پێشتر و لە دۆخی ئاساییدا،
هەمیشە باسمان لە کۆسپەکانی بەردەم سەرکەوتنی خوێندنی کوردی لە کەرکوک کردوە، ئێستا
و دوای خراپبونی دۆخی دارایی، تەندروستی، دەرونی، کۆمەڵایەتی، سیاسی و ئەمنی لە کەرکوک
و تەواوی ناوچە دابڕێنراوەکانی کوردستان، سەرباری سەرنج و کێشەکانی پێشو، بەداخەوە
کۆمەڵێک کۆسپی دیکەی گەورە بەرۆکی خوێندنی کوردیی لە ناوچەکە گرتوە.
لە روی دەستوری و یاساییەوە،
پێویست بو حکومەتی ناوەند بە یەکسانی و بێ جیاوازیی نەتەوەیی کاری کردبا و هەلی یەکسانی
بۆ هەموان دابین کردبا، ئێستا کە ناوەند کار بۆ ئەوە ناکات، پێویستە حکومەتی هەرێم
درک بە هەستیاریی دۆخەکە بکات و راستەوخۆ لێکۆڵینەوە لەم پرسە چارەنوسسازە بکات و
میکانیزمی گونجاو بۆ چارەسەرکردنیان دابنێ.
حکومەتی ناوەند بڕیاری
دەستپێکی پرۆسەی خوێندنی ئەمساڵی داوە لە (29)ی ئەم مانگەدا، بە شێوەی خوێندنی تێکەڵ
و بە جێبەجێکردنی کۆمەڵێک رێکار، گەرچی بەو رێکارانەشەوە پرۆسەی خوێندن لە وڵاتدا
دوادەکەوێت، سەرباری ئەوە هێشتا کار بۆ جێبەجێکردنی ئەو رێکارانە لەسەر خوێندنی
کوردی نەکراوە.
ئەمانەی خوارەوە گرفتە هەنوکەییەکانی بەردەم خوێندنی
کوردین لە کەرکوک:
یەکەم/ ترسی مامۆستایان
و دایکان و باوکانی خوێندکاران لە پەتای نەگریسی کۆرۆنا، بەتایبەت لە کاتێکدا وەرزی
سەرما و پەتا هاتوە و ژمارەی توشبوان و گیانسپاردنی هاوڵاتیان بە ڤایرۆسەکە لە هەڵکشاندایە.
دوەم/ زیاتر لە هەشت هەزار
مامۆستا و فەرمانبەری خوێندنی کوردی راژەیان سەر بە هەرێمی کوردستانە و دوچاری
دواکەوتنی موچە و خراپیی دۆخی گوزەران بونەتەوە، لەم دۆخەدا مامۆستایان ناتوانن وەکو
پێویست بە ئەرکی خۆیان هەستن.
سێیەم/ حکومەتی ناوەند
بڕیاری کردنەوەی سێ کەناڵی پەروەردەیی داوە بۆ هەرسێ قۆناغی سەرەتایی و ناوەندی و
دواناوەندی بۆ پشتیوانیی خوێندکاران، بەتایبەت لە کاتێکدا حکومەت بڕیاری داوە هەر
پۆلێک تەنها یەک رۆژ لە هەفتەدا لە خوێندنگەکاندا ئامادەیی هەبێت. ئایا خوێندنی
کوردی چۆن قەرەبوی ئەم ئامادەنەبونەی خوێندکاران لە پۆلەکاندا دەکاتەوە؟
چوارەم/ حکومەتی ناوەند
بریاری راگرتنی وانەی ئایینی لە تاقیکردنەوە کۆتاییەکاندا داوە، کە وانەی ئایین
وانەیەکی سەرەکییە لە خوێندنی عەرەبیدا، خوێندنی کوردی ناچار دەبێت هەردو وانەی عەرەبی
و ئایین لە تاقیکردنەوەکاندا رابگرێت، بەو پێیەی هەردو وانەکە یەک تاقیکردنەوەی کۆتاییان
هەیە، ئەمەش زیانێکی زۆر بە خوێندکارانی کورد دەگەیەنێت، چونکە زۆرینەیان دوای سەرکەوتن
لە قۆناغی ئامادەیی دەچنە زانکۆکانی کەرکوک، کە خوێندنی فەرمی تیایاندا بە زمانی عەرەبییە.
چی بکرێت؟
ئەگەرچی لە روی کارگێڕییەوە
کەرکوک و ناوچە دابڕێنراوەکان سەر بە حکومەتی ناوەندن، بەڵام ئەرکی ئەخلاقی و نەتەوەیی
حکومەتی هەرێمی کوردستانە بە تەنگ خەم و کێشەی دانیشتوانی ئەم ناوچەیەوە بێت، بەتایبەت
بواری پەروەردە، سەرەڕای کێشە سەرەکییە کەڵەکەبوەکانی خوێندنی کوردی، پێویستە بە
زوترین کات بۆ خوێندنی ئەمساڵ بڕیاری یەکلاکەرەوە بدات و رێگر بێت لە دواکەوتنی خوێندکارانی
کورد لە پرۆسەی فێربون و پەروەردەدا، بەلایەنی کەمەوە پێویستە لەم کاتەدا بەپەلە بیر
لەم چارەسەرانەی خوارەوە بکاتەوە؛
1- لە ئەگەری
کەمتەرخەمبونی وەزارەتی تەندروستیی بەغدا لە دابینکردنی سەلامەتی بۆ خوێندکارانی
خوێندنگە کوردییەکان، وەزارەتی تەندروستیی هەرێم هەستێت بە پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییە
و نەهێڵێت هیچ کارەساتێکی مرۆیی لە خوێندگەکاندا دروست بێت.
2- پێویستە هەرچی
زوە چارەسەری دۆخی دارایی مامۆستایان بکرێت.
3- بەپەلە بیر
لە گەیاندنی وانەی خوێندکاران لە دەرەوەی خوێندگە بکرێتەوە؛ لە رێی دامەزراندنی تەلەفزیۆنیی
ناوخۆیی.
4- وانەی عەرەبی
لانەبرێت و وەکو وانەیەکی سەرەکی مامەڵەی لەگەڵ بکرێت.
687 جار خوێندراوەتەوە