پێش چەند رۆژێک
بەفەرمانی مستەفا کازمی سەرۆک وەزیران کۆمەڵێک چەکداری حەشدی شەعبی کە بەتەمابون پەلاماری
ناوچەی سەوز بدەن، بە راجیمەکانیانەوە دەستگیر کران.
ئەوانە سەربە
حیزبوڵای عێراقی نزیک لە ئێران بون و چەندین جار ئەو کارەیان بە ئاشکرا کردوە، بەشێک
لە میدیاکانی ئەمەریکا و وڵاتە عەرەبیەکانی میحوەری سعودیە و هەندێ لە میدیاکانی خۆمان
و ژمارەیەکی زۆر لە چالاکەکانی سۆشیال میدیا، وەک پاڵەوان و نەترس و ئازا باسی (کازمی)یان
کرد، قسەیەکی زۆریش کرا لەسەر فەرمانی لادانی وێنەی ئایەتوڵاکان لە شەقامەکانی بەغدا
و باشوری عێراق و بە دەربازبونی عێراق لە ژێر هەژمونی ئێران لەقەڵەم درا.
بەڵام دوای
دو رۆژ لە مانەوە لە تەوقیف (دەستبەسەرکردنیان)، دادگای عێراقی سەرەڕای بونی بەڵگەی
تەواوی تاوانەکە، لە ژێر فشاری حەشدی شەعبی دەستگیرکراوەکانی بە بیانوی "نەبونی
بەڵگە" ئازاد کرد. ئەوانیش هەرکە هاتنەدەرەوە وێنەی مەرجەعەکانی خۆیان بە خومەینی
و خامنەئیشەوە هەڵواسی و بۆ ئەتک کردنیش وێنەی مستەفا کازمی سەرۆک وەزیریان سوتاند
و خستیانە ژێر پێیانەوە.
موباڵەغەکردن
لەوەی کازمی فریادڕەسە، و بێمنەتە لە ئێران و حیزبە شیعیەکان، هەڵەیەکی گەورەیە و
خەڵک خەڵەتاندنە لەلایەن پۆپۆلیستەکانەوە، مالیکی و عەلاوی و عەبادی و .. کازمی ئەوانەی کە دواتر دێن، بێ ئێران ناتوانن پەنجە
بە ئاودا بکەن ... دەسەڵاتدەکانی عێراق لەژێر هەژمونی ئێراندان و هەرکەسێک زەڕەیەک
لادات نەک وێنەکەی، خۆشی دەکەوێتە مەترسیەوە.
ئێستا لەسەر
ئەرزی واقیع، ئێران عێراق ئیدارەدەدات، لانی کەم (لەم بارودۆخەدا) کە ئەمەریکا هەزارویەک
کونی تێبوە.
کازمی-ش
نابێ چاوەڕێی شتی گەورەی لێ بکرێت، بۆیە هەق وایە حکومەتی هەرێم لە جیاتی بەغدا لەتارانەوە
کێشەکانی چارەسەر بکات.
612 جار خوێندراوەتەوە