن ئەگەر ئەو زەوییانەیەان لێوەربگیرێت قەرەبو دەکرێنەوە یان
نا.
بە وتەی ئەو جوتیارانە، زەوییە کشتوکاڵییەکان کە شارەوانی سلێمانی داوای
دەکات هەزار و 450 دۆنمە و لەلایەن 38 جوتیارەوە خاوەندارێتی دەکرێن و 100 کەس کار
لەسەر ئەو زەوییانە دەکات.
قایکەند گوندێکە، کەوتوەتە
ناحیەی پیرەمەگرون، سەر بە قەزای دوکان لە پارێزگای سلێمانی، لە باکور ھاوسنورە لەگەڵ
گوندی حەسەن تەپەی خوارو و لە باشور لەگەڵ گوندی ئەڵایی خوارو و لە ڕۆژھەڵات لەگەڵ
گوندی چەقژی خواروو و لە ڕۆژاوا لەگەڵ گوندی باخ.
890 جار خوێندراوەتەوە