کاتی هاتووە…..

کاتی هاتووە.....

لە دوای شکستی دەسەڵات لە هەرێم!!

دوای چارەسەرنەکردنی کێشەکانی نێوان ھەرێم و عێراق، دوای دەستوەردانی راستەوخۆی ئێران و تورکیا لە ھەرێم لە ھەمو رویەکەوە هەتا کار گەیشتۆتە ھێرشی راستەوخۆ.

دوای توندبونەوەی شەڕی ئاشکرای نێوان ئێران و گروپەکانی لەگەڵ ئەمریکا و ھاوپەیمانەکانی، کاتی ئەوە ھاتووە کورد داوای ئەوە بکات بچێتە ژێر چەتری «الوصاية الدولية» سەرپەرشتی نێودەوڵەتیی UN.


ھەرێم لە لێواری ھەلوەشاندنەوەدایە، (ی ن ک)و (پ د ک) لە ھەمو کەیسەکانی دەسەڵاتداری و حکومڕانیدا شکاون و شکستیان ھێناوە بەرامبەر عێراقیش رۆژ بەرۆژ لاواز و کەنەفت دەبێت، بۆ تورکیا و ئێرانیش بونەتە پاشکۆ.


بەم ئاراستەیەدا بڕوات ھەرێم لەباشترین ئەگەرەکان یان دەبێتە دوو ئیدارەیی یان دەبێتەوە بەچەند پارێزگایەک سەر بە عێراق (پ د ک)و  (ی ن ک) گرنگ نیە لایان چی دەگوزەرێ، گرنگ ئەوەیە حیزبەکانیان بمێننەوە گەر حیزبیش کەوتە مەترسیەوە گرنگ ئەوەیە دوو بنەمالەکەیان پارێزراو بێت، ھەرێم ھی ئەوان نیە ھی خەڵکەکەیەتی، سەروەری تاکی کوردیش لای ئەوان نیە بەڵکو لە مانەوەی قەوارەی ھەرێمە لەئێستادا.


 دەبێت چی بکرێت بۆ دەرباز بون لەم تەڵە گەورەیە و ھەرێم پارێزراو بێت، تاکە رێگە ئەوەیە خەلکە دڵسۆز و دەستەبژێر خوێندەوار و ڕاستگۆ و نیشتمانپەروەرکان…. ھتد، بیر لەوە بکەنەوە ھەرێم لەژێر دەسەڵاتی عێراق و ئێران و تورکیا و پ د ک و ی ن ک دەربھێنن وبیخەنە ژێر چەتری UN و لەژێر وصایەی دەولی بیپارێزن.


ھەرچەندە کارێکی قورس و ئاڵۆزە، چونکە عێراق سەروەری ھەیە و دەوڵەتێکی سەربەخۆیە و لەژێر بەندی حەوتی UN دەرچوە و زۆر دژ و بەربەست و بەرنگاری بۆ قوت دەبێتەوە ! بەڵام ھەلومەرجی ناوخۆیی و دەوروبەر و ناوچەکە و جیهانیش وا دەخوێنرێتەوە ئەو هەنگاوە ئێستا لەبار بێت.


بۆچی و لەچ کاتێکدا وصایەی دەولی دەتوانرێت ھەنگاوی بۆ بنرێت؟ کاتێک ناوچەکە ناسەقامگیری ئەمنی و سەربازی و دارایی و عیلاقاتی بەخۆیەوە ببینێت، ئێستا ھەرێم لەبەردەم هەمو ئەم ئالنگاریانەدایە.


ناوچەکەش خراپتر و خراپتر دەبێت، پەیوەندیەکانیش ئاڵۆزتر و باری دارایی و ئابوریش بەرەو لاواز بون، پەیوەندی ھەرێم و عێراقیش پر کێشەتر، لەلایەکی ترەوە شەری درۆن دژ بە ئەمریکا و وەڵامی ئەمریکاش بۆ ئەوان، داواکردنی عێراقیش بۆ دەرکردنی ھاوپەیمانان بونەتە بەربەست بۆ ئارامبونەوەی ناوچەکە.


گەر ئەمریکا عێراقی بەجێ ھێشت و هاتنە کوردستان و جێگیر بوو، چی رودەدات !؟ گەر هەرێمی کوردستانیشی بەجێھێشت چی رودەدات!؟ ھاوکێشەکە وەک خۆی بخوێننەوە و بیرێک لە وصایەی دەولیش بکەینەوە.

322 جار خوێندراوەتەوە