ترەمپ و بارزانی و كۆبانی

گومانی تێدا نییە ئەگەر تەنانەت سێڵفیەكیش لەگەڵ دۆناڵد جەی ترەمپی سەرۆكی ئەمریكادا بگریت بۆ خۆی بەهای گەورەی هەیە، ئەوەش بەخاتر ئەوەیە كە ئەو پیاوە وەك سەركردەی هەموو جیهان خۆی وێنا دەكات و سەرۆكێكی بەهێزە، لەگەڵ ئەوەشدا زۆر گرنگ نییە چونكە هەموو شتێك لە ئەمریكا بە پارەیە.

 

 

بەواتایەكی تر وێنەگرتن و بینینی ترەمپ دوو ئاراستەی هەیە، ئاڕاستەیەك كە پێمان دەڵێت:  چەند گرنگە لەگەڵ سەرۆكی هەموو جیهان دیدارێك ساز بكەیت، خۆ ئەگەر دیدارەكە لە سەر ئاستی جیهاندا بێت  و لە شوێنێكی گرنگی وەك داڤۆسدابێت.

ئاراستەیەكی تریش پێمان دەڵێت: كاتێك هەركارێك لە ئەمریكا بە پارە دەكرێت، ئایا دیدارێك لەگەڵ سەرۆك ترەمپ هیچ بەهایەكی دەمێنێتەوە؟

 

 

چاوپێكەوتنی سەرۆك دۆناڵد ترەمپ و سەرۆك نێچیرڤان ئیدیریس بارزانی وەك سەرۆكی هەرێم بەهایەكی گرنگی هەیە، بەتایبەتی لەم دۆخەی كە ناوچەكە بۆ ئەمریكا وەك ئاگر دەكوڵێت، ترەمپ ئامادە نییە لەگەڵ هیچكام لە سەرۆكەكانی ناوچەكە دانیشێت و تەنانەت بەشێكی زۆریشیان لە تیرۆری پلە حەوت تا سێی ئەمریكادان، بەڵام لەم قۆناغەدا سەرۆك ترەمپ و سەرۆك نێچیر بینینێكی زۆر گرنگ ئەنجام دەدەن، كە ئەوە یەكەم جارە لە گەورەترین كۆربەندی ئابوری جیهانیدا لەسەر ئاستی جیهان سەرۆكی وڵاتێكی بەهێز سەرۆكی هەرێمێكی بچوك دەبینێت.

 

 

ئەوەی لەم هاوكێشەیەدا قەبارەی هەرێم بچوك دەكاتەوە بریتییە لە جۆری بینینەكە، كە سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان زۆر بەتوندی جەختی لەسەر ئەو دیدارە كردوەتەوە و هەندێك كەسیش دەڵێن پارەیەكی خەیاڵی تێچووە تا توانراوە ئەو دیدارە بچوكە ڕێكبخرێت.

 

 

ئێستا هەرێمی كوردستان چاوی جیهانی لەسەرە، لەبەر ئەوەی خاوەنی وزەیەكی زۆرە، بۆیە سەرۆك ترەمپ زۆر بەجوانی ئەو وزەیە دەبینێت، بەڵام ئەوەش دەبێت باش بزانین كە سەرۆك ترەمپ ئەوەش دەبینێت كە تەنها لە چەند ڕۆژدا نزیكەی 10 كەس لە هەرێمی كوردستان كوژراون ئەوەش بۆ ناوبانگی هەرێم لە رووی دیموكراسی و ئازادییەوە كاریگەریی هەیە و بێگومان ئەمریكا ئەوە وەك خۆی دەبینێت.

 

 

من نازانم ئەوكەسانە بۆكوژراون بەڵام دەزانم ئەو ژمارە زۆرە كوژراوە، لە ماوەی چەند ڕۆژێكدا، بێگومان جیهان دەیبینێت، ئەوەش لە رووی نێودەوڵەتیەوە ناوبانگی هەرێمی كوردستان دەشكێنێت و دەیشێوێنێت، پێویستە سەرۆك نێچیرڤان بارزانی ئەو ڕاستیانەی هەرێم ببینێت، چونكە ئەمریكیەكان زۆر بەجوانی ئەوەش دەبینن.

 

 

لەلایەكی تریشەوە هەرێمی كوردستان دەبێت ئەوە بزانێت كە وڵاتەكەی چاوی جیهانی لەسەرە،  بۆیە دەتوانێت بەهێزتر لەوەی  كە هەیە دەربكەوێت، وێنەكە گەورەتر نیشانی جیهانی دەرەوە بدات، بەتایبەتی لەكاتێكدا داڤۆس ئەنجام دەدرێتة سەرۆك ترەمپ و سەرۆك بارزانی كە یەك دەبینن دەبێت وێنەیەكی بەهێزی هەرێم نیشانی ئەمریكا بدات.

 

 

ئێستا لە جیهاندا هەرێمی كوردستان و هەرێمی ڕۆژئاوی كوردستان دوو نمونەی بەهێزی گرنگی كوردین لە ناوچەكەدا كە چاوی جیهان و ئەمریكای لەسەرە،  بێگومان ئەمریكا هیچكامیان فەرامۆش ناكات، هەردوو هەرێمەكە لە چاوی واشنتن و كۆشكی سپی و وەزارەتی دەرەوە و بەرگریدا بینینی تایبەتی بەخۆیان هەیە و نرخ بۆ هەموو جوڵەكانی دەكرێت.

 

 

 لەڕاستیدا لە رووی نێودەوڵەتیەوە ڕۆژئاوای كوردستان چاوی زۆر گەورەی لەسەرە وەك هەرێمی كوردستان، ئەوەش پەیوەندی بە دۆخی شەر و ئاڵۆزیەكانی ناوچەكەوە هەیە و ئەو نمونە جوانەی كە ڕۆژئاڤا نیشانی جیهانی داوە.
هەر ئەو وێنە گەورەیەش بوە هۆی ئەوەی كە سەرۆكی ئەمریكا چەندین جار ژەنراڵ مەزڵوم كۆبانێ بە پاڵەوانی ڕاستەقینە سەیربكات و خۆی داوای بینینی بكات و بانگێشتی فەرمی بكات بۆ كۆشكی سپی ، ئەوە لەكاتێكدایە بەدرێژای مێژوو هیچ شەركەرێكی كورد بەوشێوە گەورەیە پێشوازی لێنەكراوە لە كۆشكی سپی.

 

جیاوازی بینینەكەی سەرۆك ترەمپ و سەرۆك بازرانی لەگەڵ بینینەكەی سەرۆك ترەمپ و ژەنراڵ مەزڵوم كۆبانێ لەوەدایە، كە مەزڵوم دەیەوێت وێنەی ڕۆژئاوا بەهێزتر نیشان بدات و بەخەڵك و ئەمریكا بڵێت ئێمە پشت بە ماتریاڵی خۆمان دەبەستین نەوەك دەرەكی و هەروەها ئێمە لەسەر ئەمری واقیع سەیری هاوكێشەكە دەكەین كە خۆمان خاوەنی ئایدەلۆژیای بەڕێوە بردنی وڵات و ئابوری و ئایدەلۆژی خۆمانین،هەر لەو گۆشەیەشەوە بەگرنگی ناڕوانێتە بینینەكەی سەرۆك ترەمپ و بەدەم داواكاریەكەی كۆشی سپیەوە ناچێت.

 


لەبەرەمبەردا سەرۆك نێچیرڤان بەرزانی پارەیەكی زیاتر  دەخاتە خزمەت بینینەكەی سەرۆك ترەمپەوە و خۆی داوای بینینەكەی كردووە  دەیەوێت كار لەسەر ئەوەبكات كە گرنگی بە هەبونی پشتیوانی ئەمریكا بۆ هەرێمی كوردستان بدات، لەكاتێكدا دەبوو سەرۆك نێچیر كردەیەكی وەیای بكردایە كە ترەمپ خۆی داوای بینینی  سەرۆكایەتی هەرێمی بكردایە و بەگرنگتر وێنەی هەرێم نیشانی جیهان بدرایە.

 


لەڕاستیدا دۆخی ڕۆژئاڤای كوردستان و باشوری كوردستان دوو كەشو هەوای جیاوازن بە نیزبەت ئەمریكاوە، بەڵام ئەوەی ڕۆژئاوا دەیكات بۆ نیشاندانی شكۆی ناوچەكەی خۆی بەلایەنی كەمەوە لە رووی دیموكراسی و مافەكانی مرۆڤ و ئازادی ڕادەربڕین وئازادی میدیایی  ئەوانی دیكە، لە هەرێمی كوردستان زۆر باشتر بووە، هەر لەبەر ئەوەشە سەرۆك ترەمپ بەگرنگیەوە باس لە ڕۆژئاوای كوردستان دەكات.

 


ئێستا هەرجۆرێك بێت ئەركی هەرێم و ڕۆژئاوا ئەوەیە بەهەر جۆرێك بوە بە شكۆوە مامەڵە لەگەڵ دۆخەكەدا بكەن و ئەو ئاڵۆزی و خامزیەی لە ناوخۆی سنوری دەسەڵاتەكەیاندا هەیە بیڕەوێننەوە و وێنەكە بەگەورەتر ببینن، چونكە گۆڕانكاریەكانی ناوچەكە لە قازانجی كوردەكاندایە، پێویستە دیموكراسی، مافەكانی مرۆڤ، ئازادی میدیایی، چاكسازی ئیداری لە وڵاتەكەیاندا بكەن، ئەوەش وادەكات رووی هەرێم سپیتر دەربكەوێت لە پەنجەرەی بینینەكانی ئەمریكادا، چونكە هەموو جوڵەیەك لە ئەمریكا بەهای خۆی هەیە

1095 جار خوێندراوەتەوە