رۆڵی گەنج لە بەرەنگاربونەوەی گەندەڵی و ستەمکاری

گەنجان لە کۆمەڵگەدا هێزێکی کاریگەرن لەسەر هەموو سێکتەرەکانی ژیاندا بە تایبەتی سیاسەت، بەژداری پێکردنی گەنجان لە سیاسەتدا ئەرکێکی پێویستە و بەندە بە پێشکەوتنی وڵاتان و تەنانەت جیهانیش. چونکە گەنج خاوەنی توانا و تاقەتێکی بەهێزە ، هەروەها گەنج زیاتر هەوڵ دەدات داهاتوو باشتر بکات چونکە خودی خۆی لەو داهاتووەدا ئەژی.

 

بەڵام پشتگوێ خستنی گەنجان و گوێنەدان بە بیر و ڕا و مافەکانیان قەیرانی گەورە دروست دەکات، وا دەکات وڵات ببێت بە هاوشێوەی بەردێک کە چەقی بەستوو بێت و بە هیچ شێوەیەک توانای جوڵەی نەبێت. بە پێی زانستە مۆدێرنەکان کەرتی پەروەردە باشترین ڕێگایە بۆ درووستکردنی کۆمەڵە گەنجانێکی ژیر کە بتوانن کاریگەریەکی بەرچاویان هەبێت لەسەر کۆمەڵگە و گۆڕانکاری سیاسی درووست بکەن.

 

فەیلەسوفی گەورەی مێژوو (ئەرستۆ) پەروەردە بە لقێک لە سیاسەت دەزانێت بۆ ئاڕاستە کردنی کۆمەڵگە بۆ کۆمەڵگەیەکی مەزنتر بۆ مرۆڤایەتی. کاریگەری گەنجان لەسەر کۆمەڵگە و سیاسەتی دەوڵەتان لە مێژوودا رۆڵێکی گرنگی بەخۆیەوە بینیوە، لە زۆر خۆپیشاندان و خەبات و شۆڕشەکانی مێژوودا بەژداری گەنجان لە ئاستێکی باڵادا بووە، بگرە زۆر جار خۆیان خاوەنی خەبات و شۆرشەکانی مێژوو بوون و توانیویانە دەنگی خۆیان بە کاربەدەستان و کۆمەڵگە ناوخۆیەکان و جیهان بگەیەنن.

 

لە زۆر ڕووداو دا گەنجان دژی گەندەڵی وەستاونەتەوە و توانیویانە فشارێکی جدی بخەنە سەر گەندەڵکاران.  چەندین نموونە هەیە لەسەر رۆڵی گەنجان لە خەبات و شۆرش کردندا، یەکێک لەو نموونە دیارانە خۆپیشاندانەکانی خوێندکارانی فەرەنسا لە ساڵی ١٩٦٨، دژی کاپیتاڵیزم و دەستتێوەردانی ئەمریکا و گەندەڵی و بێکاری و باجی زۆر سەری هەڵدا.

 

بەرەنگاربوونەوەیەکی توند لەلایەن حوکمەتەوە وای کرد خۆپیشاندەران مانگرتنێکی گشتی رابگەیەنن لە سەرانسەری فەرەنسادا، ئەم جۆرە هەڵسووکەوتە لە لایەن گەنجانەوە وای کرد دەنگدانی پێشوەخت لە فەرەنسادا بکرێت و زۆرینەی کێشەکانیان چارەسەر بکرێت، بەمەش سەرکەوتنێکی مێژوویی گەورەیان بەدەست هێنا. نموونەیەکی دیکە شۆرشی کوبا، کە سەرەتا لەلایەن کۆمەڵە خوێندکارێکی زانکۆ سەری هەڵدا، سەرەتا بە شێوازی خەباتی مەدەنی، دوای دژایەتییەکی توند و نامرۆڤاییانە شێوازی خەباتەکە گۆڕانکاری بەسەردا هات و بوو بە خەباتێکی چەکداری و توانیان حوکمەتی ئەوکاتی کوبا بڕوخێنن. 

 

یەکێک لە جوانترین و کاریگەرترین نموونەکان لە ئێران لە ساڵی ١٩٩٩ ڕوویدا، کاتێک خوێندکارانی زانکۆی تەهران داوای مافەکانی خۆیانیان دەکرد بەڵام هێزەکانی پۆلیس بە ڕەقی وەڵامی داواکاریەکانی خوێندکارانیان دایەوە و هێرشیان کردە سەر خۆپیشاندەران کە بوو بە هۆی بریندار بوونی ٢٠ خوێندکار و دەستگیرکردن و زیندانی کردنی ١٢٦ خوێندکار. پاش ئەم ڕووداوە زیاد لە ١٠٠٠٠ خوێندکار ڕژانە سەر شەقامەکان و خۆپیشاندانێکی گەورەیان ساز کرد کە تەنانەت سەرۆک کۆماری ئەو کاتی ئێران (محمد خاتەمی) و (عەلی خامنەئی) ناچار دەکەن وەڵامی خۆپیشاندەران بدەنەوە و داواکاریەکانیان جێبەجێ بکەن.

 

تەنانەت خامنەئی فەرمان دەکات کە هیچ جۆرە هێزێک بەرامبەریان بەکار نەهێنن تەنانەت ئەگەر ڕەسمی ئێمەش بسووتێنن یاخود بدڕێنن. ئەمانە چەند نموونەیەکی کەم بوون کە گەنجان بە شێوازێکی ڕاستەوخۆ خەباتی خۆیان ئەنجام داوە، چەندین خەبات و شۆڕشی دیکە هەیە کە تیایدا بەژدار بوون و رۆڵێکی بەرچاویان بینیوە.

 

لە هەرێمی کوردستانیش گەنجان ڕۆڵیان هەبووە لە خەبات خۆپیشاندانەکان، بەڵام بەهۆی هەل و مەرجی سیاسی ناوچەکە و هەوڵدان بۆ تواندنەوەی ئەم جۆرە کار و چالاکیانەی گەنجان لەلایەن دەسەڵاتەوە، کاریگەریەکی نزمی هەبووە لەسەر دروستکردنی گۆڕانکاری سیاسی و گەشەپێدانی کۆمەڵگە. سەرەڕای ئەمانە هەنگاوی باش دراوە لەلایەن کەسانی ڕۆشنبیرەوە بۆ ئەم مەبەستە، بۆ نمونە نەوشیروان مستەفا ڕۆڵێکی تایبەتی هەبووە لە بەژداری پێکردنی گەنجان لە کایە سیاسیەکان و هێنانە پێشەوەی گەنجان لە بوارە جیا جیاکاندا و توانی شکۆ بۆ گەنجان بگێڕێنێتەوە و گەنجان وا هەست بکەن توێژێکی گرنگن لە کۆمەڵگادا.

 

هەروەها نەوشیروان مستەفا هەوڵی داوە دەست تێوەردانی حیزبی لە زانکۆ و پەیمانگاکان کەم بکاتەوە و سیمایەکی سەربەخۆ بە زانکۆ ببەخشێت، کە ئەمەش زۆر گرنگ دەبێت بۆ بەرەو پێشبردنی تواناکانی گەنجان و بتوانن بە سەربەخۆیی و بە بێ ترس کار و چالاکیەکانیان ئەنجام بدەن.

 

لە هەرێمی کوردستان بە تایبەتی و عێراق بە گشتی ستەمکاری و گەندەڵی گەشتۆتە ئاستێکی لە تام دەرچوو، بە جۆرێک زۆرینەی دانیشتوان و هاوڵاتیان بێزاری ئەم جۆرە ژیان بەسەر بردنەن، دەکرێت گەنجان و خوێندکارانی ئەم وڵاتە بتوانن گۆڕانکاری بهێننە کایەوە و ڕازی نەبن بەو جۆرە حوکمڕانیە خراپەی کە دەکرێت و دژی ستەم گەندەڵی بۆستنەوە.

 

هەرچەندە ئەرکێکی قورسە چونکە کارێکی زۆر کراوە بۆ سەرکوت کردن و بە لاڕێدابردنی گەنجان کراوە بە جۆرێک هەست بە زوڵم و گەندەڵکاریە نەکات کە دەگوزەرێت. دیسان دەگەڕێتەوە بۆ پەروەردە، سیستەمی پەروەردە بە جۆرێک کۆنترۆڵ کراوە لە لایەن چەند هێزێکەوە کە ڕێگە نادات یاخوود قورسی کردوە گەنجانێک درووست ببن بتوانن دژایەتی گەندەڵی بکەن.

 

دەکرێت چارەسەری ئەم کێشەیە لەلایەن ڕۆشنبیران و نوخبەکانی ناو کۆمەڵگە بکرێت و کاری جدی ئەنجام بدرێت بۆ درووستکردنی گەنجانێک کە باوەڕیان بە تواناکانی خۆیان هەبێت و بتوانن داهاتوویەکی گەش بوونیان بنەن. لە کۆتاییدا دەبێت ئەوە لە بەرچاو بگیرێت کە گۆڕانکاری و گەشەسەندنی کۆمەڵگە و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی کارێکی ئاسان نیە و پێویستی بە کات و خەباتێکی زۆرە، بۆ گەنجان ئەم کارە قورستر دەبێت بە هۆی ئەو کێشە و گرفتانەی تووشیان دەبێتەوە، بەڵام توێژی گەنجان دەتوانن پەستانێکی یەکجار بەهێز درووست بکەن لەسەر گەندەڵی و دژایەتی کردنی گەندەڵی.  

829 جار خوێندراوەتەوە