وەزارەتی شارەوانی رایدەگەیەنێت لە کۆتای مانگی پێنج وردبینی بۆ پێدانی زەوی بۆ تەواوی فەرمانبەران و خانەنشینان کۆتای دێت و بە گشتیش نزیکەی 400 هەزار فەرمانبەر سودمەند دەبن لە پڕۆسەی دابەشکردنی زەوی.
هەواڵ:KNNC
سەربەست مەولود، سەرپەرشتیاری دابەشکردنی زەوی لە وەزارەتی شارەوانی لە بەرنامەی پرسی ڕۆژی کەی ئێن ئێندا، کە کاتژمێر (5:00) ئێوار پێشکەشکرا، زانیاری نوێی لەبارەی دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەراندا خستەڕو و رایگەیاند، لە ئێستادا زیاتر لە 315 هەزار فەرمانبەر ناویان بۆ وەرگرتنی زەوی تۆمارکراوە.
وتیشی زۆربەی وەزارەتەکان تەواو بون، تەنها کەمێک نەبێت کە بەهۆی کێشەی تەکنیکیەوە ناویان نەهاتوەتەوە و ئیش لەوانەشدا دەکەن و بە زوترین کات چارەسەر دەبن، ئاماژەی بەوەشدا شوێنی نیشتەجێبون و کارتی زانیاری هەرشوێنێک بێت فەرمانبەر لەوێ زەویان پێدەدرێت.
ناوبراو ئەوەشی خستوتەڕو لەم قۆناغەی ئێستادا 38 هەزار زەوی دیکە ڕەزامەندیان لەسەر دراوە، کە 13 هەزاریان بۆ وەزارەرتی ناوخۆ بوە، 25 هەزارەکەی دیکەش بۆ خانەنشینان و فەرمانبەرانی وەزارەتەکانی دیکە بون.
لەبارەی ئەوەی کام وەزارەت ماوە ڕەزامەندی وەرگرتنی زەویان پێبدرێت و کامیان تەواوبون، ناوبراوە رایگەیاند تەواوی وەزارەتەکانی دیکە تەواو بون لە وردبینی و تەنها خانەنشینان و پێشمەرگە ماون رەزامەنی وەرگرتنی زەویان بۆ وەربگیرێت، لە مانگی داهاتودا ئەوانیش تەواو دەبن.
باسی لەوەشکرد، پێنجشەممەی ڕابردو نزیکەش 100 هەزار ناوی دیکە لە وەزارەتی پیشمەرگە ڕەوانەی ئەنجومانەی وەزیران کراوە بۆ وەرگرتنی زەوی و بە هیواین لە هەفتەی داهاتو ناویان بێتەوە و ڕەوانەی شارەوانییەکان بکرێت بۆ دابینکردنی زەوی بۆیان.
جەختیشیکردەوە؛ پڕۆسەی وردبینی تەواوی فەرمانبەران بۆ وەرگرتنی زەوی لە مانگی پێنجدا تەواو دەبێت، بەڵام پرسی دابەشکردن و دیاریکردنی شوێن بۆ زەوییەکان پەیوەندی بەشارەوانییەکانەوە هەیە و لای ئەوانە.
907 جار خوێندراوەتەوە