دەمێکە
خەڵک ناڕازییە و تەنها لە ساڵێکدا، هەزار خۆپیشاندانێک و گردبوونەوەی ناڕەزایی چین
و توێژەکان، لە خاوەن پارەکانی بانکەکان، خوێندکاران، مامۆستایان و کرێکاران
ڕویانداوە(بەدانپیانانی ڕەحمان فەزڵی وەزیری ناوخۆ) بەڵام ڕوماڵی میدیای ئێران و
بێسەرکردەیی ناڕەزایەتییەکان خامۆشی کردوونەتەوە.
دۆخی ئابووریی ئەوە هەر باس ناکرێت و
چوونەدەرەوەی پارەی ئێران بۆ سوریا، لوبنان و یەمەنیش با بوەستێت.
بەڵام یەکێک لە کێشە
هەرە قوڵەکانی ئێران ، کە قەیرانێکە و لە 2009ەوە درێژەی هەیە، ئەوەیە هەڵبژاردن و
هەڵبژێردراوەکانی ناو پرۆسەکە و زمامدارانی ئومور، ناتوانن نوێنەری ڕاستەقینەی
دەنگدەران بن(بەجۆرێک لە جۆرەکان هاوشێوەی عێراق و گومان لە هەڵبژاردنی و تەوزیعی
کورسییەکان)، لەبەر چەند هۆیەکی سەرەکی:
۱. شورای
نیگەهبان (ئەنجومەنی پاراستنی دەستور) مافی ئەوەی هەیە هەموو کاندیدەکان پاڵفتە بکات،
بۆیە چەند هەڵبژاردنی دوایی ڕێژەی کاندیدی ڕەتکراوەی سەرۆکایەتی و شارەوانی و
پەرلەمان چەند بەرامبەری ڕێگەپێدراوان بوون. بەمەش دەستی یەکی کاندیدی خەڵک
ڕەتکرانەوە و ناچار خەڵک لەنێوان خراپ و خراپتردا هەڵیان دەبژارد.
خودی
ڕۆحانی ئیسڵاحی نەبوو، بەڵام لە بێکەسیدا خاتەمی کردییە کاندیدی خۆی.
۲. لە
دوای 2009ەوە دەوڵەت و نیزام بە خەستی خەریکی لادان و کۆتکردن و دەسگیرکردنی
نەیارە ناوخۆییەکانێتی، شۆڕش لەم ساڵانەدا زۆر سەرقاڵی خواردنی کوڕەکانی خۆی بوو.
۳. جیا
لەمانەش خودی دەستور شیعەمیحوەری دوانزە ئیمامییە و ویلایەتی فەقیهیش لەسەروو
ئەوەوە، هەر کاندیدێک دەبێت وەلای بۆ ئەو بنەمایە هەبێت نەک تەنها شیعەبێت ئەبێت
ئینقلابیی و ئیسلامییش بێت.
ئەمە
ئۆتۆماتیک کاندیدە غەیرە لایەنگرەکانی ئەم بۆچوونە ڕەتکدەکاتەوە و مافی بەشدارییان
پێنادات.
۴. ئیتر
با جیاکارییە نەتەوەیی و زمانیی و ئاینیی و ئاینزاییەکانی دیکەش بووەستێت.
ئەمانە و فشارە
دەرەکییەکان شەرعییەت و نوێنەرایەتی لاوازکردووە و هیچ دەزگایەک ناتوانێ بە
هەڵبژاردنەوە شانازی بکات، چونکە لە بنچینەدا کاندید و بەرپرسانی ئێستای حکومەت و
پەرلەمان نوێنەری نوخبەی حاکم و خامەنەیین نەک نوێنەری پلەیەکی خەڵک.
922 جار خوێندراوەتەوە