دادگای نێودەوڵەتی لاهای چەند دانیشتنێک سەبارەت بە دۆخی غەززە ئەنجامدەدات

KNN : Kurdish News Network
08:59 - 28/04/2025
جیهان
+
-

دادگای نێودەوڵەتی لاهای، زنجیرەیەک دانیشتن سەبارەت بە دۆخی فەڵەستین و گەمارۆکانی ئیسرائیل بۆ راگرتنی هاوکارییە مرۆییەکان بۆ کەرتی غەززە، ئەنجامدەدات.

 

هەواڵ:KNNC

 

ئەمڕۆ دوشەممە، دادگای نێودەوڵەتی لاهای زنجیرەیەک دانیشتن ئەنجامدەدات سەبارەت بە پابەندنەبونی ئیسرائیل بەرامبەر فەڵەستین ئەوەش دوای زیاتر لە 50 رۆژ لە سەپاندنی گەمارۆ لەسەر گەیشتنی یارمەتییە مرۆییەکان بۆناو کەرتی غەززە.

 

نوێنەرانی نەتەوە یەکگرتوەکان لە دادگای نێودەوڵەتیی داد کە بەرزترین دادگای نەتەوە یەکگرتووەکانە لە لاهای پایتەختی هۆڵەندا، لەبەردەم لیژنەیەکی 15 دادوەردا، گفتوگۆکان ئەنجامدەدەن.

 

لەم هەفتەیەدا 38 وڵاتی دیکە راپۆرتەکانیان پێشکەش دەکەن لەوانە ئەمریکا، چین، فەرەنسا، ڕووسیا و سعودیە، هەروەها کۆمکاری عەرەبی، ڕێکخراوی هاوکاری ئیسلامی و یەکێتی ئەفریقا.

 

لە مانگی کانونی دوەمدا، کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتوەکان بە زۆرینەی دەنگ بڕیارێکی پەسەند کرد کە لەلایەن نەرویجەوە پێشکەشکرابو و داوای لە دادگای نێودەوڵەتیی داد کرد رێگە لە پێشێلکارییەکانی ئیسرائیل بگرێت لە کەرتی غەززە.

 

ئیسرائیل ڕەوتی یارمەتییە نێودەوڵەتییەکانی کۆنترۆڵ کرد و رێگە بەچونە ناوەوەی هاوکارییەکان بۆ دوو ملیۆن و 400 هەزار فەڵەستینی لە کەرتی غەززە نادات کە بەدەست قەیرانێکی مرۆیی بێوێنەوە دەناڵێنن.

 

فیلیپ لازارینی، کۆمیساری گشتی ئاژانسی فریاگوزاری و کارەکانی نەتەوە یەکگرتوەکان بۆ پەنابەرانی فەلەستین رایگەیاند، "برسێتییەکی دروستکراوی مرۆڤ و پاڵنەری سیاسی"ی ئیدانە کرد.

 

ئیسرائیل لە 18ی ئازاری ئەمساڵەوە، هێرشە ئاسمانی و زەمینیەکانی دەستپێکردەوە، ئەمەش بووە هۆی ئەوەی کە نەتەوە یەکگرتوەکان بە " خراپترین" قەیرانی مرۆیی وەسفی بکات، لە دوای حەوتی تشرینی یەکەمی 2023.

41 جار خوێندراوەتەوە