٢٩ ساڵ لەمەوبەر خەڵک نانی ھەبوو، بەڵام لەپێناو ئازادیدا
راپەری سەرتاپای کوردستانی باشووری بە کەرکوکیشەوە رزگار کرد، چەند شوێنێکی کەمی
کەرکوک مابوو رزگار بکرێت، حکومەتی عێراقی داوای دانوستانی کرد، بەڵام ھەندێ لە
سەرکردە لە خۆبایی بووەکانی ئەوسای کورد قبولیان نەکرد، پێیانوابوو بەعس لە ناو
دەچێ لێرەدا مێژوو تەواو دەبێت و ئەو سەرکردانە مێژوو دەنوسنەوە.
زۆری پێ نەچوو راپەرین خەڵتانی
خوێن کرا و کۆرەوی گەورەی خەڵکی کوردستان رووی دا، خەڵک وتیان نەخێر بۆ دەسەڵاتی
بەعس. بۆ جارێکی تر بەعسیش بەرامبەر ئەو نەخێرەی کورد نەیتوانی زۆر بەرگەبگرێت،
راپەرینی دووەمی تەموز و راپەرینی سێھەمی ١٠/٧ ش چەند بارە بۆوە بۆیە رژێم ناچار
بوو کوردستان چۆڵ بکات، خەڵک ھەوای ئازادی ھەڵمژی، ئەوەی جێی داخە و لێی دەترسین
ئەوەیە کە نەک ئازادی، بەڵکو نانیش بکەوێتە ژێر پرسیارێکی گەورەوە.
گروپێک یان دەستەیەک رۆژ بە رۆژ
قەبە دەبن و زل دەبن و دەولەمەند دەبن، ژمارەی ھەژارەکانیش وابروا روو لە زیاد
بوون دەبێت، ئەم حکومەتەی ئێمە تائێستا نەیتوانیوە نە دادی کۆمەلایەتی نە دادی
سیاسی دەستەبەر بکات لە وڵاتێکی دەولەمەندی وەکو کوردستاندا، ئەگەر خوێندنەوەیەکی
بابەتی فرە لایەنە و فرە رەھەند بکەین ھاوکێشەیەکمان بۆ دەردەکەوێت کە ئەویش دەبێتە
داخ و کەسەرەی دووەم ئەویش ئەوەیە کە لەچوار ساڵدا چوار گەورەترین کارەسات و
دەستکەوت کورد بەسەریدا ھاتووە و دەستی خستووە (ئەنفال ، راپەرین ، کۆرەو ،
ھەڵبژاردن و پێکھێنانی حکومەت) بەڵام تا ئێستا توێژینەوە و لێکۆڵینەوەی سیاسی و
کۆمەلایەتی وای بۆ نەکراوە کە بە بەری ئەو چوار رووداوە گەورەیەدا بێتەوە .
1123 جار خوێندراوەتەوە