تا چەند هەرێم پێویستی بە چاکسازی بەپەلە هەیە؟

ئەرکی سەرەکی حکومەت بریتییە لە سێ شت، یەکەم: دابین کردنی خۆشگوزەرانییە بۆ هاوڵاتیان، دووەم: پاراستنی هاوڵاتیانە لە هەڕەشەی ناوخۆیی، سێیەم: بەرگری کردنە لە خاک و نیشتمان لە پەلاماری دەرەکی..

 لەئێستادا حکومەتی هەرێم لە جێبەجیکردنی ئەو ئەرکە سەرەکیانەدا کەم تەرخەم و دەستەوەستانە، لەلایەک ناتوانێ بژێوی خەڵک دابین بکات و لەولاشەوە لەبەرامبەر هەڕەشەی کۆرۆنا و هەڕەشەی دەست تێوەردانی دەرەکی ئێران و عێراق و تورکیا دۆش داماوە، هەموو ئەوانەش بونەتە هۆی لەدەستدانی متمانەی بەشێکی زۆری خەڵک بەحکومەت، کە روکنی سەرەکی مەشروعیەتی هەر دەسەڵاتێکی سیاسییە.


بۆ گەڕانەوەی ئەو متمانەیە پێویست بە چاکسازی بنەڕەتی دەکات نەک هەر لە کەرتی ئابوری، بەڵکو لەسەرجەم بوارەکانی حوکمرانیدا...


یەکێتی و پارتی داموودەزگاکانی حکومەت بە موڵکی خۆیان دەزانن،  مەکتەب سیاسییەکانیان بازرگانی و ئابوری وڵاتیان کۆنترۆڵ کردوە، پێشمەرگە و ئاسایش دادگا و زانکۆ و... بە بەشێک لە مومتەلەکاتی خۆیان لە قەڵەم دەدەن، تا ئەم تێڕوانینە نەگۆڕێت مەحاڵە چاکسازی بکریت، تا هێزی پێشمەرگە و ئاسایش موڵکی حزبەکان بن و وەک کوتەک و گورز بەکاریان بهێنن بۆ دژایەتی یەکتر و خەڵک، چاکسازی هیچ مانایەکی نییە، تا پارەی هەرێم بدرێت بە بن دیوارەکانی حزب و دەنگیان کڕین و فرۆشتنی پێوە بکرێت، چاکسازی مەحاڵ و ئەستەمە...


بەڵام ئەم دۆخە تاکەی بەردوام دەبێت؟ وەک لەسەرەوە ئاماژەم پێداوە ئێستا متمانەی خەڵک بە دەسەڵات لە نزمترین ئاستدایە، بە رادەیەک کە ئارەزوو بە داگیرکردنەوەی هەرێم دەکەن لەلایەن بەغداوە.. هەر بۆیە ئەم کابینەیە لەبەردەم دوو ئەگەردایە، یان چاکسازی یان بە تەواوی لە دەستدانی مەشروعیەت و هەرەس هێنانی هەرێم..


چاکسازیش پێویستی بە جورئەت هەیە، جورئەت بۆ کۆتایی هێنان بە هەژموونی حزب بەسەر حکومەت و ئابوری و بازرگانی و پێشمەرگە و ئاسایش و دەزگای دادوەری..


ئەمە نەکرێت هەرێم بێ تەقە هەرەس دەهێنێت...

723 جار خوێندراوەتەوە