ئایا ڤایرۆسی کۆرۆنا ھەیە لەلای ئێمە ؟

بەڵێ ھەیە و ڕاستیە و درۆ نیە، نەخۆشخانەکان پڕن لە کەسانی توشبوو کە مەرج نیە ھەموویان حاڵیان خراپ بێت، ڕاستە من تا ئێستا بەرکەوتەم نەبووە لەگەڵ ھیچ نەخۆشێک، بەڵام زۆر لە ھاوڕێکانم بەرکەوتەیان ھەبووە و ھەموو پزیشکە بێھۆشکارەکانیش ئێشکگرییان بۆ دانراوە لەنەخۆشخانەکان، کە نەخۆشی کۆرۆنای تێدایە بۆ فریاکەوتنیان لەحاڵەتی تێکچوونی باری تەندروستی و ھەناسەیان .


ئایا ڤایرۆسی کۆرۆنا بەسیاسی کراوە ؟

 

 بەڵێ بەسیاسی کراوە، نەک بەس لە وڵاتی ئێمەدا بەڵکو لە ھەموو ووڵاتەکانی جیھاندا و دەسەڵات و حکومەتەکان بۆ بەرژەوەندی خۆیان و بۆ مەرامی سیاسی بەکاریدەھێنن، و زانیاری زۆر نادەن لەسەر ژمارە و توندی حاڵەتەکان ھەر بۆیە کۆنتڕۆڵکردنی ئاسان نییە.

 

مێژوونووس و نوسەری ئیسرائیلی _یۆڤال نوح ھەراری _ دەڵێت : " پەتای کۆرۆنا چەندین گوتاری ھێناوەتە کایەوە، گوتاری سیاسی ، گوتاری تەندروستی، گوتاری ئابووری، بەڵام ئەوەی لە ئێستادا دەبێت گوێی بۆ بگرین گوتاری پزیشکی و تەندروستییە پێش ھەموو شتێک و متمانەکردنە بە پسپۆڕانی ئەو بوارە" .


لەھەمانکاتدا دڵنیامان دەکاتەوە کە" لەئێستادا مرۆڤایەتی ھەموو شتێکی ھەیە بۆ بەڕەنگاربوونەوەی ئەم ڤایرۆسە، ئێستا وەک سەدەی ناوەڕاست نییە، و ئەم پەتایەش وەک پەتای تاعوونی ڕەش نییە، کەمرۆڤەکان نەزانن بەچی ئەمرن، یاخود چیبکەن بەرامبەری" . مادام ڤایرۆسەکە دۆزراوەتەوە و زاناکان لەھەوڵدان بۆ دۆزینەوەی چارەسەر و پێکوتە دژی ، و ڕێگاکانی خۆپاریزی زانراوە، ئەمانە ھەمووی ھیوایەک دەبەخشن بە مرۆڤایەتی .


بۆچی لای خەڵکی ئێمە پابەندبوون زەحمەتە و متمانە نەماوە ؟

 

 لەبەرئەوەی مرۆڤ پێش ھەمووشت پێویستی بەژیانکردن و پێداویستییە فسێۆلۆژیەکانێتی، بەپێی ھەرەمەکە و تیۆری پێداویستییە مرۆڤییەکانی _ماسلۆ _ بێت مرۆڤ پێش ھەموو شت پێویستی بە دابینکردنی پێداویستییە سەرەتایی و فسێۆلۆژیەکانێتی وەکو : خواردن و خواردنەوە ، ئاو و کارەبا ، شیڵتەر یاخود جێگای نیشتەجێبوون و بوونی شوێنی حەوانەوە ، سێکس و زۆربوون .

 

بە دەرەجەی دووەم پێداویستی ھەست کردن بە دڵنیایی و ئاسایش و سەلامەتی و جێگیربوون دێت کە ئەمیش بەشی دووەمی ھەرەمەکەیە ، بەدوای ئەودا پێداویستی ھەست کردن بە خۆشەویستی و ھاوڕێیەتی و پەیوەندییە کۆمەڵایەتیەکان دێن کەبەشی سێھەمی ھەڕەمەکە پێکدێنێت ، بەشی چوارەمی ھەڕەمەکە بریتییە لە ھەست کردن بە خودی خۆت و زیادبوونی سێڵف ستیم و پرستیج و دروستکردنی پێگەی کۆمەڵایەتییە ، کۆتا بەش و لوتکەی ھەرەمەکە بریتییە لە سەلماندنی کەسایەتی و بەناوبانگ بوون و داھێنان لەنێو کۆمەڵگادا ، ئەویش لە ڕێگای چالاکییە کۆمەڵایەتیەکان و توێژینەوە لە بوارە جیاوازەکاندا بۆ دروستکردنی تاکی ئاکتیڤ و چالاک و داھێنەر .

 

ھەر بۆیە کە کۆمەڵگایەک پێداویستییە سەرەتاییەکانی بۆ دابین نەکەیت و لەماڵەوە کەرەنتینی کەیت بەبێ مووچە و بێ بژێوی ژیان چاوەڕێی پابەندبوون و گوێڕایەڵی لێ مەکە. لەبەرئەوەی سروشتی مرۆڤایەتی وایە .


ھەر بۆیە زۆربەی حکومەتەکانی جیھان ، ئەوانەی کە بڕیاری کەرەنتین و لۆک داونییان داوە ، بژیوی ژیانی ڕۆژانەی ھاوڵاتیانیان دابین دەکەن، و هاوڕێیەکم کە تازە لە ئەڵمانیاوە گەڕاوەتەوە گێرایەوە ، کە تەنانەت ئەو شوێنانەی داخراون و ڕووبەرەکەیان لە(٨٠٠ )م دووجا گەورەترە مانگانە ٩٠٠یۆرۆ دەخرێتە سەر حسابە بانکیەکەیان چونکە لە ئێستادا ناتوانن ئیش بکەن و داخراون .


ئەوانەی لەڕووبەری ٦٠٠ م دووجا بچوکترن دەتوانن کاربکەن لە ژێر ڕێنماییە تەندروستییەکان و ڕێگا خۆپارێزییەکان . ئەمەم بە نموونە باسکرد بۆ ئەوەی بڵێم لەو وڵاتانە هەموو شت ڕێکخراوە و بڕیارێک نادەن ئەمڕۆ و سبەی لێی پەشیمان بن، وەکو ئەوەی لە لای ئێمە دەگوزەرێت .


من متمانەم بەدەسەڵات نەماوە و باوەڕم بە پەتاکە نییە ، لەئێستادا چیبکەم باشە ؟

 حەقی خۆتە باوەڕت نەمێنێت لەبەر زۆری ئەو سیناریۆیانەی لەم ووڵاتەدا ڕووئەدات . بەڵام سوکرات دەڵێت :" مرۆڤی ھۆشمەند و ئاقڵ ھیچ کات کارێک ناکات زیان بەخۆیی بگەیەنێ" . بۆیە مرۆڤی بە ئاگا ئەو کەسەیە کە ھیچ شتێک بە رەھایی نەقبووڵ دەکات، نەڕەتیدەکاتەوە . بۆیە لەئێستادا گومانکردن مافی خۆتە بەڵام خۆپارێزی مافی جەستەت و کەسوکار و کۆمەڵگایە بەسەرتەوە و تۆ هیچ کات زەرەر ناکەیت لە خۆپارێزی ئەگەر باوەڕت بە بوونی ڤایرۆسەکەش نییە .


دڵنیاش بە پزیشکێکی گەنج کە زۆربەی ماندویەتی و ھیلاکی بەسەرشانی ئەوەوەیە و بێ مووچە کاردەکات، ناچار نیە درۆت بۆ بکات و پێوبڵێ کە نەخۆشخانەکان پڕن لە تووشبوو بەم پەتایە و تەنیا دەیەوێت تۆ هۆشیار کاتەوە .


خۆپارێزی ..خۆپارێزی ..ئینجا خۆپارێزی .

 

 مەرج نییە خۆت زیندانی و کەرەنتین کەیت، بەڵام تکایە خۆتبپارێزە ، لەکاتی پێویست نەبێت مەچۆرە شوێنی قەرەباڵغ ، دوورکەوتنەوەی کۆمەڵایەتی باشترین ڕێگایە، ماسک و دەستکێش بەکاربێنە ئەگەر کارەکەت بەو جۆرەیە بەرکەوتەت لەگەڵ خەڵک زۆرە . ڕێگا ڕاستەکانی چۆنییەتی بەکارھێنانی ماسک و دەستکێش فێرببە، چونکە ئەگەر بەڕێگایەکی تەندروست بەکارینەھێنی زیانی زیاترە . زوو زوو دەستت بشۆ و ھەوڵ دە نەیدەیت لەدەمووچاوت . و باشترە پاکژکەرەوە کحوولیەکان ھەمیشە پێت بێت و زوو زوو دەستی پێ پاکژکەیتەوە .


دەبێت ھەموومان بزانین دواڕۆژی ھەموو مرۆڤایەتی بەندە بەو بڕیارانەی دەسەڵات و حکومەتەکان لەئێستادا دەیدەن، و پەتاکان لەمێژوودا کاریگەری زۆریان ھەبووە لە سەر چۆنیەتی ژیان و شارستانییەت، ھەربۆیە لەوانەیە ھەندێک لە دەسەڵات و حکومەتەکانی جیھان بڕیاری توند و ڕادیکاڵ بدەن لەسەر ئاستی سیاسی و ئابووری و خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان ، بەڵام نابێت ئەوەمان بیرچێت کە ئەو دەسەڵاتەی ئەم بڕیاڕە توند و تیژانە دەردەکات دەبێت نوێنەری گەل بێت ، خەمخۆر بێت ، گوتاری سیاسی و پزیشکی نەکات بە ڕێگایەک بۆ بەدەستھێنانی مەرام و بەرژەوەندییەکانی خۆیی .


لەئێستادا ئەوەی لەسەر تۆیە وەکو تاکێک .

خۆپارێزی ..خۆپارێزی ..خۆپارێزی ..

718 جار خوێندراوەتەوە